دکتۆر موسەنا ئەمین: پەرلەمانمان چۆڵنەکرد بۆ کەسانێک کە دەیانەوێت عێراق ڕاكێشنە شەڕێکەوە کە هی عێراقیەکان نییە

Muthana Ameen

پەرلەمانتارێکی کوردی بەشدار لە دانیشتنی ئەمڕۆی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق تایبەت بە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ڕایدەگەیەنێت، بە دوو ئامانج بەشداریان لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا کردووە، یەکەم بۆ ڕێگری کردن لە پەرتەوازە نەبوونی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق و دووهەمیش چۆڵنەکردنی ساحەی پەرلەمان بۆ کەسانێک کە دەیانەوێت پێکهاتەکان ڕاکێشنە شەڕێکەوە کە شەڕی عیراقیەکان نییە.

ئەمڕۆ 10-2-2024، دانیشتنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە بەشداری کەمتر لە 100 پەرلەمانتار تایبەت بە پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق ئەنجامدرا، لە کۆی 63 پەرلەمانتاری کورد، تەنها 2 پەرلەمانتار بەشداراین کرد.

پەرلەمانتارە کوردە بەشدابووەکان پێکهاتبوون لە هەریەکە لە سۆران عومەر، پەرلەمانتاری کۆمەڵی دادگەری و دکتۆر موسەنا ئەمین، پەرلەمانتاری یەکگرتووی ئیسلامی.

لە بارەی بەشداری کردنی لە دانیشتنەکەی ئەمڕۆدا، دکتۆر موسەنا ئەمین، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،" پێمان باش بوو بەشێک لە کورد بەشدار بن، تا ئەو ڕایەی کورد هەیەتی بیگەیەنین بەم کۆبوونەوەیە، نابێت ساحەی پەرلەمان بەجێبهێڵین بۆ ئەو برادەرانە هەرچی بیانەوێت بیڵێن، نابێ دەرفەتێکیش دروستبکەین کە ڕق لە نێوان پێکهاتەکان دروست ببێت."

وتیشی،" چونکە ئەم بابەتە بۆ بەشداربوانی کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ زۆر گرنگە، ئەگەر سبەی هەر بابەتێک هەبوو تایبەت بە خەڵکی هەرێمی کوردستان ئەوانیش بایکۆتیان کرد ئەو کات چی بکەین؟"

پرسی کشانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا یەکەم جار نییە لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق مشتوومڕ دروست بکات، پێشتر لە ساڵی 2020 ئەم بابەتە جارێکی تر بردرایە پەرلەمان و بە کی دەنگ پەسەندکرا، بەڵام بڕیارەکە جێبەجێ نەکرا.

دووبارە تاوتوێکردنەوەی ئەم بابەتە لە دوای هێرشی گروپە چەکدارەکانی ئەم دوایەی عێراق بۆ سەر هێزەکانی ئەمەریکا لە عێراق و وەڵامەکانی ئەمەریکا دێت بۆسەر ئەو گروپانە و کوژرانی چەند سەرکردەیەکی ئەو گروپانە دێت کە بە هێزی نزیک لە ئێران ناسراون.

لە کۆی 320 ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، کورد و سونە و بەشێک لە شیعەکان بەشداریان لە دانیشتەکەدا نەکرد، لە کۆی 180 پەرلەمانتاری شیعەش کەمتر لە 100 پەرلەمانتار بەشدار بوون کە بە نزیک لە ئێران دادەنرێن.

دکتۆر موسەنا وتی،" ئەوەی پێویست بوو کورد بە ئەوانی بڵێت وتمان، بە نموونە هەموو پێکهاتەکانی ناو حەشد دەبێت بە ئەمری سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی عێراق بجوڵێنەوە، بەڵام پێم سەیرە هەندێک لە گروپە چەکدارەکان کرداری سەربازی وا دەکەن کە سەرۆکوەزیرانی عێراق ئیدانەی دەکات، کەواتە بە بڕیاری کێ هەڵدەستن و دادەنیشن و ئەجێندای کێ جێبەجێدەکەن، ئایە گروپێکی چەکدار مافی ئەوەی هەیە کە ئێمە ڕاکێشێتە ناو شەڕێکەوە کە ئێمە دەنگمان لەسەر نەداوە؟"

بە قسەی دکتۆر موسەنا، ئەمڕۆ بەشیک لە پەرلەمانتارانی بەشدار، کورد و سونەیان بە " خیانەتکار" لە پای بەشداری نەکردنیان تۆمەتبار کردووە.

دکتۆر موسەنا وتی،"ئەمڕۆ لە ناو پەرلەمان بەشداری نەکردنی کورد و سونەیان بە خیانەت وەسف کرد و بە خزمەت کردنی ئەجێندای بێگانە لە قەڵەمدا. "

هەرچەندە یەکێتی و پارتی خاوەنی زۆرترین کورسی کوردن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەڵام بەشداری دانیشتنەکەی ئەمڕۆیان نەکرد.

کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند، "ئێمە لەگەڵ ئەوەین بە شێوازی گفتووگۆ لە نێوان حکومەتی عێراق و هاوپەیمانان و ئەمەریکا چارەسەرێک بۆ ئەم کێشەیە بدۆزرێتەوە، درۆن و هێرشکردنە سەر یەک چارەسەر نییە، دەبێت بە گفتووگۆ چارەسەرێک بۆ ئەم بابەتە بدۆزرێتەوە."

هەرچی پەرلەمانتارێکی پارتیە دەڵێت، مانەوەی ئەمەریکا بە پێویستی بۆ ئەمنیەتی عێراق دەزانن بۆیە بەشداریان نەکردووە.

یادگار مەحموود پەرلەمانتاری پارتی، بە دەنگی ئەمریکای ڕاگەیاند،"بەشداری نەکردنمان لە پێناو بەرژەوەندی گشتی گەلانی عێراقدایە، چونکە بە گەڕانەوەی هێزەکانی ئەمەریکا ئەو نیمچە ئیستیقڕاریەتەی لە عێراق هەیە ئەویش نامێنیت، مانەوەی هێزەکانی هاوپەیمانان لە ئێستادا پێویست و زەروریە."