ئیسڕائیل دەڵێت لە ڕەمەزاندا هێرش دەکاتە سەر ڕەفەح ئەگەر بارمتەکان ئازاد نەکرێن

هێزەکانی ئیسڕائیل ڕۆژی دووشەممە هێرشی ئاسمانی و زەمینییان لە باشووری کەرتی غەززە ئەنجامدا، لە کاتێکدا کە بەرپرسانی تەندروستی غەززە وتییان ژمارەی کوژراوانی فەلەستینی لە مانگی 10 ەوە تاوەکو ئێستا 29,000 کەسی تێپەڕاندووە.

وەزارەتی تەندروستی غەززە وتی لە ماوەی بیست و چوار کاتژمێری ڕابردوودا 107 کەس کوژراون، وتیشی تاوەکو ئێستا 69,000 کەسیش بریندار بوون. وەزارەتەکە وتی ئەو ژمارانە هاووڵاتییانی سڤیل و چەکداریشیان تێدایە، بەڵام دوو لەسەر سێی قوربانییەکانی غەززە ژن و منداڵن.

ڕۆژی دووشەممە سوپای ئیسڕائیل هێرشی ئاسمانی کردووەتە سەر شاری خان یونس کە گەورەترین شاری باشووری غەززەیە، هاوکات نیگەرانییە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە هێرشی پلان بۆ داندراوی ئیسڕائیل لە ڕەفەحی خوار خان یونس هێشتا ماوەتەوە.

جەنەڕاڵ بێنی گانتزی خانەنشینکراو کە بەشێکە لە کابینەی جەنگی سەرۆک وەزیری ئیسڕائیل بنیامین نەتانیاهو، ڕۆژی یەکشەممە وتی ئەگەر حەماس ئەو بارمتانەی کە هێشتا لەلای ماونەتەوە پێش مانگی پیرۆزی ڕەمەزانی موسوڵمانەکان ئازاد نەکات ئەوا " شەڕەکە بەردەوام دەبێت بۆ ناو ناوچەی ڕەفەح."

ڕەمەزان لە 10 ی مانگی سێدا دەستپێدەکات.

گانتز وتی هەر هێرشێکی زەمینی ئیسڕائیل لە ڕەفەح بە هەماهەنگی دەبێت لەگەڵ میسڕ و ئەمەریکادا، ئەمەش بە مەبەستی ئاسانکاریکردن بۆ گواستنەوەی هاووڵاتییانی سڤیل لە شارەکە و " کەمکردنەوەی کەوتنەوەی قوربانییان لە نێو هاووڵاتییانی سڤیلدا."

ڕەفەح دەکەوێتە باشووری غەززەوە و لەسەر سنووری میسڕە، بۆردومانەکانی ئیسڕائیلیش بوونەتە هۆی خاپووربوونی شارەکانی دیکەی باکوور و ناوەڕاستی غەززە، ڕوون نیە کە ئایا ئەگەر ئیسڕائیل هێرش بکاتە سەر ڕەفەح هاووڵاتییانی سڤیلی ناو ئەو شارە بۆ کوێ دەچن.

زیاتر لە نیوەی دانیشتوانی غەززە ئێستا لە ڕەفەحن، زۆرێکییان لە دەست بۆردومانەکانی ئیسڕائیل لە شارەکانی دیکەی باکوور و ناوەڕاستی غەززەوە هەڵاتوون بۆ ئەو شارە و وەکو پەناگە بەکارییان هێناوە.

ڕۆژی یەکشەممە نەتانیاهو جەختی لەوە کردەوە ئیسڕائیل دەیەوێت " کارەکە تەواو بکات " لە هەوڵیدا بۆ لە ناوبردنی حەماس.

لە 7 ی مانگی 10 دا چەکدارانی حەماس هێرشییان کردە سەر ئیسڕائیل و بە پێی بەرپرسانی ئیسڕائیل لەو هێرشەدا 1200 کەس لە ئیسڕائیل کوژراون، 250 کەسیش بە بارمتە گیران و گواسترانەوە بۆ غەززە. باوەڕوایە حەماس تاوەکو ئێستا نزیکەی 130 بارمتەی لەلا مابێت، 30 کەسییان دەوترێت گیانییان لە دەستداوە.