بلینکن بۆ بارزانی: پەیوەندیمان لەگەڵ هەرێمی کوردستان بەهایەکی زۆری بۆ ئەمەریکا هەیە

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن ڕۆژی دووشەممە لە وەزارەتی دەرەوە پێشوازی کرد لە سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی.

بلینکن ڕایگەیاند ئەمە دووهەم جارە لە ماوەی چەند هەفتەی ڕابردوودا چاوی بە بارزانی بکەوێت و گوتی " ئەمەریکا هاوبەشییەکی درێژخایەنی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا هەیە، و هاوبەشییەکە پێش هەموو شتێک لەسەر بنەمای بەها هاوبەشەکان، بەرژەوەندییە هاوبەشەکان و هەروەها مێژوویەکی هاوبەشی قوربانیدانە."

بلینکن گوتیشی " لە زۆر ڕووەوە ئەمە پەیوەندییەکە بۆ ئێمە کە لە ناوچەکەدا ناوازەیە، وە دیسانەوە، بەهایەکی زۆری هەیە. هەروەها حکومەتی هەرێم هاوبەشێکی گرنگ بووە بۆ سەقامگیری ناوچەکە و ڕەوشی باشی کەرتی تایبەت لە ناویاندا وەبەرهێنانی ئەمەریکاش و ئەمەش گرنگە."

وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە کە یەکگرتووی کورد بە لای ئەمەریکاوە زۆر گرنگە .

مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش لای خۆیەوە سوپاسی بلینکنی کرد بۆ بانگهێشتکردنی و گوتی " بێگومان ئێمە هاوڕێ و هاوبەشی یەکترین و زۆر شانازی دەکەین کە دەڵێین هاوپەیمانی ئەمەریکاین. چەند کاتێکی زۆر سەختمان پێکەوە بەسەر بردووە."

بارزانی گوتیشی "ئێستا هەندێک ئاستەنگی نوێمان لە ناوچەکەدا هەیە. من چاوەڕوانی گفتوگۆکانمان دەکەم بۆ باسکردنی پێشهاتەکانی ناوچەکە لە عێراق و بە تایبەتی پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانمان لەگەڵ ئەمەریکادا.

سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕۆژی یەکشەممە گەیشتە واشنتن و لەلایەن نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە واشنتن و بەرپرسی لقی حەوتی پارتی دیموکراتی کوردستانەوە پێشوازی لێکرا.