ئێران سزای لەسێدارەدان بەسەر خۆپیشاندەرێکی دیکەی کورد دا دەسەپێنێت

ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ ڕایدەگەیەنن گەنجێکی کوردی تەمەن 27 ساڵی خەڵکی شاری سەڵماس لە پارێزگای ئازەربایجانی ڕۆژئاوا کە لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران لە ورمێ دەستبەسەر کرابوو، بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێندراوە.

ڕێکخراوەکانی تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و هەنگاو لە هەواڵێکدا ڕۆژی پێنجشەممە ، 22ی مانگی دوو ڕایانگەیاند شاهین وەساف کە لە مانگی دەی ساڵی 2022 لەگەڵ ناسر وەسفی ئامۆزای لە لایەن هێزەکانی ئیتلاعاتی شاری ورمێوە دەستبەسەر کراوە، لە لایەن لقی سێی دادگای ئینقلابی ئیسلامیی شاری ورمێوە بە تۆمەتی "سیخوڕیکردن بۆ ئیسرائیل" سزای لەسێدارەدانی بەسەردا سەپێنراوە.

بەگوێرەی ڕاپۆرتەکان، بڕیارەکە لە کاتێکدا دەرچووە کە دادگاییکردنی ئەو دوو خۆپیشاندەرە بەبێ ئامادەبوونی پارێزەر بەڕێوەچووە و هەردوو دەستبەسەرکراوەکە لە مافی دەستڕاگەیشتن بە پارێزەر و بینینی بنەماڵەکەیان بێبەش کراون.

هەروەها لە ڕاپۆرتەکاندا جەخت لەسەر ئەوە کراوەتەوە کە هەردوو زیندانییەکە بە مەبەستی وەرگرتنی دانپێدانانی زۆره ملێ و قبوڵکردنی تۆمەتەکانیان، لە دەستبەسەرگەی ئیتلاعاتی ورمێ ڕووبەڕووی ئەشکەنجەی توندی جەستەیی و دەروونی بوونەتەوە.

هەواڵەکان باس لەوە دەکەن کە ناسر وەساف، ئامۆزای شاهین وەساف ماوەیەک پێش ئێستا دوای نزیکەی ساڵێک دەستبەسەربوونی لە زیندانی ناوەندیی ورمێ ئازاد کراوە.

سەرەڕای هۆشداریی ڕێکخراوە نێودەوڵەتییەکان سەبارەت بە زیادبوونی لەسێدارەدانەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، بەڵام دەسەڵاتی دادوەری ئەو وڵاتە پێداگری دەکات لەسەر دەرکردنی سزای لەسێدارەدان بۆ خۆپیشاندەران لە ژێر ناونیشانی جۆراوجۆر لەوانە تۆمەتی گەندەڵی لەسەر خاک، موحاریبە، بەغی، کوشتن و سیخوڕیکردن.