هەتا ئێستا لایەنە براوەکانی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بە ڕێکەوتنێک نەگەیشتوون بۆ دەستنیشانکردنی پارێزگارێک بۆ پارێزگاکەیان. پێکهاتە سەرەکییەکانی پارێزگاکە لە کورد و عەرەب و تورکمان، هەر یەکەیان پۆستەکە بە مافی خۆی دەزانێت لە کاتێکدا کورد زۆرترین ژمارەی کورسی ئەنجومەنی پارێزگاکەی بەدەستهێناوە.
دەپرسین:
هۆکار چییە لایەنەکان بە ڕێکەوتن ناگەن؟
ئەگەربێت و لایەنەکان نەتوانن پارێزگار دەستنیشان بکەن، ئایا ڕێگەچارەی دیکە هەیە؟
بۆچی پێکهاتەکان پێداگیری لەسەر بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگار دەکەن؟
ئایا جێبەجێنەکردنی ماددەی 140 ی هۆکارێک نییە بۆ ئەم ناکۆکییانە؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاوتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری بەڕێزان:
ئایدن مەعروف، ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی عێراقی.
جەنگی عیزەدین مەحمود، بەرپرسی پەیوەندییە نیشتمانیەکان لە مەڵبەندی دووی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە کەرکوک.
مامۆستا حەسەن مەجید ، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک.
دکتۆر عەلی عەبدوڵا، پارێزەری ڕاوێژکار.
Your browser doesn’t support HTML5
ئایدن مەعروف
لە زۆربەی پارێزگاکانی عێراق ئیدارەی نوێی پارێزگاکان پێکهاتووە، بەڵام لە کەرکوک بەهۆی بوونی بۆچونی جیاوازی پێکهاتەکان کە ئەمەش ئاساییە بەهۆی ئەوەی بارودۆخی کەرکوک بارودۆخێکی هەستیاری هەیە، پێویستە لە پێکهێنانی ئیدارەی نوێدا ڕەچاوی ئەو دۆخە و سەرجەم پێکهاتەکان بکرێت و نیشتمانیانە و کەرکوییانە مامەڵە بکرێت.
لە دوای سەردەمی عوسمانی کە نزیکەی سەد ساڵە تائێستا هیچ تورکمانێک پۆستی پارێزگاری لەو ١٨پارێزگارەی عێراق وەرنەگرتووە، بۆیە ئەمجارە بە مافی خۆمانی دەزانین کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە پێکهاتەی تورکمان بێت، پێشتر هەریەکە لە پێکهاتەکانی کورد و عەرەب ئەو پۆستەیان وەرگرتووە و ئێمە هیچ گلەییەکمان نەبووە، بۆیە ئەمجارە پێویستە ئەو پۆستە بۆ تورکمان بێت، ئەگەر باسی ئەوە بکرێت بڵێن پۆستی پارێزگار دەدرێت بەو پێکهاتەیەی کە زۆرینەی هێناوە، ئەوە هەڵەیە چونکە ئێمە لە کەرکوک باسی پێکەوە ژیان و ئاشتی دەکەین نەک زۆر و کەمی کورسی، ئەگەر بە زۆرینە و پێکهاتەیەک ئیدارەی شارەکە بکرێت سەرکەوتوو نابێت، پێویستە پێکهاتەکانی تریش ڕێز لەو داوایەی تورکمان بگرن و ڕازی بن لەسەرئەوەی کە ئەو پۆستە بدرێتە کەسێکی تورکمان و ئەمجارە تورکمان ئەزمونی خۆی بکات، ئەمە داواکارییەکی ئاسایی نیە بەڵکو بەمافی خۆمانی دەزانین و جەخت لەسەر ئەو داوایەمان دەکەینەوە.
بابەتی پارێزگاری کەرکوک بابەتێکی ناوخۆیی عێراقییە لەنێوان پێکهاتەکان، بەڵام تورکیا وڵاتێکی گرنگە هەم بۆ عێراق و هەم بۆ هەرێمی کوردستانیش، وە کەرکوکیش بۆ تورکیا گرنگە، پشتیوانی تورکیا بۆ ئێمەی تورکمان سەبارەت بە داواکاری پۆستی پارێزگاری کەرکوک لە هەموو کات گرنگترە، تورکیا هەموو کات پشتیوانی پێکەوە ژیانی نێوان پێکهاتەکانە، وە پەیوەندی زۆرباشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و عێراقیش هەیە، من وای دەبینم هەموو لایەک و تورکیاش پشتیوانی داواکاری ئێمەن بۆ ئەوەی ئەمجارە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ تورکمان بێت.
جەنگی عیزەدین مەحمود
ئەوەی هەیە لە کەرکوک سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری شارەکە، تائێستا گفتوگۆی فەرمی لەنێوان لایەنەکان نیە، ئەوەی هەیە ڕەنگە نافەرمی بێت، دیارە پێکهاتەی عەرەب لەنێویشیاندا لایەنێک و عەشیرەتێک کە لەشەش ساڵی ڕابردوودا ئەو پۆستەیان لەدەستبووە لە ئێستادا ڕەنگە نەیانەوێ پۆستەکە ڕادەست بکەنەوە، بەڵام دەبوو ئەندامانی ئەنجومەن لەناو بینای ئەنجومەن سوێندییان بخواردایە نەک لە دادگا، بەوشێوەیەش ئەوە دەبوو دانیشتنی فەرمی نەک دانیشتنی هەشت ئەندامە کوردەکە و خوشکە مەسیحییەکە.
کۆبوونەوەکەی نێوان وەفدی باڵای پارتی و یەکێتی لە سلێمانی لە هەفتەی ڕابردوو جێی دڵخۆشی هەموو کوردستان و بەتایبەت کەرکوکییەکان بوو، هیوادارین ببێتە ڕێککەوتن و یەک هەڵوێستی کۆنکرێتی نەک تەنها بۆ کەرکوک بەڵکو بۆ هەموو کوردستان و عێراقیش، ڕەنگە لەئێستادا هەوڵبدەین وەک هەردوو لایەنی کوردی لەگەڵ هەندێک لایەنی عەرەبی کە ئەوان سێ لیستن بگەینە ڕێککەوتن بۆ ئەوەی کۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگا کۆببێتەوە و پۆستەکان دیاریبکرێت.
ئەوەی بۆ ئێمەی کورد خراپبوو، سەردانەکەی ئیبراهیم کاڵنی وەزیری بەرگری تورکیا بوو لە هەفتەی ڕابردوو کە ئەو تورکمان و عەرەبی لە کەرکوک ئاشتکردەوە و بیرۆکەی ڕێککەوتنی عەرەب و تورکمان لەسەر پۆستەکانی کەرکوک بەبێ کورد کە بۆ کورد زۆرییان پێ قورسە ئەمەش ئەجێندای تورکیایە بۆ کەرکوک.
ئەو لایەنەی کە پێویستە پەنا بباتە بەر دادگا بەڕاستی کوردە چونکە کورد لە دانیشتنی سوێند خواردن و دانیشتنی ڕۆژی ٥ی مانگ ئامادەبوو بەداخەوە پێکهاتەکانی تر ڕێگرن لە پێکهێنانی ئیدارەی نوێی شارەکە بۆ خزمەتکردنی خەڵک کە ئەمە داواکاری خەڵکە، لە برادەرانی ئەنجومەنی خۆمانم بیستووە کە جارێ نایەنەوێ پەناببەنە بەردادگا و موڕاعاتی تورکمان و عەرەب دەکەن و چاوەڕێ دەکەن جارێ، داواکاری تورکمانە بەتایبەت وە عەرەبیش ڕازین کە پۆستی پارێزگار بکرێت بە نۆبە دوو ساڵ دووساڵ، بەڵام ئێمە وەک کورد بەماخی خۆمانی دەزانین کە زۆرینەین،بەڵام لەگەڵ ئەوەشداین ئیدارەیەکی هاوبەش پێکبێت کە هەموو پێکهاتەکان بەتورکمانیشەوە کە کەمینەن بەشذاربن و پێکەوە خزمەتی شارەکە بکەین.
مامۆستا حەسەن مەجید
ئەوەی تائێستا لای ئێمە هەیە سەبارەت بە پۆستی پارێزگاری کەرکوک ئەوەیە کە پۆستی پارێزگار بە مافی کورد دەزانین کە کەسێکی تەکنۆکرات و خاوەن ئەزمون بێت خزمەت بە هەموو پێکهاتەکان بکات، شارەکە شارێکی فرە دەنگ و ڕەنگ و نەتەوەییە ڕەنگە ئاسان نەبێت پۆستی پارێزگار و پۆستەکانی تر یەکلایی بکرێنەوە، بەڵام ئێمە هەموومان پێویستە دابنیشین و کۆببینەوە تا دەنگمان بەیەک بگات، نەک لە ڕاگەیاندنەکانەوە هەندێکجار هەندێک شت دەبیستین، سەبارەت بە دەنگۆی ڕێککەوتنی ژێر بە ژێری پارتی لەگەڵ لایەنی عەرەبی یا لایەنێکی تر ئێمە لە ٥ی مانگ بەکردار وەڵامی هەموو ئەو دەنگۆیانەمان دایەوە کە بەشداربوین لە کۆبونەوەکەی ئەنجومەن لەگەڵ برایانی یەکێتی و ئەو خوشکە مەسیحیە، وە ئەوەی برام شێخ جەنگی وتی، دەبوو ئەندامانی ئەنجومەن لەناو ئەنجومەنی پارێزگا سوێندییان بخواردایە نەک دادگا، ئەوە دانیشتێنی تەشریفی و تاعاریفی بوو نەک دانیشتنی یەکلاییکەرەوە.
ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین کە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بۆ کورد بێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە هەموو لایەنەکان پێکەوە دابنیشین و گفتوگۆ بکەین.منیش دەڵێم ئەگەر لایەنێک سکاڵای هەبێت لە دادگا دەبێت ئێمەی کورد بەین، چونکە ئێمە ئیلتیزامی خۆمانمان بەجێگەیاندووە ئەوانن نایەنە کۆبونەوە و لەدەریشەوە نایەنە سەر مێزی گفتوگۆ کە دانوستان بکەین.
ئەو دانیشتنەی پارتی و یەکێتی زۆرباشبوو هیوادارم بەردەوام بن و ئێمە وەک کورد لەناو خۆماندا بگەینە ڕێککەوتن لەسەر دیاریکردنی کەسێک بۆ پۆستی پارێزگاری کەرکوک کە بەدڵی هەموان بێت، ئەوکات لەگەڵ پێکهاتەکانی تر گفتوگۆ بکەین
دکتۆر عەلی عەبدوڵا
لەبەرئەوەی بارودۆخی کەرکوک لە ڕووی جوگرافیا و پێکهاتە و چاوی وڵاتان لەسەری تایبەتە بۆیە پێویستە بە یاسایەکی تایبەتیش مامەڵەی لەگەڵ بکرێت، بەداخەوە ڕەنگە یاسا نەتوانێت سەبارەت بەم دۆخەی ئێستای کەرکوک کێشەکان چارەسەر بکات، چونکە هەروەک دەبینین پۆستی پارێزگار بەوەکالەت ئەوەتا حەوت ساڵە بەڕێوە دەبرێت، لەکاتێکدا پۆستە ئەسڵەکە خۆی ماوەی چوار ساڵە، ئەوەش لەبەر دۆخی کەرکوک، هەرچەندە یاسای ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێراق ماوەیەکی زەمەنی داناوە بۆ هەڵبژاردنی پارێزگار و پۆستە ئیدارییەکان، ئەوەتا لە چواردە پارێزگای عێراق پڕۆسەکە زۆر بە ئاسانی تێپەڕی، ئەگەر ماوە یاساییەکەش تێپەڕێ بەداخەوە دەرچەیەکی یاسایی دانەنراوە مەگەر کات خۆی چارەسەری بکات، ئەوەتا بەپێی یاسا دەبوو لە دوای لادانی حەلبوسی لە ماوەی پانزە ڕۆژدا سەرۆکی پەرلەمان هەڵبژێردرایە، بەڵام ئەوەتا ئەو ماوەیەش تێپەڕی هیچ ڕووینەدا و پەرلەمان کارەکانی خۆی دەکات، بابەتی پۆستی پارێزگاری کەرکوک بە تەواوەتی پەیوەندی هەیە بە یەکێتی و پارتیەوە پێویستە ئەو دوو لایەنە یەکبگرن و کێشە و ناکۆکیەکانیان وەلانێن بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە.
من هیوا ناخوازم پەنا ببرێتە بەردەم دادگای فیدراڵی بۆ یەکلایککردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک، چونکە لەب ەرژەوەندی کورد نیە، ئەگەری بەهێز ئەوەیە عەرەب و تورکمان ڕێکبکەون بۆ ئەوەی پەنا ببەنە بەر دادگای فیدراڵی بۆ موماتەڵەکردن بە کات کە دەبینین دادگاکە چۆن کەیسەکان دوادەخات بۆیە ئەوکات ڕەنگە دادگا بەساڵێک کەیسەکە یەکلایی نەکاتەوە ئەوکات لە بەژەوەندی ڕاکان جبوری دەبێت، دەبێت کورد پەنابردنە بەردادگای بۆ یەکلایکردنەوەی پۆستی پارێزگاری کەرکوک وەک دوا کارت بەکاریبهێنێت، چونکە چ کورد یا تورکمان و عەرەب پەنا ببەنە بەردەم دادگا ترسم هەیە دادگا پشت ببەستێت بەدابەشکاری لە ٣٣% کان، کە پۆستی پاڕێزگاری کەرکوک دوو ساڵ دوو ساڵ دابەش بکات بەسەر پێکهاتەکان کە ئەمە لە زیانی کوردە ،باشترین کار ئەوەیە کە پارتی و یەکێتی لەسەر ئاستی باڵا لە کەرکوک کۆببنەوە و هەموو ناکۆکیەکانی هەرێمی کوردستان تێپەڕێنن و بۆ کەرکوک جیاواز مامەڵە بکەن یەکبگرن ئەوکات بە پێدانی پۆست بە تورکمان درز بخەنە ناو لایەنی تورکمانی و لایەنەکانی تریش بەیەکگرتنی پارتی و یەکێتی و ڕێککەوتنیان هاندەدەرێن بێنە ناو ڕێککەوتنەکە، بۆیە یەکگرتنی پارتی و یەکێتی باشترین چارەسەرە بۆ پرسی پارێزگاری کەرکوک.