کورد بە ڕێژەیەکی کەم بەشداری هەڵبژاردنەکانی ئێران دەکەن

هەڵبژاردنی خولی دوازدەهەمی ئەنجوومەنی ئیسلامی و ئەنجومەنی پسپۆڕانی ڕێبەری لە ئێران ڕۆژی هەینی لە کاتێکدا بەڕێوەچوو کە هەواڵەکان و گرتە ڤیدیۆییەکانی ناو تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان باس لە چۆڵبوونی بنکەکانی دەنگدان دەکەن لە شارەکانی ئێران و بەتایبەت شارە کوردییەکان.

چۆڵبوونی بنکەکانی دەنگدان لەکاتێکدایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران چەندین ڕۆژە بانگەشە بۆ بەشداری زۆری خەڵک دەکات لە هەڵبژاردنەکاندا. هاوکات لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران داوایان لە خەڵک کرد بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن و نەڕوەنە سەر سەندوقەکانی دەنگدان.

کاناڵی کوردپا لە تۆڕی ئێکس(تۆیتەری پێشوو) چەندین گرتە ڤیدیۆ و وێنەی بنکەکانی دەنگدانی لە شارە کوردستانییەکان بڵاو کردووەتەوە کە کەسیان تێیدا ئامادە نییە.

لەم گرتە ڤیدیۆیەدا بنکەیەکی دەنگدان لە شاری کامێران پیشان دەدرێت کە لەدوورەوە تۆمار کراوە و خەڵکێکی کەم لەبەردەم بنکەکەدا ئامادەن.

لەئێران زۆربەی بنکەکانی دەنگدان لە خوێندگا و قوتابخانەکاندا جێگیر دەبن و خەڵک بۆ دەنگدان دەچنە ئەو شوێنانەوە. لەم گرتە ڤیدیۆییەدا بنکەیەکی دەنگدانی شاری مەهاباد پیشان دەدرێت کە چۆڵە و کەس تێدا بەشدار نییە.

هەروەها کۆڵبەر نیوز چەندین ڤیدیۆ و وێنەی لە چۆڵبوونی بنکەکانی دەنگدان لە شارەکانی بۆکان، نەغەدە، جوانڕۆ، شنۆ، سەقز، مەریوان، ئیلام و سنە بڵاو کردوەتەوە.

حزبی دیموکرات و کۆمەڵە و پژاک و لایەنەکانی دیکە بە ئاماژەدان بەوەی کە هەڵبژاردن تەنها شانۆیەکە بۆ درێژکردنەوەی تەمەنی کۆماری ئیسلامی ئیران، داوایان لە خەڵک و لایەنگرانیان لە نێوخۆی ئێران کردبوو کە بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی ئێران بکەن.

ئاژانسی هەواڵی تەسنیم کە نزیکە لە سوپای پاسداران سەبارەت بە ڕێژەی بەشداری دەنگدەرانی کورد لە پارێزگای کوردستان ڕایگەیاندووە بەرەبەیانی ڕۆژی هەینی هەڵبژاردنی خولی 12ی ئەنجومەنی ئیسلامی و خولی شەشەمی ئەنجومەنی پسپۆڕانی ڕێبەراتی دەستی پێکرد و تا نیوەڕۆی ڕۆژی هەینی ڕێژەی بەشداریی خەڵکی پارێزگای کوردستان لە هەڵبژاردنەکاندا %12 بووە، ئەمەش لە کاتێکدایە کە نەیارانی کۆماری ئیسلامی دەڵێن ڕێژەکە زۆر کەمترە لەوی کە باس دەکرێت و زۆربەی بنکەکانی هەڵبژاردن چۆڵ بوون و حکومەت بە مەبەستی هاندانی خەڵک بۆ بەشداریکردنیان لە دەنگدان، چەندین جار کاتەکانی دەنگدانی درێژ کردووەتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆر بە کەمی بەشداریان لە هەڵبژاردندا کردووە.

جگە لە شارە کوردییەکان، دەوترێت لە شارەکانی وەک ئیسفەهان، کەرەج، زاهیدان، شاهین شەهر، قەسر قەند و قودسیش خەڵک بە رێژەیەکی کەم لە بنکەکانی دەنگدان ئامادە بوون.

هاوڵاتییەکی خەڵکی ئیسفەهان گرتەیەکی ڤیدیۆیی بڵاوکردەوە و تیایدا دەڵێت ئێرە قەرەباڵغترین ناوچەی شارەکەیە و لەگەڵ ئەوەشدا تەنها چەند کەسێک لە بنکەی دەنگدان ئامادەن بۆ دەنگدان.

هەروەها هاووڵاتییەکی دیکە لە شاری کەرەج گرتەیەکی دیکەی بڵاو کردوەتەوە و تێیدا دەڵێت ئێرە مەیدانی کەرەجە و بازاڕی هەڵبژاردن ببینین چەندە سارد و سڕە.


هاوڵاتییەکی دیکە بە بڵاوکردنەوەی گرتەیەکی ڤیدیۆیی بنکەیەکی چۆڵی دەنگدان لە شاری قودس بە گاڵتە دەڵێت سەیر بکەن چەندە خەڵک بە گرم وگوڕی بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.

ئەم هەڵبژاردنە یەکەم هەڵبژاردنە دوای ناڕەزایەتییەکانی سەرتاسەری "ژن، ژیان، ئازادی"، کە لەو ماوەیەدا سەدان کەس بە تەقەی هێزە ئاسایشییەکان کوژران و هەزاران کەسیش دەستگیر کران. هەروەها کاربەدەستانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە ماوەی یەک ساڵی ڕابردوودا ژمارەیەک لە خۆپیشاندەرانیان لە سێدارە داوە.

ڕاپرسی و پێشبینییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئاستی بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکانی ئەمڕۆدا زۆر نزم دەبێت ، ئەمەش بەهۆی ئەو ناڕەزاییە بەربڵاوەی کە بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە دروست بووە و هەروەها بە هۆی سەرکوتکردنی توندوتیژی ناڕەزایەتییەکان دوای گیان لەدەستدانی ژینا و توندکردنەوەی سنووردارکردنی سیاسی و کۆمەڵایەتی لەو وڵاتەدا.

لە هەڵبژاردنەکانی پێشووی ئەنجوومەنی ئیسلامی ئێران کە لە مانگی سێ ساڵی 2020 بەڕێوەچوو، تەنها %42.5ی خەڵک بەشدارییان کرد کە کەمترین ڕێژە بوو لە دوای شۆڕشی کۆماری ئیسلامی ئێران.