گەر گرفت دروست نەکرێت مانگی شەش هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەدەچێت

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ یەکشەممە 3ی 3ی 2024، فەرمانی هەرێمی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان واژۆ کرد و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی پابەند کرد بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت لایەنە سیاسیەکانی هەرێم کە ئارەزووی بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا هەیە بۆ ساڵی 2024، ناوی لیستەکەیان تۆماربکەن کە لە 5ی 3ی 2024 دەستپێدەکات تا کۆتایی 14ی 3 ی 2024 و ناتوانرێت وادەکە درێژبکرێتەوە.

ئەحمەد مازن، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لقی هەولێر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" کۆمسیۆن هەموو ئامادەکاریەکی کردووە و تا سێ ڕۆژی دیکەش تۆماری بایۆمەتری بەردەوامی دەبێت و ئومێد دەکەین پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بە سەرکەوتووی بەڕێوەبچێت و سەرۆکی هەرێمیش وادەکەی دیاریکردووە."

لە فەرمانەکەی سەرۆکی هەرێمدا هاتووە دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن پاڵپشت بە بڕگەی دووەم لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005 ی هەموارکراو بووە و نیچرڤان بارزانی 10ی مانگی 6ی 2024 ی وەک ڕۆژی هەڵبژاردن دیاریکرد.

دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردن لە لایەن سەرۆکی هەرێمی کوردستان دوای ئەوە هات ڕۆژی 20 ی مانگی 2ی 2024، شاندێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق و نوێنەری یۆنامی لەگەڵ شاندی سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە و گرفتەکانی پێش پرۆسەی هەڵبژاردنیان تاوتوێکرد و داوایان لە سەرۆکایەتی هەرێم کرد کە ڕۆژێک بۆ هەڵبژاردن دیاری بکرێت.

شارەزایانی بواری هەڵبژاردن پێیانوایە ، دۆخەکە لە بارە بۆ ئەوەی هەڵبژادرنی پەرلەمانی کوردستان لە ماوەی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت، "گەر گرفتێکی دیکەی بۆ دروست نەکرێت."

گەرچی تەواوی لایەنەکان ئامادەی خۆیان پیشانداوە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە، بەڵام لە دوای بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لە بارەی نەهێشتنی کورسی کۆتاکان، هەریەک لە حزبەکانی کۆتا و پارتی نیگەرانن لە شێوازی پرۆسەی هەڵبژاردن لەوەی نابێت کورسی کۆتاکان نەمێنێت و کەمبکرێتەوە بۆ 100 کورسی پەرلەمانی.
هەڵشۆ عەبدولفەتاح شارەزایی هەڵبژاردن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" دۆخەکە لە بارە بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، چونکە بە پێی ئامادەکارییەکانی کۆمسیۆن و دواین بڕیارەکانی دادگای باڵای فیدراڵی بێت کۆسپەکان نەماون و پێویستە هەڵبژاردن ئەنجامبدرێت."

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕۆژی 2 ی مانگی پێنجی 2023، لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکرد.

یەکێتی داوایکرد هەڵبژاردنی پەرلەمان لە یەک بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ چوار بازنەیی و کورسی پێکهاتەکانیش بە سەر بازنەکاندا دابەشبکرێت، ئەوە بوو دادگا شێوازی بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی گۆڕی.