جارێکی تر ئاگرێکی گەورە لەناو بازاڕی لەنگەی هەولێر بووە هۆی سوتانی سەدان دووکان و سەرۆکی ئەنجومەنی بازاڕەکە بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت هۆکاری تەشەنەکردنی خێرای ئاگرەکە دەگەڕێتەوە بۆ "داگیرکاری" ڕێڕەوی ناو بازارەکە لە لایەن دووکاندارەکانەوە.
شەوی ڕابردوو، 27ی مانگی 2ی 2024، نزیکی کاتژمێر 7:30 خولەکی ئێوارە، دوای ئەوەی کاسبکاران قوفڵ لە دەرگای دووکانەکانیان دەدەن و دەگەڕێنەوە ماڵەکانیان، لە پڕ ئاگرێکی بەهێز دەکەوتەوە.
بەرگری شارستانی هەولێر دەڵێت بەهۆی ئەو ئاگرەوە 150 بۆ 200 دووکان سوتاون، بەڵام هەندێک سەرچاوە ئاماژە بەوە دەکەن ژمارەکە زۆر لەوە زیاترەو و لە ماوەی دوو کاتژمێردا نزیکەی 400 دووکان بوون بە خۆڵەمێش.
لایەنە فەرمییەکانی هەولێر تا ئێستا هۆکاری ئاگرەکەیان دیارینەکردووە، بەڵام بەشێک لە دووکاندارەکان دەڵێن گومانیان هەیە ئاگر بەردرابێتە بازاڕەکە و بەشێکی تریان ڕەخنە لە پرۆسەی ئاگرکوژاندنەوە و چاودێری بازاڕەکە دەگرن.
محەمەد کەمال، سەرۆکی ئەنجومەنی بازاڕی لەنگەی هەولێر، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەموو ئەو قسانەی دەکرێن کە بە ئەنقەست بووە یاخود سیستەم کاری نەکردووە ڕەتدەکەینەوە، بەڵکو هۆکارەکەی تا ئێستا ڕووننییە."
سەرۆکی ئەنجومەنی بازاڕی لەنگە وتی، "هۆکاری سەرەکی زوو تەشەنەکردنی ئاگرەکە ئێمەی کاسبکارانین، چونکە پانی نێوان کۆڵانەکانی بازارەکە نزیکەی 3 مەترە کەچی دووکاندارەکان 2 مەتریان داگیرکردووە و هەمووی پەردە و کەلوپەلەکانیان داناوە، ئەوەش وایکرد ئاگرەکە زۆر زوو زیادببێت."
ئەمە یەکەمجار نییە ئاگر ئەم بازاڕە دەسوتێنێت. ساڵی 2018 بە هۆی ئاگرێکی بەهێزەوە نزیکی هەزار و 200 دووکان سوتان کە زیانی ملیۆنان دۆلاری لێکەوتەوە. دواتر ئیدارەی هەولێر ڕایگەیاند بازاڕەکە بە شێوەیەکی "هاوچەرخ" دروستکراوەتەوە بۆ ئەوەی مەترسی سووتان کەمتر بکاتەوە.
بە گوێرەی سەرچاوە ئاگادارەکان، پێشبینی دەکرێت قەبارەی زیانەکان لە ئەنجامی سوتانەکەی ئەمجارە زیاتربێت بەهۆی ئەوەی دەیان دووکان کە شتومەکی گرانبەهایان دەفرۆشت وێرانبوون.
دوای گەیشتنی تیمەکانی بەرگری شارستانی و کاسبکاران بە مەبەستی کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمەریکاوە، بە مەبەستی بە دواداچوون بۆ ڕوودانی ئاگرەکە، پەیوەندی تەلەفونی لەگەڵ کاربەدەستانی هەولێر ئەنجامدا و بە پێی ڕاگەیەندراوێک، سەرۆکی حکومەت بەرپرسانی ڕاسپاردووە تا لێکۆڵینەوە بۆ هۆکارەکانی ڕووداوەکە بکەن. سەرۆکی حکومەت سەرباری سوپاسگوزاری تیمەکان، ئامادەیی حکومەتیشی دەربڕی بۆ هاوکاریکردنی زیانلێکەوتووان و دەزگاکانی حکومەتیشی ڕاسپارد کە "هەرچی پێویستبێت لە مبارەیەوە ئەنجامیبدەن"
بە پێی ئەو زانیاریانەی کە دراون بە دەنگی ئەمەریکا، هێزە ئەمنیەکان تەواوی کامێرا چاودێریەکانی نێو بازاڕەکەیان کۆکردووەتەوە تا هۆکاری ئاگرەکە دەستنیشانبکەن.
ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر دوێنێ شەو لە شوێنی ڕووداوەکە وتی، "خۆشبەختانە تیمەکان توانیان ئاگرەکە کۆنترۆڵ بکەن. ئەوەی هەیە نزیکەی 20 کەس بە هۆی تەنگە نەفەسیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەکراون، کە بە شێکیان کارمەندی تیمەکانی بەرگری شارستانیبوون. لێکۆڵینەوە دەکەین و کەسانی کەمتەرخەم لە ڕووداوەکە سزادەدرێن."
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی فریاکەوتنی هەولێر کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، زیاتر لە 25 کەس بە هۆی تەنگە نەفەسییەوە ڕەوانەی نەخۆشخانە کران و دوای ماوەیەک مانەوەیان و چارەسەر وەرگرتن، نێردرانە ماڵەوە.
تیمەکانی بەرگری شارستانی بەدرێژای شەوی ڕابردوو سەرقاڵی ساردکردنەوەی نێو دووکانەکان بوون، بۆ ڕێگریکردن لە سەرهەڵدانەوەی ئاگرەکە.
کاروان میراودەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی هەولێر شەوی ڕابردوو بە دەزگاکانی ڕاگەیاندنی وت، "ئاگرەکە جگە لە زیانی مادی زیانی گیانی نەبوو و 18 تیممان بە تەواوی ستافەوە ئاگرەکەیان بە شێوەی دابڕین و داپۆشین و ساردکرنەوە بە پشتبەستن بە تەکنیەکانی تایبەت بە بەرگری شارستانی کۆنترۆڵکرد. هەر چەندە کۆبوونەوەی خەڵکێکی زۆر گرفت بوو لە پێش تیمەکانمان، بەڵام لە هەمانکاتدا خەڵکانێکیش هەبوون هاوکارمانبوون."
کاروان میراودەلی وتیشی، "زیانە مادییەکان لەلایەن لیژنەی باڵای هونەریمانەوە تێنووسی بۆ دەکرێت، تا بزانرێت قەبارەی زیانەکان چەندن."
بەشێکی زۆر لە کاسبکارانی نێو بازارەکە لەکاتی ئاگرەکە بە دەنگی بەرز هاواریان دەکرد، سیستەمی ئاگر کوژێنەوە کار ناکات. دەیان ڤیدیۆی کاتی ڕووداوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە گلەیی کاسبکاران لە سیستەمی ئاگرکوژاندنەوە دەردەخەن.
یەکێک لە دووکاندارەکان، عەبدوسەمەد عەبدولڕەحمان، کە خەڵکی سوریایە و ماوەی زیاتر لە 11 ساڵە لە هەولێر نیشتەجێیە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە کۆی زیاتر لە 13 بۆ 14 پاسەوان، کەچی پاسەوانەکان لەکاتی کەوتنەوەی ئاگرەکە دیارنەبوون لەکوێبوون. ئێمەش نازانین، چونکە کاتێک ئاگرەکە دروستبوو کاسبکاران هەموویان دوکانەکانیان داخستبوو و ئەرکی پاراستنی دووکانەکان سپێردرابوو بە پاسەوانەکان."
عەبدوسەمەد عەبدولڕەحمان لە کۆی 3 دووکان لە نێو بازارەکە دووکانێکی بە تەواوی سوتاوە و بەگوتەی خۆی سەرووی 120 هەزار دۆلاری ئەمەریکی زیانی بەرکەوتووە.
ئەو دووکاندارە وتیشی، "ئاگرەکە سەرەتا بچووکبووە هەر پاسەوانێک بیبینایە دەیتوانی بە ئاسانی کۆنترۆڵی بکات، کەچی نەکرا."
Your browser doesn’t support HTML5
بە پێی ئاماری شارەوانی هەولێر، 2 هەزار و 300 دووکان لەنێو بازاری لەنگە هەبوون و بە هۆی ئاگرەکەوە بەلایەنی کەمەوە 20% یان سووتاون.
ژیار جەلال، بەڕێوەبەری خزمەتگوزاری ژینگەی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای وت، "بە داخەوە قەبارەی ئاگرەکە زۆر گەورە بوو، بەڵام بە هیمەتی هەموو لایەک توانرا لە ماوەیەکی کەمدا زەرەر و زیانێکی زۆر بۆ خەڵکی بگەڕێنینەوە و کۆنتڕۆل بکرێت."
بەڕێوەبەری ژینگەی هەولێر وتیشی، "ئاسایش و پۆلیس و زێرەڤانی ئەو بەشەی بازاریان داخستووە کە سووتاوە، چونکە بە دەیان دووکان هەن کە شتوومەکەکانیان گرانبەهان، لەلایەک بۆ پارێزگاری لێیان لەلایەکی دی بۆ ئەوەی زیانەکان ئەمڕۆ بخەمڵێندرێن."
ژیار جەلال ئاماژەیدا کە دوای تەواوبوونی خەمڵاندنی زیانەکان، تیمەکانیان "بە شێوەیەکی باش" دووکانە سوتاوەکان پاکدەکەنەوە.
Your browser doesn’t support HTML5