لەگەڵ دەستپێکردنی کۆبوونەوەی IAEA ڕۆژئاوا خۆی لە ڕووبەڕووبوونەوەی جددی ئێران دەپارێزێت

کۆبوونەوەی سێ مانگی دەستەی سەرەکی داڕشتنی سیاسەتەکانی ئاژانسی نێونەتەوەیی وزەی ئەتۆمی ڕۆژی دووشەممە دەستیپێکرد و دیپلۆماتکاران دەڵێن زلهێزەکانی ڕۆژئاوا جارێکی دیکە هەڵیانبژارد بە جددی ڕووبەڕووی ئێران نەبنەوە بەهۆی هاوکارینەکردنی لەگەڵ ئاژانسەکە لە کۆمەڵێک پرسدا.

زیاتر لە ساڵێک تێپەڕ دەبێت بەسەر بڕیارنامەیەک کە لەلایەن دەستەی بەڕێوەبەری دەزگای نێودەوڵەتی وزەی ئەتۆمییەوە پەسەند کرا و تیایدا داوا لە ئێران کرا هاوکاری بکات لەگەڵ لێکۆڵینەوەیەکی چەندین ساڵەی ئاژانسەکە سەبارەت بە گەردیلەکانی یۆرانیۆم کە لە شوێنە ڕانەگەیەندراوەکاندا دۆزراونەتەوە.

لەو کاتەوە ژمارەی ئەو شوێنە ڕاگەیەندراوانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت لە سێ شوێنەوە بۆ دوو شوێن بچووک بووەتەوە بەڵام لیستی کێشەکانی نێوان ئاژانسە نێودەوڵەتییەکە و ئێران زیاتر گەشەی کردووە.

ئێران نەیتوانی بە تەواوەتی ڕێز لەو ڕێککەوتنە بگرێت کە تیایدا داوای دووبارە دانانی کامێرای ئاژانسەکە لە هەندێک شوێن دەکرێت و لە مانگی نۆشدا ڕێگری لە هەندێک لە پشکنەرە گرنگەکانی ئاژانسەکە کرد.

ڕافائیل گرۆسی بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسەکە لە کۆبونەوەی دەستەی بەڕێوەبەرایەتیدا گوتی "من ... زۆر بەداخەوەم کە ئێران هێشتا بڕیارەکەی بۆ کشانەوەی دەستنیشانکردنی چەند پشکێنەرێکی بە ئەزموونی ئاژانسەکە پێچەوانە نەکردووەتەوە".

گوتیشی "تەنها لە ڕێگەی بەشداریکردنی بنیاتنەر و مانادارەوە دەتوانرێت چارەسەری هەموو ئەم نیگەرانیانە بکرێت و جارێکی دیکە داوا لە ئێران دەکەم کە هاوکارییەکی تەواو و بێ دوو دڵی لەگەڵ ئاژانسەکەدا بکات".

دیپلۆماتکاران دەڵێن، لەگەڵ بەردەوامبوونی هێرشە سەربازییەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە لە وەڵامی هێرشەکانی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر، کە گرژییەکانی لە سەرانسەری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا زیاتر کرد، ئەمەریکا نەیویستووە مەترسی زیاتر بخوڵقێنێت بە فشاربردن بۆ بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران.

دیپلۆماتکاران پێش کۆبوونەوەی دەستەی کارگێڕی ڕایانگەیاندبوو کە سێ زلهێزی ئەوروپی پێشنیاری دوا بڕیارنامەیان کردووە بە هاوبەشی لەگەڵ ئەمەریکا و کە بە گشتی بە هەماهەنگی لەگەڵ واشنتن، بەریتانیا، فەرەنسا و ئەڵمانیا کاردەکەن کە بە 'E3' ناسراون.

بەڵام وەک دیپلۆماتکاران دەڵێن واشنتن بۆ چەند مانگێکە دژی داوای بڕیارنامەیەک لە دژی ئێران بووە، لانیکەم بەشێکی بەهۆی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمەریکاوەیە کە لە مانگی یازدە بەڕێوەدەچێت.

ئەمەریکا و E3 بە دەنگێکی بەرزەوە ڕەخنەیان لە ئێران گرتووە لەسەر ئەم پرسانە و چەند بابەتێکی دیکە، وەک پەرەسەندنی یۆرانیۆمی پیتێنراوی عەمبارکراو کە ئەگەر زیاتر پیتێنرابێت بەسە بۆ سووتەمەنی چەند بۆمبی ئەتۆمی. ئێران دەڵێت هیچ نیازێکی لەو شێوەیەی نییە.

سەرچاوە: ڕۆیتەرز