ناڕەزایی پێکهاتەکانی هەرێم لەسەر بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە لابردنی کورسی پێکهاتەکان گەشتە کونسوڵخانە و نوێنەرایەتیە جیهانیەکان و لە ڕێگەی یاداشتێکی هاوبەشەوە وێڕای نیگەرانیان لە بڕیارەکە، داوای پاراستنی مافەکانیان و هەڵوێستی نێودەوڵەتی دەکەن.
مونا قەهوەچی، جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەمڕۆ سیانزە لایەنی تورکمانی و نۆ پێکهاتەی مەسیحی لەگەڵ سەرجەم کونسوڵخانەی وڵاتە جیاوازەکان لە هەرێم کۆبوینەوە، لە ڕێگەی یاداشتێکەوە ناڕەزایەتیمان سەبارەت بە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی پێیان گەیاند."
وتیشی،" کونسوڵخانەکان هیچ وەڵامێکیان نەداینەوە، تەنها گوێیان گرت بۆمان و ئەوانیش دەبێت ڕاوێژ لەگەڵ وڵاتەکانیان بکەن ئینجا وەڵامیان دەبێت."
ئەمڕۆ 28ی مانگی 2ی 2024، بەشێکی زۆر لە پێکهاتەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ زۆرینەی کونسوڵخانە و نوێنەرایەتی وڵاتان لە هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە، ئامانج لە کۆبوونەوەکە گەیاندنی دەنگی ناڕەزایەتی ئەو پێکهاتانە بوو سەبارەت بە لابردنی کورسیەکانیان لە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستاندا.
ئەو کونسوڵخانانەی بەشداری کۆبوونەوەکەی پێکهاتەکان بوون، پێکهاتبوون لە هەریەکە لە ئەمەریکا، بەریتانیا، ئەڵمانیا، فەرەنسا، سریلانکا، فەلەستین و تورکیا بوون، پێکهاتەکانیش پێکهاتبوون لە 13 لایەنی تورکمانی و 9 پێکهاتەی مەسیحی.
دوای ئەوەی سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان، سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد، دادگای فیدڕاڵی دوای 9 جار دانیشتن، بڕیاری لەبارەی سکاڵاکانەوەداو شێوازی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی لە هەرێمی کوردستان بەتەواوەتی گۆڕی و ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانیشی کەمکردەوە.
بە پێی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی عێراق، هەرێمی کوردستان لە یەک بازنەی هەڵبژاردنەوە دەکرێت بە چوار بازنەی هەڵبژاردن، هەروەها ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمان لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی کەم دەکرێتەوەو کورسی کەمایەتییە ئاینی و نەتەوەییەکان لابران.
کەمکردنەوەی کورسی کۆتاکان، ناڕەزایەتی پارتی دیموکرات و بەشێکی زۆر لە پێکهاتەکانی لە هەرێم لێکەوتەوە. بەشێک لە پێکهاتەکان بڕیارەکە بە "نادەستوری" و "غەدر" لە خۆیان لێکدەدەنەوە، هەرچی یەکێتییە کە خۆی داواکەی لە دادگای فیدڕاڵی تۆمار کردووە، بڕیارەکە بە بەرژەوەندی پێکهاتەکان و سیستەمی دیموکراسی و پێکەوە ژیان لە هەرێم دادەنێن.
مونا قەهوەچی دەڵێت،" بڕیارەکە سیاسی و نادەستوری بوو، بڕیارەکە دوورە لە پرەنسیپی دیموکراسی، پرۆسەی سیاسی و دیموکراسی لەژەێر مەترسیدایە."
وتیشی،" ئەگەر کورسی کۆتاکان تەواو هەڵبوەشێتەوە، ئەوا بەیانی مەترسی لەسەر ژیانی پێکهاتەکانیش دروست دەبێت، چونکە هەست بە سەقامگیری دەکەین لە هەرێم، بەڵام هەڵوەشاندنەوەی کورسیەکانمان مەترسی لەسەر پێکەوە ژیان دروست دەکات."
Your browser doesn’t support HTML5