سەرۆکی مافەکانی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان: تاوانە جەنگییەکان لەلایەن هەموو لایەنەکانی شەڕی ئیسرائیل و حەماسەوە ئەنجامدراون

ڤۆڵکەر تورک، بەرپرسی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕۆژی پێنجشەممە ڕایگەیاند، تاوانەکانی جەنگ لەلایەن هەموو لایەنەکانی شەڕی نێوان ئیسرائیل و حەماسەوە ئەنجامدراون و داوای کرد لێپرسینەوە لە بەرپرسیاران بکرێت.

ڤۆڵکەر تورک لە ژنێف بە ئەنجومەنی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکانی ڕاگەیاند "پێشێلکاری ڕوونی مافەکانی مرۆڤ و یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانەش تاوانی جەنگ و دەشێ تاوانی دیکە بەپێی یاسا نێودەوڵەتییەکان، لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە ئەنجامدراون." وتیشی " کاتێکی زۆر تێپەڕیوە، کاتی ئەوە هاتووە ئاشتی بەرقەرابێت و لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە ئەنجامبدرێت."

بەپێی ئامارەکانی ئیسرائیل، چەکدارانی حەماس لە 7ی مانگی دە هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و 1200 کەسیان کوشت و 253 کەسیان بە بارمتە گرتووە.

لە دەرئەنجامدا هێرشەکەی حەماس بووە هۆی ئەنجامدانی هێرشی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، بە وتەی خۆیان ئەو هێرشانە بە مەبەستی ڕزگارکردنی بارمتەکان و لەناوبردنی حەماسە. دەسەڵاتدارانی تەندروستی غەززە دەڵێن؛ تا ئێستا نزیکەی 30 هەزار کەس لە کاتی هێرشەکەدا کوژراون و دەیان هەزار کەسیش برینداربوون.

ڤۆڵکەر تورک کە ڕاپۆرتێکی لەبارەی دۆخی مافی مرۆڤ لە غەززە و لە کەناری ڕۆژئاوا پێشکەش کرد، ڕایگەیاند، نووسینگەکەی "زۆر ڕووداوی تۆمارکردووە کە ڕەنگە ببێتە تاوانی جەنگ لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە".

ئیسرائیل ڕایگەیاندووە کە هەموو هەوڵێک دەدات بۆ ئەوەی کەمترین زیان بە خەڵکی مەدەنی بگەیەنێت.

تورک وتیشی گروپە چەکدارە فەلەستینییەکان بە هەڵدانی موشەکی هەڕەمەکی لە سەرانسەری باشووری ئیسرائیل و گرتنی بارمتەکانیش پێشێلکردنی یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکانە.

مانگی ڕابردوو دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای فەرمانی بە ئیسرائیل کرد کە ڕێگری لە کردەوەی جینۆساید دژی فەلەستینییەکان بکات و زیاتر یارمەتی خەڵکی سڤیل بدات، لەکاتێکدا نەیتوانی بگاتە دەرئەنجامی ڕاگرتنی شەڕەکە و ئاگربەستێک.

تورک وتیشی ئاسۆی هێرشی زەمینی ئیسرائیل لە شارۆچکەی سنووری باشووری ڕەفەح، کە نزیکەی یەک ملیۆن و 500 هەزار کەس وەک پەناگە ڕوویان تێکردووە لەوێ هەڵهاتوون و ماڵ و حاڵی خۆیان بەرەو باکوور بەجێهێشتبووە لەپێناو خۆڕزگارکردن لە هێرشی ئیسرائیل و وتیشی "ئەو هێرشە دەبێتە هۆی قەیرانێکی گەورە بۆ خەڵکی غەززە و کارەسات دروستدەکات."

سەرچاوە: ڕۆیتەرز