ئێران، ڕوسیا، چین و کۆریای باکوور چۆن زیرەکی دەستکرد بۆ سیخوڕی و بەئامانجکردنی نەیارەکانیان بەکاردەهێنن

بەپێی ڕاپۆرتێک کە ڕۆژی چوارشەممە، 14ی مانگی دوو بڵاوکراوەتەوە، هاکەرەکانی سەر بە دەوڵەت لە وڵاتانی ڕووسیا، چین و ئێران، ئامرازەکانی زیرەکی دەستکردی 'ئۆپن ئەی ئای' (OpenAI) کە لەلایەن مایکرۆسۆفتەوە پشتیوانی دەکرێت، بەکاردەهێنن بۆ بەهێزکردنی لێهاتووییەکانیان و فێڵکردن لە ئامانجەکانیان.

کۆمپانیای مایکرۆسافت (MSFT.O) لە ڕاپۆرتەکەیدا ڕایگەیاندووە بە پێی بەدواداچوونەکانی کە بۆ گروپە هاککەرەکانی سەر بە هەواڵگری سەربازی ڕووسیا و سوپای پاسدارانی ئێران و حکومەتی چین و کۆریای باکووری کردووە، بۆی دەرکەوتووە هاککەرەکانی سەر بەو حکومەتانە لە هەوڵدان بۆ پەرەدان بە هەڵمەتەکانی هاککردنەکانیان لە ڕێگای بەکارهێنانی مۆدێلی زمانی بەرفەراوانە.

'مۆدێلی زمانی بەرفەراوان' ( LLM ) ئامڕازێکی زیرەکی دەستکردە کە بۆ تێگەیشتن و بەرهەمهێنان و وەڵامدانەوەی زمانی مرۆڤ داڕێژراون. بە زمانی بەرفەراوان ناو دەبرێن چونکە ملیارەها پارامێتەریان تێدایە کە ڕێگەیان پێدەدات نەخشە ئاڵۆزەکان لە داتاکانی زماندا پرۆسێس بکەن. مۆدێلی زمانی بەرفەراوان توانای تێگەیشتن و بەرهەمهێنانی دەقی هاوشێوەی مرۆڤیان هەیە. ئەوان لەسەر کۆمەڵە داتایەکی فراوان ڕاهێنراون کە زۆرجار لە ئینتەرنێتەوە کۆدەکرێنەوە.

لە ئێستادا کۆمپانیاکەی مایکرۆسافت بەکارهێنانی بەرهەمەکانی زیرەکی دەستکردی خۆی بۆ تەواوی گروپە هاککەرەکان کە لەلایەن حکومەتەکانەوە پشتگیری دەکرێن، ڕاگەیاندووە.

ئاژانسی هەواڵی ڕۆیتەرز کە ئەم هەواڵەی بڵاو کردووەتەوە نووسیوێتی بەرپرسانی دیپلۆماسی ڕووسیا و کۆریای باکوور و ئێران وەڵامی پرسیارەکانی ئەو ئاژانسەیان لەسەر ئەو تۆمەتانەی دراوەتە پاڵیان. نەداوەتەوە.

لیو پانگیو، گوتەبێژی باڵیۆزخانەی چین لە ئەمەریکا ڕایگەیاندووە "دژی چەواشەکاری و تۆمەتی بێ بنەمام لە دژی چین و داکۆکی لە جێگیرکردنی تەکنەلۆژیای زیرەکی دەستکرد سەلامەت و متمانەپێکراو و کۆنترۆڵکراو دەکەم کە لە خزمەتی ئاسایش و ئارامی مرۆڤایەتیدایە."

بانگەشەکان سەبارەت بە هاککەرەکانی سەر بە دەوڵەتەکان کە ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد بەکاردەهێنن بۆ یارمەتیدانی بەرزکردنەوەی توانا سیخوڕییەکانیان، نیگەرانییەکانی لەبارەی بڵاوبوونەوەی خێرای ئەم تەکنەلۆژیایە و ئەگەری خراپ بەکارهێنانی زیاتر کردووە.

بەرپرسانی باڵای ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە ڕۆژئاوا لە ساڵی ڕابردووەوە هۆشداری دەدەن سەبارەت بە خراپ بەکارهێنانی ئەو جۆرە ئامرازانە لەلایەن ئەکتەرە تێکدەرەکانەوە، هەرچەندە وردەکارییەکانیان لەو ڕووەوە نەخستووەتەڕوو.

باب ڕاتستێد، بەڕێوبەری هەواڵگری هەڕەشەی ئاسایشی ئەلیکترۆنی لە کۆمپانیای 'ئۆپن ئەی ئای' دەڵێت "ئەمە یەکێکە لە یەکەم نمونەکان کە کۆمپانیایەکی زیرەکی دەستکرد بە شیوەیەکی گشتی و بە ئاشکرا باس لە چۆنییەتی بەکارهێنانی زیرەکی دەستکرد و هەڕەشەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی دەکات لەلایەن ئەو ئەکتەرانەوە."

کۆمپانیای ئۆپن ئەی ئای ڕایگەیاندووە بەکارهێنانی ئامرازەکانی زیرەکی دەستکرد لەلایەن هاککەرەکانەوە لە قۆناغی سەرەتاییدا بووە کە هەوڵی فەراوانکردنی چالاکی و تواناکانی داوە و دەشڵێت هیچ کامیان نەیانتوانیوە هیچ پێشکەوتنێک لە سیخوڕیکردنی ئەلیکترۆنیدا بەدەست بهێنن.

لە ڕاپۆرتەکەی مایکرۆسافتدا باس لە شێوە جیاوازەکانی بەکارهێنانی مۆدێلی زمانی بەرفەراوان کراوە لەڕیگای هاککەرەکانەوە و دەڵێت "هاککەرەکانی دەزگای سیخوڕی سەربازی ڕووسیا ئەو مۆدێلانەیان بەکارهێناوە بۆ لێکۆڵینەوە لە "تەکنەلۆژیای جۆراوجۆری مانگی دەستکرد و ڕادار کە ڕەنگە پەیوەندییان بە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیانەوە هەبێت لە ئۆکرانیا".

دەشڵێت "هاکەرەکانی کۆریای باکوور ئەو مۆدێلانەیان بەکارهێناوە بۆ دروستکردنی بابەت و دەق کە پێدەچێت بۆ بەکارهێنان بێت لە هاککردنی ئیمەیڵ و دزینی زانیاری کەسی لە قوربانییەکانیان و کەسایەتییەکان."

مایکرۆسافت دەڵێت هاکەرە ئێرانییەکان پشتیان بەو مۆدێلانە بەستووە بۆ نووسینی ئیمەیڵی قەناعەتپێکەرتر و لە قوناغێکدا لە هەوڵدابوون بۆ داڕشتنی پەیامێک لە ڕێگای ئەو مۆدێلە زمانییەوە بۆ ڕاکێشانی "فێمینیستە دیارەکان" بۆ ناو ماڵپەڕێک وەک تەڵەی خوودی حکومەتی ئێران.

کۆمپانیاکە دەشڵێت "هاکەرەکانی چینی کە دەوڵەت پشتگیریان دەکات، تاقیکردنەوەی مۆدێلی زمانی بەرفەروان دەکەن، بۆ نموونە بۆ پرسیارکردن سەبارەت بە دەزگا هەواڵگرییە ڕکابەرەکان، کێشەکانی ئاسایشی ئەلیکترۆنی و سەبارەت بە کەسایەتییە دیار و ناودارەکان."

هەر لەم چوارچێوەیەدا ماوەیەک پیش ئێستا 'سی بی ئیس نیوز' ڕایگەیاند کە لێکۆڵینەوەیەکی نوێی کۆمپانیای مایکرۆسافت دەریخستووە کە پێدەچێت ڕووسیا و ئێران و چین لە هەوڵدا بن بۆ دەستوەردان و کاریگەربوونیان لە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ساڵی 2024 لە ئەمەریکا و هەڵبژاردنە گرنگەکانی دیکەی وڵاتانی دیکەی جیهان.

بەپێی ڕاپۆرتەکەی سی بی ئێس نیوز، چاوەڕوان دەکرێت ئەو سێ وڵاتە هەوڵی داڕشتنی ئەو ئەنجامانە بدەن کە لە ڕوانگەی جیۆپۆلەتیکییەوە لە بەرژەوەندی ئەواندا بێت.

سی بی ئێس نیوز ڕایگەیاندبوو کە بە پێی ناوەندی شیکاری هەڕەشەکانی مایکرۆسافت، بۆ ڕووسیا، ئێران و چین، سەرۆکی داهاتووی ئەمەریکا ئاراستەی ململانێکان دیاری دەکات؛ کە ڕەنگە شەڕ ڕووبدات یان ئاشتی بەرقەرار بێت.

ڕاپۆرتەکە بە ئاماژەدان بە گرنگی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکا باسی لەوە کردبوو کە زۆر بەدووری دەزانێت کە ئەو وڵاتانە هیچ هەنگاوێک بۆ دەستوەردان لە هەڵبژاردەنەکانی ئەمەریکا نەگرنەبەر.

شیکارییەکانی مایکرۆسافت هەروەها ئەوەیان خستبووەڕوو کە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی 2024 ی ئەمەریکا دەتوانێت یەکەم هەڵبژاردن بێت کە تێیدا "چەند ئەکتەری دیکتاتۆر، لە یەک کاتدا، هەوڵی دەستوەردان و کاریگەری لەسەر ئەنجامی هەڵبژاردنەکان دەدەن."

سەرچاوەکان/ ڕۆیتەرز/سی بی ئێس نیوز