ڕێکخراوێکی ئەمەریکایی دەڵێت تورکیا و ئێران لە ساڵێکدا، 1649 جار خاکی کوردستانیان بۆردومان کردووە

ڕێکخراوی ئەمەریکایی 'تیمە ئاشتیخوازەکانی کۆمەڵگە'(CPT) ڕایدەگەیەنێت، تەنها لە ساڵی ڕابردوودا 1649 جار، تورکیا و ئێران بە فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و مووشەک خاکی هەرێمی کوردستانیان بۆردومانکردووە کە لە ئەنجامدا 11 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و 13ی دیکەش برینداربوونە و زیاد لە 600 گوندیش مەترسی چۆڵبوونیان لە سەرە.

کامەران عوسمان بەر پرسی دیکسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە ساڵی 2023، تورکیا 1548 جار بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بە جۆرێک زۆرینەی بۆردومانەکان لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگیەوە بووە کە ژمارەیان 1159 هێرش بووە، هەروەها 228 جاریش بۆردومانەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە، ئەوانی دیکەی بە هەلیکۆپتەر و تۆپباران و تەقەکردنەوە بووە، وڵاتی ئێرانیش 101 جار بۆردومانی خاکی هەرێمی کوردستانی کردووە."

بە پێی بە دواداچوونەکانی دەنگی ئەمەریکا، بە شێکی زۆر لە گوندنیشەکانی ناوچە سنورییەکان، لە ترسی سوڕانەوەی بەردەوامی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی وڵاتان ناتوانن کشتوکاڵ و ئاژەڵداری بکەن، بەو پێیە لە ناکاو بۆردومان ڕوودەدەن و هاووڵاتی مەدەنی گیان لە دەستدەدان.

قایمقامی قەزای ماوەت، ڕایدەگەیەنێت،" بۆردومانەکان بە دڵنیایەوە ترس و دڵە ڕاوکێی دروستکردووە، چونکە نازانرێت لە چ کات و ساتێک بۆردومانی فڕۆکەکان هەیە، بۆیە هەندێک گوند دانیشتوانەکەی بەهۆی کۆچەوە بەرە و کەمبوون ڕۆشتوون."

کامەران حەسن قایمقامی قەزای ماوەت لە ناوچەی شارباژێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بۆردومانەکانی ئەمداوییە بە فڕۆکەی جەنگی کراوە واتا بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان نەکراوە، لە سنوری ئێمە گووندەکانی گەڵاڵە و سەفرە و قامیش مەترسی بەردەوام لەسەر ژیانی دانیشتوانەکەیەتی، هەر هەفتەی پێشوو ماڵی هاووڵاتیەکی مەدەنی کرایە ئامانج، ئەمەش پێشهاتێکی مەترسیدارە."

بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی کە ڕێکخراوێکی بواری مافەکانی مرۆڤە و کار لەسەر بە دۆکیۆمێنتکردن و بە داتاکردنی بۆردومان و هێرشەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان دەکات ، ئەوەی خستە ڕوو پشکی شێر لە بۆردمانەکان بەر پارێزگای هەولێر کەوتووە، چونکە لە کۆی 1649 بۆردومانی خاکی کوردستان، 575 بۆردومانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی سنوری هەولێر بووە، لە دوای ئەوەش پارێزگای دهۆک بە پلەی دووەم کە 517 جار بۆردومانکراوە و سلێمانیش 420 جار هێرشیکراوەتە سەر و دواتر پارێزگای نەینەوا بە دیاریکراوی شەنگال و گووندی خازلیەش 36 جار بۆردومانکراوە.

ڕۆژی سێشەممە 6ی مانگی دووی 2024، یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گواراک، سوپاسالاری ئەو وڵاتە گەشتنە هەولێر و لەلایەن شۆڕش ئیسماعیل وەزیری پێشمەرگە و سەفین دزەیی بەرپرسی فەرمانگەی میدییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان پێشوازیان لێکرا و دواتر لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەت کۆبوونەوە، دوایی کۆبوونەوەکەش پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕاگەیەندراوێکدا ئاماژەی بۆ ئەوەکرد،" لە کۆبوونەکەدا پەیوەندی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆماری تورکیا و هەماهەنگی هەردوولا بەمەبەستی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە گفتوگۆی لە بارەوە کرا، دواتر مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئاماژەی بۆ ئەوەکرد حکومەتی هەرێمی کوردستان لەم ناوچەیەدا دەیەوێت فاکتەرێکی سەقامگیری و ئارامبێت و نایەوێت هۆکاربێت بۆ تێکدانی ئاسایشی هیچ ناوچەیەک."

کامەران عوسمان بەرپرسی دیکسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی سی پی تی ئەمەریکی ئەوەشی بەدەنگی ئەمەریکا وت،" لە ئەنجامی بۆردومانەکان لە ساڵی 2023، 11 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەستداوە و 13 دیکەش برینداربوونە و 161گوندی ناوچە

سنورییەکانی هەرێمی کوردستان لە هەمان ساڵ بەتەواوی چۆڵکراوە بە هۆی مەترسی بۆردومانەوە و زیاد لە 600 گوندی دیکەش مەترسی چۆڵبوونیان لەسەرە، چونکە گیانی گوندنشیان بە هیچ شێوەیەک سەلامەت نیە."

ڕێکخراوی سی پی تی ، لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەیان ئەوەیان خستەڕوو لە ساڵی 2015 ەوە تا سەرەتای ساڵی 2024، لە ئەنجامی بۆردومانە بەردەوامەکانی هەروو وڵاتدا 150 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لەدەستدا و 228 ی دیکەش برینداربوونە و ژمارەکەش بەردەوام لە زیادبووندایە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دیار جەمال