هێشتا 16 هەزار کەس لە ئەندامانی خێزانەکانی داعش لە کەمپی هۆلدا ماون

هەزاران کەس لە ئەندامانی خێزانەکانی داعش کە خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریان ناتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

بەپێی ئاماری ئیدارەی ئۆردوگای هۆڵ، ژمارەی ئەو سوریاییانەی لە کەمپەکەدا ماونەتەوە 16 هەزار و 684 کەسە، کە خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا و ئۆپۆزیسیۆنن.

بەپێی بەڕێوەبەرایەتیی کەمپەکە، خێزانە سوریاییەکانی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ڕژێمی سوریا وەک حەلەب و حەما زۆر توندوتیژ و توندڕەون.

خانەوادەکانی داعشە سوریاییەکان کە لە بەشی 5ی کەمپەکە دەمێننەوە، لە ترسی دەستگیرکردن و کوشتن ڕەتیدەکەنەوە بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان و هیوادارن ئیدارەی خۆسەر لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیدا نیشتەجێیان بکات.

Your browser doesn’t support HTML5

16 هەزار کەس ناتوانن لە کەمپی هۆڵەوە بگەڕێنەوە زێدی خۆیان

ئیدارەی خۆسەر لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا زۆربەی ئەندامانی خێزانەکانی داعش کە خەڵکی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بەڕێوەبەرایەتییەکەن لە کامپی هۆڵەوە گواستوونەتەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، دواجاریش لە ساڵی 2023دا 578 کەسی دیکە کە خەڵکی مەنبەج و ڕەققە بوون کەمپەکەیان بەجێهیشت و گواسترانەوە بۆ زێدی خۆیان.

ئیدارەی خۆسەر دەڵێت، گەڕانەوەی ئەو کەسانە بۆ ناوچەکانی خۆیان پەیوەستە بە چارەسەرێکی سیاسییەوە، بۆیە هیچ بڕیارێک نییە بۆ نیشتەجێکردنی ئەو خێزانانە لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆی.