ئاری هەرسین: هەر لایەنێکی سیاسی بە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی خۆشحاڵ بێت چووەتە سەنگەری ناحەزانی هەرێمی کوردستانەوە

بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی بڕیارێکی سیاسیە و نەحەزانی کوردستان ئەو بڕیارەیان داوە، هەر لایەنێکیش بە بڕیارەکە خۆشحاڵ بێت، واتە خۆشحاڵە کە ئیهانەی خەڵکی کوردستان دەکرێت و چۆتە سەنگەری ناحەزانی هەرێمی کوردستانەوە. وتیشی، دەبێت هەموو لایەنەکان پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بکەن بۆئەوەی ئەم پێشێلکاریەی بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان کراوە بەری پێبگیرێت و حکومەتی هەرێمیش هەموو هەنگاوێک دەنێت بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە چەوتە ڕاستبکاتەوە.

ئاری هەرسین، بەرپرسی لقی چواری پارتی لە سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی مافی پێکهاتەکان پێشێل کراوە، جگە لەوەی هیچ حسابێک بۆ سەروەری هەرێمی کوردستان نەکراوە، هەر لایەنێکی سیاسی بەم بڕیارەی دادگای فیدڕاڵی خۆشحاڵ بێت، واتە خۆشحاڵە کە ئیهانەی خەڵکی کوردستان دەکرێت وە چۆتە سەنگەری ناحەزانی هەرێمی کوردستانەوە."

وتیشی،" ئەمە بڕیارێکی سیاسیە ناحەزانی خەڵکی کوردستان ئەم بڕیارەیان داوە، نابێت گۆڕان و یەکێتی بچنە سەنگەری ناحەزانی خەڵکی کوردستانەوە، چونکە هەموومان بەرپرسیارێتیەکی قورسی ئەخلاقی و نیشتیمانیمان لەسەرە."

ڕۆژی چوارشەممە، 21 ی مانگی 2 ی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لە ڕێگەی یەکلایی کردنەوەی دوو سکاڵاوە دۆخی سیاسی و ئابووری هەرێمی کوردستانی بەتەواوەتی شەڵەقاند و پەرتەوازەیی لە نێوان لایەنە سیاسیەکان دروستکرد.

بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەروەها ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێتەوە و کورسی کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکان لابران.

یەکێتی و گۆڕان و بەشێک لەلایەنەکانی تر پاڵپشتی بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی دەکەن، هەرچی پارتی و پێکهاتەکانە نیگەرانن لە بڕیارەکە، بە پێیەی کە 11 کورسی پێکهاتەکان کە بە نزیک لە پارتی دادەنرێن لابراون.

ڕۆژی 11ی مانگی 2ی 2024، چۆمان محەمەد، ڕێکخەری ژووری یاسایی بزوتنەوەی گۆڕان سەبارەت بە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم تەنها خواستی یەکێتی نییە، بەڵکو زۆرینەی لایەنە سیاسیەکان لەگەڵ گۆڕانکارین لە یاساکەدا و ئێمە بەر لە حزبەکانی تر لە پەرلەمانی کوردستان داوای گۆڕانکاریمان کردبوو."

هەرچی یەکێتی نیشتیمانی کوردستانە، کە سەرۆکی فراکسیۆنی ئەو حزبە لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، داواکەی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان تۆمار کردبوو، بڕیارەکە بە بەرژەوەندی گشتی خەڵکی کوردستان دەزانن.

پێشتر لە 22ی ئەم مانگە لەتیف نێروەیی ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەوڵەکەی یەکێتی دەستکەوتێک نییە بۆ بەرژەوەندی یەکێتی، بەڵکو دەستکەوتە بۆ سیستەمی دیموکراسی، خەڵکی کوردستان، دەنگدەران، پارێزگاکان و بۆ هەموو حزبەکانیش. وەک یەکێتی نەک هەرپشتگیری دەکەین بەڵکو هەوڵێکی زۆرمان لەو پێناوەدا داوە."

ئاری هەرسین دەڵێت،" پاڵپشتی یەکێتی و لایەنەکان بۆ بڕیارەکە خۆ جیاکردنەوەیە، هەم خوشک و برایان لە یەکێتی هەم لە گۆڕان ئەوان بیریان دەچێتەوە کە بابەتەکە بەرژەوەندی پارتی نییە، بەرژەوەندی خەڵك و سەروەری و پێگەی هەرێمی کوردستانە، ئەگەر ئەوان خۆیان بە بەشێک لەوە نابینن ئەوە شتێکی ترە."

وتیشی،" ئێمە لە هەرێم حکومەتمان هەیە، حکومەتی هەرێم بە تاکید هەموو هەنگاوێک دەنێت بۆ ئەوەی ئەو بڕیارە چەوتە ڕاستبکاتەوە. وەک پارتیش لەگەڵ هەموو لایەنەکان دەبێت هەڵوێستێکی چوونیەکمان هەبێت، چونکە ئەمە شتێک نییە تەنها بەرامبەر پارتی کرابێت، دژی یەکێتی و برا ئۆپۆزسیۆنەکانیش کراوە، بۆیە دەبێت هەموو لایەنەکان پاڵپشتی حکومەتی هەرێم بکەین بۆئەوەی ئەم پێشێلکاریەی بەرامبەر خەڵکی هەرێمی کوردستان کراوە بەری پێبگرین."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی سنور کەریم