ئەمەریکا یادی ڕۆژی سەرۆکەکان دەکاتەوە

ڕۆژی دووشەممە ، ئەمەریکا یادی 'ڕۆژی سەرۆکەکان' دەکاتەوە، کە ڕۆژێک بۆ ڕێزگرتن لە سەرۆکەکانی ئەمەریکا. ساڵانە ئەم یادە لە سێهەم دووشەممەی مانگی دوو ئەنجام دەدرێت کە ڕۆژێکی پشووی فەرمیشە.

ڕۆژی سەرۆکەکان لە بنەڕەتدا بۆ ڕێزگرتنە لە یەکەمین سەرۆکی ئەمەریکا، جۆرج واشنتن، لە ڕۆژی لەدایک بوونیدا لە 22ی مانگی دوودا. کە 292 ساڵ تێدەپەڕێت و لە ساڵی 1732 لە ویلایەتی ڤێرجینیا لەسەر ڕۆخی ڕووباری پۆتۆماک لە دایک بووە.

ئەمەریکاییەکان لەم ڕۆژەدا یادی ساڵ وەگەری لەدایک بوونی سەرۆکەکەیان دەکەنەوە کە ساڵانە بووەتە پشوویەکی فەرمی بۆ کارمەندانی فیدراڵی لە تەواوی ئەمەریکا.

ئەم بە پشووکردنەش لە وڵاتەکەدا دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1968 کە کۆنگرێسی ئەمەریکا لە سێیەم دووشەممەی مانگی دوودا یاسایەکی وەک ڕۆژی سەرۆک کۆمارەکانی دەرکرد بۆ یادکردنەوەی ڕۆژی لە دایک بوونی یەکەم سەرۆکی ئەمەریکا. هەروەها کۆنگرێس سێیەم دووشەممەی مانگی دووشی، وەک ڕۆژی نیشتمانی پشوودانی فیدراڵی ناساندووە. هەروەها ئەم ڕۆژە بۆ ڕێزلێنانە لە 16هەمین سەرۆکی ئەمەریکا، ئەبراهام لینکن کە لە 12ی مانگی دوودا لەدایک بووە. جێی سەرنجە هەردوو سەرۆکەکەی ئەمەریکا، واشنتن و لینکن لە سەختترین کاتەکانی مێژووی ئەمەریکا سەرکردایەتی ئەو وڵاتەیان کردووە. کە بەلای ئەمەریکاییەکانیشەوە دوو سەرۆکی خۆشەویستن.

جەژنی ئەمڕۆ لەلایەن خەڵکەوە بۆ یادی لەدایک بوونی واشنتن و لینکن و هەروەها ژیانی هەموو سەرۆکەکانی ئەمەریکا بەڕێوەدەچێت. لەم ڕۆژەدا زۆرێک لە فرۆشگا و کۆمپانیاکان داشکاندن بۆ کاڵاکان دەکەن و هەندێک پێداویستی ژیان هەرزانتر دەکەن. جگە لەوەش، چالاکیی زۆر لە زۆربەی ویلایەتەکانی ئەمەریکا ئەنجام دەدرێن. لەوانە ڤێرجینیا کە زۆرترین سەرۆکی تێدا هەڵکەوتووە، 8 سەرۆکی ئەمەریکا لە ڤێرجینیا لەدایک بوون و لەوێ ژیاون.