فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا هێرش دەکەنە سەر هێزە ئاسایشییەکان لە دێریک

بەرەبەیانی ڕۆژی چوارشەممە، هێزەکانی تورکیا لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە بە چوار هێرش 4 ئۆتۆمبێلیان لە ناوچەی دێریک کردە ئامانج.

بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی دەست دەنگی ئەمەریکا کەوتوون، یەکێک لەو ئۆتۆمبێلانەی کراوەتە ئامانج، لە هێزەکانی سۆتۆرۆیە، سەر بە هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی هەرێمی جەزیرە.

لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا 3 ئەندامی سۆتۆرۆ کوژران و 5 کەسیش بریندار بوون کە 3 کەسیان هاووڵاتی سڤیل بوون.

هێزی سۆتۆرۆ هێزێکی ئاسایشی ناوخۆی ئەنجوومەنی سەربازی سوریایە و لەژێر دەسەڵاتی هێزە ئاسایشییەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادایە.

بەپێی سەرچاوەکان بریندارەکان گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی دێریک و یەکێک لە ئۆتۆمبێلانەشی بریندارەکانی دەگواستەوە بۆ نەخۆشخانە، جارێکی دیکە کراوەتە ئامانج. سەدان کەسیش بۆ خوێن بەخشین سەردانی نەخۆشخانەی شارەکە دەکەن.