وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی عێراق بە ماوەی هەشت ساڵ نەیتوانیوە هەژمار بۆ فەرمانبەرانی خۆی بکاتەوە، چۆن دەتوانێت بە مانگێک هەژمار بۆ فەرمانبەرانی هەرێم بکاتەوە، لەبەر ئەوە ئەمانە زیاتربیانوو گرتنن و کێشەن وەک چۆن لە ڕابردوودا درێغیان نەکردووە، هەر کاتێک ویستویانە کێشەیان بۆ بەشە بودجە و پشکی هەرێم دروستکردووە.
هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی حکومەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" خۆزگە ئەو پەرلەمانتارانە پرسیاریان بکردایە، خۆتان بە 8 ساڵ نەتان توانیوە هەژمار بۆ هەموو مووچە خۆرانتان بکەنەوە ئێستا چۆن بە یەک مانگ دەتوانن بۆ هەرێمی بکەنەوە."
وتیشی،" ئەمانە زیاتر بیانوو گرتن و کێشەن وەک چۆن لە ڕابردوودا درێغیان نەکردووە، هەر کاتێک ویستویانە کێشەیان بۆ بەشە بوودجەو پشکی هەرێم دروستکردووە، هەموو داواکاریەکان بیانوون و دروستکردنی کێشەن بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان."
دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، ڕۆژی 21ی مانگی 2ی 2024، تایبەت بە شایستە داراییەکانی مووچەخۆرانی هەرێم، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراقەوە. ئەمە لە کاتێکدایە حکومەتی هەرێم لە مانگەکانی ڕابردوودا هەوڵیداوە مووچەخۆرانی لە ڕێگەی بانکە ئەهلییەکانی هەرێمەوە ژمارەی بانکی دروستبکەن و بچنە ناو پرۆژەی "هەژماری من."
هونەر جەمال دەڵێت،" هەژماری من پرۆژەیەکی گرنگەو خۆماڵیە وە کۆمەڵێک بانکی جێگەی باوەڕی تێدایە، خەڵکێکی زۆر کە لە پرۆژەکە سودیان بینیوە و چەندین خزمەتگوزاریان پێشکەشکراوە و کار ئاسانیان بۆ کراوەو مووچەیان لە کاتی خۆی وەرگرتووە، ئەوەی عێراق تەنها کارتێکە و مووچەی پێوەردەگیرێت."
وتیشی،" بانکی حکومی لە هەرێم نییە، ئەوە ڕێگە ڕاستەکەیە کە لە ڕێگەی هەژماری منەوە مووچەی فەرمانبەران بدرێت، بانکە فیدڕاڵیەکان لە هەرێم لقیان نییە، هەژماری من جۆرەها کار ئاسانی سەردەمیانە و خزمەتگوزاری بۆ خەڵك تێدایە، تێچووەكەشی لە عێراق کەمترە، یەکێکە لە هەرە ڕێگە باشەکان، لە ماوەی شەش مانگی داهاتودا هەموو فەرمانبەران داخڵ دەبن."
ڕۆژی دووشەممە، 26ی مانگی 2ی 2024، لیژنەی دارایی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بانگهێشتی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی کرد. بە پێی وتەی ئەندامانی لیژنەکە، وەزیری دارایی لە کۆبوونەوەکە ڕایگەیاندووە تەنها ئەم مانگە بەپێی لیستی مووچەخۆران کە لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە نێردراوە پارە ڕەوانەی هەرێم دەکات، بەڵام بۆ مانگەکانی داهاتوو دەبێت هەر مووچەخۆرێکی هەرێم هەژماری تایبەت بەخۆی لە بانکە فیدڕاڵییەکانی عێراق هەبێت بۆ ئەوەی مووچەکەی وەربگرێت.
لەو بارەیەوە هونەر جەمال ڕایگەیاند،" بۆ پەرلەمانتاران ناپرسن 14 ملیۆن مووچەخۆری عێراق قایمەی مووچەی هەیە، قایمەی حەشدی شيعبی و دەزگا ئەمنیەکان هەیە، خانە نشینان و چاودێری کۆمەڵایەتی قایمەیان هەیە، کە زیاتر لە 7 ملیۆن کەس بە ناوی چاودێری کۆمەڵایەتیەوە مووچە وەردەگرێت، ئەم داتاو لیستانە هەیە ئاوا بیابوو بە هەرێم دەگرن."
هەرێمی کوردستان خاوەنی نزیکەی یەک ملیۆن و دوو سەد هەزار مووچە خۆرە، ساڵی ڕابردوو حکومەتی هەرێم مووچەی سێ مانگی ساڵی ڕابردووی دابەش نەکرد، مووچەی مانگی دووی ئەمساڵیش دیار نییە کەی دابەشدەکرێت.
لەو بارەیەوە هونەر جەمال وتی،" چاوەڕێین بە چ ڕێگایەک مووچەی ئەم مانگە دێت، دیار نییە کەی و چۆن مووچە دەدرێت، چونکە بڕیارەکەش بەتەواوی ڕوون نیە و میکانیزمەکەی چۆن دەبێت."