60 هەمین کۆنفرانسی ئاسایشی میونشن ڕۆژی هەینی، 16ی مانگی دوو لە ئەڵمانیا دەستیپێکرد و تاوەکو ڕۆژی یەکشەممە بەردەوام دەبێت و سەرکردەی زۆریەک لە وڵاتان بە هەرێمی کوردستان و عێراق بەشداری تێدا دەکەن و تاوتوێی ئاڵۆزییەکانی ڕۆژهەڵاتی نێوەڕاست و لێکەوتەکانی شەڕ لە عەززە دەکەن.
سەرۆکایەتی هەڕێمی کوردستان لە چەند ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە جیا لەگەڵ سەرکردەی هەندێک لە وڵاتان کۆبووەتەوە، لەوانە لەگەڵ شاندێکی سێناتی ئەمەریکا بە سەرۆکایەتی سنیاتۆر دۆن سولیڤان، لە بارەی پەیوەندیەکانی ئەمەریکا لەگەڵ عێراق و هەرێمی کوردستان.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە،" لە کۆبوونەوەکە تیشک خراوەتە سەر دوایین پێشهاتە ئەمنییەکانی عێراق و کوردستان، هەردولاش داکۆکییان لە برەودان بە پەیوەندییەکانی ئەمەریکا و عێراقداوە لە چوارچێوەی ڕێککەوتنی ستراتیژیی نێوانیان و باسیان لە بە ئامانجگرتنی هێزەکانی هاوپەیمانیان لە عێراق و کاردانەوە ئەمنی و سەربازیەکان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بووە، هەروەها دواین قسەکانیان بە مەترسیەکانی داعش و هەڕەشە ئەمنیەکان کۆتایپێناوە."
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم لە بارەی مەترسیەکانی کشانەوەی هاوپەیمانان ڕایدەگەیەنێت، عێراق بە ناچاری داوا دەکات کۆتایی بە ئەرکەکانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی شەڕی داعش بهێنرێت و بکشێنەوە، چونکە ئێستا دەڵێن لە بری ئارامی، نارامیان لە عێراقدا دروستکردووە، بەهۆی ئەوەی گروپە چەکداریەکان هێرش دەکەنە سەر هاوپەیمانان و ئەوانیش کاردانەوەیان دەبێت.
هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی شەڕی داعش لە ساڵی 2014 دامەزرا و 72 وڵات بەشدارن تێدا و زۆربەی وڵاتانی بەشدار ڕاوێژکاری سەربازی و هێزی شەڕکەر و فڕۆکەی جەنگی و فڕۆکەی چاودێری و تۆپخانەی گەورەیان هێناوەتە عێراق و کوردستان، هەروەها بە بەردەوامی مەشق و ڕاهێنان بە هێزی پێشمەرگە و سوپای عێراق دەکەن.
فەریقی یەکەم جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە و پسپۆڕی بواری سەربازی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " گەرچی داعش لاوازبووە، بەڵام مەترسیەکانی لە سەرعێراق و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە گشتی و تەنانەت دوونیاشدا هەیە، چونکە هێشتا داعش شێوازی پارتیزانی و بە شێوەی گروپی بچوک بچووک بۆ خۆتەقاندنەوە و ڕفاندن و کەمین بەکاردەهێنن، ئەمەش مانای ئەوەیە هێشتا مەترسیەکان ماوەن و مانەوەی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی بۆ شەڕی داعش پێویستە."
شارەزاییەکی سەربازی ڕایدەگەیەنێت، هاوپەیمانان بکێشنەوە لە عێراق یاخود نا ئەوە داعش جارێکی تر سەر هەڵناداتەوە، چونکە داعش توانای خۆ ڕێکخستنەوەی نەماوە، ئەوکات ڕەنگە تەنها کردەوە تێرۆرستیەکانی گروپە بچوک بچوکەکان ڕووبدەن.
لیوای خانەنشینی سوپای عێراق، محەمەد سابیر شارەزایی سەربازی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کشانەوەی هێزەکانی هاوپەیمان لە عێراق لە بەرژەوەندی خەڵکی عێراق و بەرژەوەندی زروفی سیاسی و ئەمنی و ئابوری عێراقدا نیە، چونکە بە نەمانی هاوپەیمانان بە گشتی و ئەمەریکا بەتایبەت عێراق دەکەوێتە ژێر هەژموونی وڵاتی ئێران و گروپە چەکداریەکان گەشەی زیاتر دەکەن."
گەرچی حکومەتی عێراقی ڕێکەوتنی لەگەڵ هاوپەیماناندا هەیە بۆ مانەوەیان لە عێراق، بەڵام بە هۆی فشارەکانی گروپە میلیشیاکانی سەر بە حەشدی شەعبی داوای کشانەوەیان دەکات و تا ئێستا دوو کۆبوونەوە لەسەر ئاستی باڵا لەو بارەیەوە کراوە و تەنانەت ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بەنیازە جارێکی تر بەدەنگدان داوای نەمانی هاوپەیمانان بکات لە ناوچەکە.
فەریقی یەکەم جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" حکومەتی عێراق لە ژێر فشاردایە و بە ناچاری دەڵێت ئێستا هێزەکانم توانا سەربازریەکانی جیاوازە و لە ئاستێکی باشدایە و وەک ساڵی 2014 نیە و دەتوانن عێراق بپارێزن و جگە لەوەش داعش لاواز بووە، بە مانەوەی ئەوەی هێزی هاوپەیمانان زیادەن، چونکە دەشڵێن مانەوەیان سەر ئێشەن بۆ عێراق، گروپە چەکداریەکان وەک مەقاومەی بەناو ئیسلامی لە بنکە و بارەگاکانی هاوپەیمانان دەدەن و ئەوانیش کاردانەوەیان دەبێت ئەوەش کێشەیەکی گەورەیان بۆ عێراق دروستکردووە و ئێستا لە بری ئارامی، نا ئارامیان خوڵقاندووە و گروپە چەکداریەکان هێرشدەکەنە سەر هاوپەیمانان و ئەوانیش ڕەتیان دەدەنەوە."
ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگە، لە دواین وتەکانی باسی لەوەشکرد،" گەر هاوپەیمانان بکشێنەوە هەر وا بە ئاسانی نابێت و قۆناغ بە قۆناغ دەبێت و پاش هەڵسەنگاندن و دروستکردنی لیژنە لەبارەی هێزە ئەمنیەکانی کوردستان و عێراق، ئایە تا چەند دەتوانن ئاسایش بپارێزن، ئەوکات لیژنەکان دەرئەنجامەکان ڕادەست دەکەن و گفتوگۆیان لە بارەوە دەکرێت."
Your browser doesn’t support HTML5