پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و ئەنجومەنی ڕاوێژکاری، بەرپرسی مەکتەب و مەڵبەندەکان، بڕیاری دوورخستنەوەی عەبدڵا حاجی مەحمود جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستانی لە ڕیزەکانی پارتەکەی دەرکرد .
ئەمڕۆسێشەممە 5-3-2024 لە کۆبوونەوەیەکی فراواندا بە ئامادەبوونی محەمەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، بە زۆرینەی دەنگ بڕیاری دوورخستنەوە ی عەبدوڵا حاجی مەحمود جێگری سەرۆک لە ڕیزەکانی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان درا و سەرجەم موڵک و ماڵ و بەرپرسیاریەتیەکانیشی کە موڵکی پارتەکەن لێ وەردەگیرێتەوە.
د. فەرهاد تۆفیق وتەبێژی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لە لێدوانێکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، " لە کۆبوونەوەی ئەنجومەنی سەرکردایەتیدا، بڕیاری دورخستنەوە تەنها بۆ عەبدڵا حاجی مەحمود لە ڕێزەکانی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان دراوە ، سەرجەم موڵک و ماڵەکەی کە پەیوەستە بە پارتی سۆسیالستەوە دوای بە دواداچونی ئیدارە لێی وەردەگیرینەوە".
وتەبێژی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان ئەوەشی ڕوونکردەوە،" بەپێی پێڕەو هەوڵی نانەوەی ناکۆکی و پابەند نەبوون بە ئەرکەکان و بەکارهێنانی پۆستەکەی بۆ بەرژەوەندی کەسی، بنەمای دەرکردنی ئەو بڕیارەیە کە ئەمڕۆ دراوە و پەیڕەو دیاری کردووە، پۆستە حکومیەکەشی بە مافی خۆمانی دەزانین لێی وەربگرینەوە"
ڕۆژی 18 ی مانگی 2 ی 2024، کێشەکانی نێوان محەمەد حاجی مەحمود سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات و عەبدوڵای برای کە جێگریەتی بە تەواوەتی تەقینەوە، کاتێک لە گوندی گوڵەخانەی ناوچەی شارەزوور بارگرژی لەنێوانیاندا ڕوویدا.
ئەمڕۆ سێشمەممە عەبدوڵا حاجی مەحمود لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا، بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەتی حزبەکەی ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت، من جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستانم و بڕیارەکانیش لە دەرەوەی پەیڕەو دراون .
عەبدوڵا حاجی مەحمود جێگری سەرۆکی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، " ئەوبڕیارانەی کە دراون لە دەرەوەی پەیڕەون، هەموو بارەگاکانی پارتی سۆسیالست بە بارەگانی خۆم دەزانم، هۆکاری کێشەکان پەیوەندی بەو تێڕوانینی جیاوازەوە هەیە، ئێمە پێمان وایە دەبێت هەربڕیارێک بدرێت ئەوا لە چوارچێوەی پەیڕەوبێت".
عەبدوڵای حاجی مەحمود وتیشی، " ئەم کێشانەی کە ئێستا دروست بوون ، کاریگەریان لەسەر دەنگ و قەربارەی پارتی سۆسیالست لە هەڵبژاردن دەبێت و ئێمە هیوامان وایە کێشەکان چارەسەربکرێن، سەرجەم بڕیارەکانیش ڕەتدەکەینەوە".
پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان میکانزیمی بەستنی کۆنگرەی نائاسایی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی دەستپێکردوە و یڕیارە لە نزیکترین کاتدا ڕۆژی کۆنگرە دیاری بکرێت.
د. فەرهاد تۆفیق وتەبێژپارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند " ڕێکارەکانی بۆ بەستنی کۆنگرە گیراونەتە بەر تەنها دیاری کردنی ڕۆژەکەی ماوە کە دەبێت ڕۆژێکی گونجاو بێت ".
بەپێ بڕیارەکانی ئەنجومەنی سەرکردایەیتی پارتی سۆسیالست دیموکراتی کوردستان، ڕێگەی بە عەبدوڵا حاجی مەحمود نادرێت سەردانی بارگاکانی پارتەکەی بکات، ئەو ئەندامانەی سەرکردتیەتی و مەکتەبی سیاسی کە لەگەڵ ئەودان لەکارو باری حزب سڕ کراون.
Your browser doesn’t support HTML5