گیانلەدەستدانی ئەلێکسی ناڤاڵنی لە زیندان کاردانەوەیەکی بەرفراوانی لێدەکەوێتەوە

هەواڵی گیانلەدەستدانی ئەلێکسی ناڤاڵنی، یەکێک لە سەرکردە دیارەکانی ئۆپۆزسیۆنی ڕووسیا و ناسراوترین نەیارانی پوتن لە زیندانێکی ڕووسیادا، کاردانەوەی بەرفراوانی نێودەوڵەتیی لێدەکەوێتەوە.

ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، ڕۆژی هەینی 16ی مانگی دوو لە پەراوێزی کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن، وێڕای دەربڕینی هاوسۆزی بۆ هاوسەر و بنەماڵەی ئەلێکسی ناڤاڵنی، ڕووسیای بە بەرپرسیار زانی لە مردنەکەی و ڕایگەیاند "سەرنج خستنەسەر کەسێک و ترسان لێی تیشک دەخاتە سەر لاوازی و خراپبوونی ئەو سیستەمەی کە ڤلادیمێر پوتن دروستی کردووە."

هەروەها کامالا هەریس جێگری سەرۆکی ئەمەریکا لە کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن وتارەکەی بە دەربڕینی هاوسۆزی بۆ هاوسەر و خێزانەکەی ناڤاڵنی دەستپێکرد و ڕایگەیاند کە ئەمە نیشانەیەکی دیکەی "دڕندەیی" پوتنە.

کامالا هەریس حکومەتی ڕووسیای بە هۆکاری مردنی ناڤاڵنی زانی و وتی "دواتر زیاتر قسەمان لەسەر ئەم بابەتە دەبێت."

هەروەها جەیک سولیڤان، ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ 'ئێن پێ ئاڕ' مردنی ناڤاڵنی بە "کارەساتێکی ترسناک" ناوبرد و ڕایگەیاند "بە پێی ئەو مێژووە دوور و درێژی حکومەتی ڕووسیا لە زیانگەیاندن بە نەیارەکانی هەیەتی، پرسیارە گەلێکی ڕوون و ئاشکرا لەسەر ئەوەی بەسەری ناڤاڵنی هاتووە، هاتووەتە ئاراوە."

کەنەدا

میلانیا جۆلی وەزیری دەرەوەی کەنەدا لە پۆستێکدا لە کەناڵی "X" نووسیویەتی، "ئەلێکسی ناڤاڵنی ئازادی خۆی بە هیوای داهاتوویەکی باشتر و دیموکراتر بۆ گەلی ڕووسیا بەخشی . ئەو وتی "گیانلەدەستدانی ناڤاڵنی، بیرهێنانەوەیەکی پڕ لە ئازارە بۆ بەردەوامیی ڕژێمی سەرکوتگەری پوتن".

ئۆکرانیا

ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیا ڕایگەیاند، ناڤاڵنی بە دەستی پوتن کوژراوە. ئەو کە لە بەرلینە بۆ واژۆکردنی ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئەڵمانیا، ئاماژەی بەوەشکرد، پوتین بۆ ئەوەی پێگەی خۆی لە لوتکەدا بپارێزێت، بۆی گرنگ نابێت کێ بکاتە قوربانی.

بەریتانیا

ڕیشی سۆناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا لە کەناڵی "X" نووسیویەتی "ئەمە هەواڵێکی ترسناکە. ئەلێکسی ناڤاڵنی وەک بەرگریکاری سەرسەختی دیموکراسی لە ڕووسیا، بە درێژایی ژیانی بوێرییەکی باوەڕپێنەکراوی نیشان دا."

ئەڵمانیا

ئۆلاف شوڵتز، ڕاوێژکاری ئەڵمانیا لە تۆڕی (X)دا نووسیویەتی "ناڤاڵنی لە ڕووسیا بۆ دیموکراسی و ئازادی وەستایەوە و باجەکەی بە ژیانی خۆی داوە بۆ ئازایەتییەکەی. ئەم هەواڵە ترسناکە جارێکی دیکە نیشانی دەدات کە چ جۆرە ڕژێمێک لە مۆسکۆ دەسەڵاتدارە".

هەروەها ئانالینا بێربۆک، وەزیری دەرەوەی ئەڵمانیا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی "X"، ئەلێکسی ناڤاڵنی بە هێمای "ڕووسیای ئازاد و دیموکرات" وەسف کرد و ئاماژەی بەوەشکرد ئەم هۆکارەوە ژیانی لەدەستدا.

فەرەنسا

ستیفان سیجۆرنی، وەزیری دەرەوەی فەرەنسا لە "X"دا نووسیویەتی "ئەلێکسی ناڤالنی بۆ بەرەنگاربوونەوەی سیستەمی زاڵم و ستەمکار، گیانی خۆی بەخشی." ئاماژەی بەوەشکرد، مردنی ناڤاڵنی بیرهێنانەوەی "واقیعی" ڕژێمەکەی ڤلادیمێر پوتنە.

ناتۆ

ینس ستۆڵتنبێرگ، سکرتێری گشتیی ناتۆ لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ڕووسیا سەبارەت بە چۆنییەتی مردنی ناڤاڵنی لەبەردەم پرسیارەگەلێکی ڕژدایە کە دەبێت وەڵامی بداتەوە. ئەو سەرەڕای دەربڕینی هاوخەمی خۆی بۆ بنەماڵەی ناڤاڵنی، نووسیوێتی "ئێمە پابەندین بە پشتیوانیکردنی هەموو ئەو کەسانەی باوەڕیان بە دیموکراسی و ئازادی هەیە، وەک چۆن ئەلێکسی ناڤاڵنی چەندین ساڵە پابەند بوو پێیەوە."

ئەنجوومەنی ئەوروپا

شارل میشێل سەرۆکی ئەنجومەنی ئەوروپا ڕایگەیاند "ئەم نەیارەی حکومەتی ڕوسیا خەباتی بۆ ئازادی و دیموکراسی کرد و ئەو پەڕی لەخۆبوردنی لەخۆی نیشان دا." ئاماژەی بەوەشکرد یەکێتی ئەوروپا ڕژێمی ڕوسیا بە "تەنها بەرپرسیار" دەزانێت لەم مردنە دڵتەزێنەدا.

هاوسەری ناڤاڵنی

یولیا ناڤاڵنی، هاوسەری ئەلێکسی ناڤاڵنی، لە یەکەم کاردانەوەدا بەرامبەر بە مردنی هاوسەرەکەی، ڕایگەیاند ئەمە هەواڵێکی "ترسناک"ە و پوتین دەبێت بەهۆی ئەوەی هێناویەتییە سەر ڕووسیا، بەرپرسیار بێت لەم ڕووداوە.

وتیشی "هێشتا هەواڵی مردنی ئەلێکسی پشتڕاست نەکراوەتەوە و نابێت باوەڕ بە هەموو دەنگۆیەکی ترسناک بکەن."

هاوسەری ئەلێکسی ناڤاڵنی هەروەها جەختی لەوە کردەوە "ئەگەر ئەم هەواڵە ڕاست بێت، دەمەوێت پوتین و هەموو ستافەکەی، هەموو خەڵکی دەوروبەری و حکومەتەکەی و هاوڕێکانی بزانن کە بەهۆی ئەوەی بەسەر وڵاتەکەماندا و بەسەر خێزانەکەم و هاوسەرەکەم هێنراون، سزا دەدرێن."

دایکی ناڤاڵنی

لیودمیلا ناڤاڵنایا، دایکی ئەلێکسی ناڤاڵنی ڕایگەیاندووە دوایین جار کە کوڕە زیندانیکراوەکەی لە ڕۆژی دووشەممەی ئەم هەفتەیە بینیوە،"زیندوو و تەندروست و دڵخۆش بووە".

لیودمیلا ناڤاڵنایای تەمەن 69 ساڵ لە پۆستێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک ئاماژەی بەوەشکردووە، "نامەوێت هیچ سەرەخۆشییەک ببیستم".

سەرەڕای ئەوەی کە زۆر کەس ڕژێمی پوتنیان بە هۆکاری مردنی ناڤاڵنی زانیوە، بەڵام ماریا زاخارۆڤا، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا لە کەناڵی تێلێگرامی خۆیدا نووسیویەتی، ڕۆژئاوا بەبێ بەڵگەی پزیشکی دادوەری سەبارەت بە مردنی ناڤاڵنی، "بازیان داوە بۆ ئەنجامەکان."

ناڤالنی تەمەن 47 ساڵ زیاتر لە دە ساڵ لەمەوبەر بە گاڵتەکردن بە ڤلادیمێر پوتن و دەسەڵاتدارانی سیاسی ڕووسیا و ڕووماڵکردنی تۆمەتەکانی گەندەڵی لەو وڵاتەدا، ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا.

دەزگای زیندانە فیدراڵیەکانی هەرێمی خۆسەری یامالۆ-نێنێتس لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە ناڤاڵنی دوای پیاسەکردن لە زیندانی خارپ کە 1900 کم لە باکووری ڕۆژهەڵاتی مۆسکۆوە دوورە، دەستبەجێ بێهۆش بووە.

دەزگاکە دەشڵێت، "ناڤاڵنی دوای پیاسەکردن تەندروستی تێکدەچێت و یەکسەر بێهۆش دەبێت. کارمەندانی پزیشکی دەستبەجێ گەیشتوونەتە شوێنەکە و تیمێکی ئەمبوڵانس بانگهێشتکراوە و رێوشوێنی پێویست گیراونەتەبەر بۆ ئەوەی بیهێننەوە هۆش خۆی، بەڵام ئەنجامی نەبوو. پزیشکانی فریاکەوتن مردنەکەیان پشتڕاستکردوەتەوە و هۆکارەکانی مردنەکەشی لە ئێستادا نەزانراوە و لێکۆڵینەوەی بۆ دەکرێت."

دیمیتری موراتۆڤ، هاوڵاتییەکی ڕووسیایی و براوەی خەڵاتی نۆبڵی ئاشتیی بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە، مردنی ناڤالنی لە زیندان "کوشتن" بووە و مامەڵەی توندی کاربەدەستانی زیندانەکە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی.