مامۆستایەکی ئایینی کورد لە ئێران سزای لەسێدارەدان و 16ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد

مامۆستایەکی ئایینی کورد بە ناوی مامۆستا محەممەد خزرنەژاد کە لە کاتی خۆپیشاندانەکانی دوای گیانلەدەستدانی ژینا لە شاری بوکان لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی ئەو شارەوە دەستبەسەر کرابوو، لەلایەن دادگایەکی ئێرانەوە بە تۆمەتی ' گەندەڵی لەسەر زەوی '(افساد فی الارض)، " زیان گەیاندن بە یەکپارچەیی یان سەربەخۆیی وڵات " و " پڕوپاگەندە دژی حکومەت " سزای لەسێدارەدان و 16 ساڵ زیندانیکردنی بەسەردا دەسەپێندرێت.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە ڕاپۆرتێکدا ڕۆژی شەممە، 10ی مانگی دوو ڕایگەیاند مامۆستا محەممەد خزرنەژادی تەمەن 45 ساڵ کە لە میانەی خۆپیشاندانەکانی ژینا دەستبەسەرکرا، لەلایەن لقی 3ی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی شاری ورمێوە بە سەرۆکایەتی دادوەرێک بە ناوی ڕەزا نەجەفزادە، بەو تۆمەتە ئاماژە پێکراوانە، سزای لەسێدارەدان و زیندانیکردنی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕێکخراوەکە لە زاری سەرچاوەیەکی ئاگادارەوە لە شاری ورمێ ڕایگەیاندووە دادگاییکردنی مامۆستا خزرنەژاد لە چوار دانیشتنی کورتدا بەڕێوەچووە کە دوا دانیشتنیان لە مانگی 10 ی ساڵی ڕابردوودا بە شێوەی ڤیدیۆ کۆنفرانس و بەبێ مافی پارێزەر بەڕێوەچووە و دادوەرەکە بەبێ گوێگرتن لە ڕوونکردنەوەکان و قسەکانی تۆمەتبارەکە، تەنها بە پشتبەستن بە ڕاپۆرتی وەزارەتی ئیتلاعات، سزای لەسێدارەدان و 16 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر ئەو مامۆستا ئایینیەدا سەپاندووە.

سەرچاوەکە بە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستانی ڕاگەیاندووە محەممەد خزرنەژاد لە ماوەی 3 مانگ و نیودا لە ژووری تاکەکەسی دەستبەسەرگەی ئیدارەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆرەملێ ڕووبەڕووی قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی بووەتەوە.

مامۆستا محەممەد خزرنەژاد لە میانەی خۆپیشاندانەکانی ژن، ژیان، ئازادی، لە مانگی یازدەی ساڵی 2022 لەگەڵ کوڕەکەی یاسر خزرەنژاد لە ماڵەکەی خۆیدا لە لایەن هێزەکانی ئیدارەی ئیتلاعاتەوە دەستبەسەر کرا و بۆ ماوەی زیاتر لە سێ مانگ لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی شاری ورمێ لە ژێر قورسترین ئەشکەنجەی جەستەیی و دەروونی ناچار بە دانپێدانان کراوە لە دژی خۆی. کوڕەکەی ئەو مامۆستا ئایینیە دوای چەند ڕۆژێک لەدەستبەسەربوونی ئازاد کراوە.

بە گوێرەی هەواڵەکان، دەستگیرکردنی مامۆستا محەممەد خزرنەژاد دوای مەراسیمی یادکردنەوەی ئەسعەد ڕەحیمی یەکێک لە کوژروانی خۆپیشاندانەکانی ژینا بووە کە تیایدا لە مزگەوتی فەخری بوکان وتارێکی پێشکەش کردووە و ڕەخنەی لە حکومەت و شێوازی مامەڵەکردنی لەگەڵ هاووڵاتیانی ناڕازیدا گرتووە.