دکتۆر یەحیا ئەلکوبەیسی: بڕیارەکانی دادگای باڵای عێراق ڕەهەندی سیاسییان هەن

دادگای فێدراڵی عێراق بڕیاریداوە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی هەرێم ببێتە 100 کورسی و هەرێمی کوردستانیش ببێتە چوار بازنەی هەڵبژاردن.

ئەم دادگا باڵایە، ڕۆژی چوارشەممە چەند بڕیارێکی تریشداوە لە بەرژەوەندی فەرمانبەرانی هەرێم و بڕیارەکانیش تایبەتن بە موچە و پاشەکەوتی موچە لە هەرێمی کوردستاندا.

دکتۆر یەحیا ئەلکوبەیسی، لێکۆڵەری کاروباری عێراق بە گومانەوە دەڕوانێتە بڕیارەکانی دادگای فێدراڵی عێراق و دەڵێت 'بەهیچ شێوەیەک ناکرێت خوێندنەوە بۆ بڕیارەکانی ڕۆژی چوارشەممەی عێراق بکرێت بەبێ گەڕانەوە بۆ بڕیارەکانی ئەم ماوەیەی ڕابردووی؛ پێدەچێت پلانێکی بە بەرنامە هەبێت بۆ هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان و کردنی بە شێوەیەکی تری ئۆتۆنۆمی کە بە تەواوەتی پەیوەست بێت بە حکومەتی نێوەندی وڵاتەکەوە و حکومەتی نێوەندی ببێتە سەرپەرشتیاری حکومەتی هەرێم."

دکتۆر ئەلکوبەیسی دەڵێت "زۆربەی بڕیارەکانی دادگای باڵای عێراق بە ئاشکرایی ڕەهەندی سیاسییان پێوە دیارە و لە خزمەت بکەرە سیاسییەکانی شیعە ئاینزاکاندان، بەو مانایەی دادگای باڵا سەربەخۆ نییە و لەو کاتانەدا بەکاردەهێنرێت کە لایەنە سیاسییەکان لەبەردەم جێبەجێکردنی بابەتێکدا شکستدەهێنن، پەنا دەبەنە بەر ئەو دادگایە بۆ ڕەواییدان بەو کارانەی دەیانەوێت بیکەن."

ئەم ڕوانینانەی دکتۆر یەحیا ئەلکوبەیسی لە کاتێکدایە کە زۆرێک لە لایەنە سیاسییەکانی عێراق بە بەشێکی لایەنە سیاسییە کوردییەکانیشەوە ستایشی بڕیارەکانی دادگای باڵای عێراق دەکەن و بە بڕیارگەلێک ناودێری دەکەن و دەڵێن دەشێت لە خزمەتی دەستەبژێری فەرمانڕەوایانی سیاسی کورددا نەبێت بەڵام دڵنیایی دەدەن لەوەی بڕیارەکانی دادگا لە خزمەت بەرژەوەندییە گستییەکانی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانی عێراقدایە.

ڕۆژێک لە ڕۆژان، کورد و شیعەکان لە عێراقدا نەک هەر متمانەیان بە یەکتر هەبوو، بەڵکو داڵدەی یەکتریشیان دەدا. ئەوڕۆش، ژمارەیەک فاکتەر وەهایان کردووە ئەو متمانەیە بە شێوەیەکی بەرچاو کاڵ ببێتەوە و یەکێکیش لەو فاکتەرانە وەک بەشێکی کورد و عەرەبی سوننەش ئاماژەی پێدەکەن بڕیارەکانی دادگای باڵای عێراقە.

دادگای باڵای عێراق لە 9 ئەندام پێکدێت، سەرۆکی دادگا و 3 ئەندامیش شیعەن، جێگری سەرۆکی دادگا و 2 ئەندامیشی سوننەن و دوو ئەندامیش کوردن و یەکێکیان پارتی دیموکراتی کوردستان دەستنیشانی کردووە و ئەوی تریشیان یەکێتی نیشتمانی کوردستان دیاریکردووە.

دکتۆر یەحیا ئەلکوبەیسی دەڵێت ئەم دۆسێی متمانەیە دۆسێیەکی ئاڵۆزە و دەڵێت "بەڵێ، دابەشبوونێکی ئاشکرا هەیە لە نێوان سوننە و شیعە و کورد و عەرەبدا، بەڵام کاتێک باس لەم دیاردەیە دەکرێت باسکردنە لەو قەیرانانەی لەناو توێژی سیاسیدا هەیە و ڕەنگدانەوەی ئەو قەیرانانەش لە هەژموونی فەرمانڕەوایەتیکردنی عێراقدا کە شیعە بکەرە سەرەکییە سیاسییەکەیە تیایدا، بەهۆی ئەم هەژموونەشەوە بەردەوامیش هەوڵی هەڵوەشاندنەوەی قەوارەی هەرێمی کوردستان دراوە و هەروەهاش هەوڵی بچوککردنەوەی نوێنەرانی عەرەبی سوننەش دەدرێت تا بیانکاتە نوێنەرانێکی سەر بە دەستەبژێرە سیاسییەکەی چوارچێوەی هەماهەنگی."

دکتۆر ئەلکوبەیسی، لەبڕوایەدایە ئەوەی لە عێراق ڕوودەدات وەهای کردووە متمانە نەمێنێت و دەڵێت "شتێک نەماوە بە ناوی متمانە لە نێوان هێزە سیاسییەکانی عێراقدا، ئەم بێ متمانەییە بە ئەندازەیەکیشە دابەشبوونیشی لەناو لایەنە سیاسییەکانی پێکهاتەکانیشدا دروستکردووە، بۆ نمونە لەناو کورددا متمانە لە نێوان پارتی دیموکرات و یەکێتی نیشتمانیدا. دابەشبوونی چوار یان پێنج لایەنەکەی سوننەکان، هەروەهاش پەڕتەوازەیی ناو ماڵی شیعە؛ هەربۆیە دەتوانم بڵێم، ڕۆژێک لە ڕۆژان متمانەیەکی هاوبەش نەبووە لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی عێراقدا."

وەک ئەم لێکۆڵەرەی کاروباری عێراق ئاماژەی پێدەکات، نەبوونی ئەو متمانە هاوبەشەی نێوان لایەنەکان یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکانی کاریگەری کردۆتە سەر دۆسێی سەقامگیریی لە عێراقدا و جەختیش دەکاتەوە لەوەی "ئەگەر ئەم ڕەوشەی عێراق بەم شێوەیەی ئێستای بەردەوام بێت، ئەوا ئایندەی وڵاتەکە دەکەوێتە بەردەم مەترسیی گەورەوە، چونکە ئەم ئارامییە شلۆقە، ناڵێم سەقامگیری بەڵکو ئەم ئارامییە شلۆقە هەرگیز بەم شێوەیەی ئێستا بەردەوام نابێت."