سامان یاسین، گۆرانیبێژی کوردی خەڵکی کرماشان کە ساڵ و نیوێکە لە زینداندایە، لە نامەیەکدا بۆ بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری کۆماری ئیسلامی ئێران سەبارەت بە دۆخی نالەباری لە زینداندا نووسیوێتی "هیچ شتێک نەماوە بەسەرمدا نەیهێنن، لە سێدارەدانم بە شێوەی دەستکرد تا گواستنەوەم بۆ نەخۆشخانەی دەروونی. ژیانم بە تەواوی لێوەرگرن و ڕزگارم بکەن."
پەیجی فەرمی سامان یاسین لە ئینستاگرام ڕۆژی دووشەممە ئەم نامەیە کە لە زیندانی قزڵحەساری شاری کەرەجەوە نێردراوەتەوە دەرەوە، بڵاوکردووەتەوە.
ئەو گۆرانیبێژە کوردەی پەیڕەوی ئایینی یارسان لە نامەکەیدا نووسیویەتی، "ماوەی 18 مانگە بەبێ هیچ بەڵگەیەک زیندانی کراوم و لەو 18 مانگەشدا چەندین جار وادەی دادگایکردنم بۆ دیاری کراوە، بەڵام تا ئێستا هیچ لەو دادگایانە بەڕێوەنەچووە".
سامان یاسین کە مانگی نۆی ساڵی 2022 لە کاتی ناڕەزایەتییە سەرتاسەرییەکانی ئێران دەستبەسەر کرا، دوای ماوەیەک لە دەستبەسەربوونی بە 'موحاریبە' تۆمەتبار کرا و سزای لە سێدارەدانی بەسەردا سەپێندرا، بەڵام دوای داوای پێداچوونەوەی ئەو گۆرانیبێژە بە سزاکەیدا، دادگای باڵای ئێران سزای لەسێدارەدانەکەی هەڵوەشاندەوە و لەو کاتەوە تا ئێستا دیار نییە دادگای ئێران بڕیارەکەی سەبارەت بەو لاوە کوردە چی دەبێت.
ئەو هونەرمەندە گەنجە دەڵێت لە زینداندا ڕووبەڕووی کۆمەڵێک کێشەی دەروونی و جەستەیی بووەتەوە و لەلایەن کارمەندانی زیندانەوە لە خزمەتگوزاری پزیشکی بێبەش کراوە.
سامان یاسین لە نامەکەیدا نووسیوێتی " داوا لە بەرپرسی دەسەڵاتی دادوەری دەکەم تاوانەکەم ڕابگەیەنێت و ئەگەر تاوانبارم، ئەوا زیندانیم بکات و ئەگەر بێتاوانیشم، ئەوا با ئازاد بکرێم."
دەشڵێت "نازانم هۆکاری ئەو هەموو توڕەیی و رق و کینەیەی دەسەڵاتی دادوەری ئێران بەرامبەر بە من چییە؟ داواتان لێدەکەم لە سێدارەم بدەن! من بەرگەی زیندان و و ئەم دۆخەم لەسەر تاوانێک کە نە من و نە ئێوە دەیزانن چییە، نییە. تکایە سزای لە سێدارەدانم بۆ دەربکەن!"
سامان یاسین تا ئێستا وەک ناڕەزایەتی دەربڕین بەرامبەر بە بارودۆخی قورسی لە زیندان و نادیاربوونی دۆسیەکەی، چەندین جار مانی لە خواردن گرتووە و مانگی دوازدەی ساڵی ڕابردووش بە هۆی دۆخی نالەباری لە زیندانی ڕەجایی شاری کەرەج بە خواردنی ژمارەیەکی زۆر حەب، هەوڵیدا کۆتایی بە ژیانی خۆی بهێنێت کە ڕزگار کرا.
پێشتر هاوزیندانییەکی سامان یاسین لە زیندانی قزڵحەساری کەرەج لە نامەیەکدا ئەو ئەشکەنجانەی ڕووبەڕووی ئەو هۆنەرمەندە بووەتەوە، خستبووەڕوو.
سامان یاسین خۆی لە فایلێکی دەنگیدا مانگی هەشتی ساڵی ڕابردوو بەشێک لەو ئەشکەنجە جەستەیی و دەروونیانەی ڕووبەڕووی بووەتەوە، باسکردبوو، لەوانە لەسێدارەدانی دەستکرد، شکاندنی لوت، هێشتنەوەی لە مردووخانە و گواستنەوەی بۆ نەخۆشخانەی دەرونی.
جاوید ڕەحمان، نێردەی تایبەتی ڕێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ چاودێریکردنی بارودۆخی مافی مرۆڤ لە ئێران لە نوێترین دەرکەوتنیدا دۆخی مافی مرۆڤی لە ئێران بە "واقیعێکی تاڵ" وەسف دەکات و داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات لە بەرامبەر پێشێلکاری بەربڵاوی مافەکانی مرۆڤ لە ئێران
بێدەنگ نەبن.
پێشتریش میشێل تیلور، نوێنەری هەمیشەیی ئەمەریکا لە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان، ڕەخنەی گرتبوو لە پشتگوێخستنی ئاشکرای مافەکانی مرۆڤ و ئازادی ڕادەربڕین لە لایەن حکومەتی ئێرانەوە،
سەرچاوەکان/تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان/هەنگاو/ پەیجی فەرمی سامان یاسین لە ئینستاگرام