هەشتی مارس ڕۆژی جیهانی ژنان لە دوای بزوتنەوەی "ژن،ژیان،ئازادی" ڕەنگێکی جیاوازی بۆ ژنانی ئێران وەرگرتووە. لای زۆرێک لە چالاکوانانی ژنان، هەشتی مارس دەرفەتێکە بۆ ڕێزگرتن لە خەباتی ژنان لە ئێران بە تایبەت لە ماوەی ساڵی ڕابردوودا کە لە شەڕێکی ڕاستەوخۆدا بوون لەگەڵ حکوومەتێکی ئایینی و پیاوسالار. هەروەها دەرفەتێکیشە بۆ چاوخشاندن بەسەر دەستکەوتەکانی ئەو بزووتنەوەیە کە بە دەگمەنترین بزووتنەوەی ناو ئێران ناوی دەبەن لەوەتای هاتنە سەرکاری کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە.
لە دوای گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی حکومەتی ئێران ڕووبەڕووی ناڕەزایەتییەکی بەرفراوان بە دروشمی سەرەکی "ژن، ژیان، ئازادی" بوویەوە کە بە گوتەی زۆرێک لە چاودێران، لە مێژووی خەبات و چالاکی کۆمەڵایەتی-سیاسی ئێراندا بێ وێنە بووە.
پێشتر ناڕەزایەتیی بەرفراوان لە ئێران دروست بووبوو، بەڵام هیچ کات ناڕەزایەتییەک کە ژنان بەو شێوەیە پێشەنگی بن و پرسی ژن و مافەکانیان یەکێک لە داواکارییە سەرەکییەکانی بێت، ڕووی نەدابوو.
گوشارە کۆمەڵایەتییەکان، گرانی و هەڵاوسان، سەرکوتکردن و سزادانی چالاکوانان و کەمایەتییە ئایینی و نەتەوەییەکان و پەراوێز خستنیان و سنوردارکردنی ژنان هەموو لە شوێنی خۆیان دەتوانێت بەشێک بن لە بابەتی ئەو ناڕەزایەتییە بەرفەراوانەی کە کاریگەرییەکانی تاکو ئێستاش بەردەوامە، بەڵام ئەو هێزە بزوێنەرەی کە هەمووانی لە دەوری یەک کۆکردەوە، گیانلەدەستدانی ژینا ئەمینی، کچە کوردی خەڵکی سەقز بوو لە ژێر دەستی پۆلیسی ئاکاری ئێران لە شاری تاران بە بیانووی ڕچاو نەکردنی حیجابی زۆرەملێ.
ئەمەش ببینە یەکسانیی جێندەریی لە کۆمەڵگە داخراوەکاندا
ناڕەزایەتییەکان لە کوردستانەوە دەستیان پێکرد و زۆری نەبرد کە تاران و شارەکانی دیکەی ئێرانیشی گرتووە و حکومەتی ئێرانیش دەستی دایە سەرکوتکردنێکی بەربڵاو لە شارەکاندا و بە گوتەی ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ لە میانەی ناڕەزایەتییەکاندا زیاتر لە 500 کەس بە تەقەی هێزەکانی ئاسایشی ئێران کوژران و هەزاران کەسیش بریندار و دەستبەسەرکران.
بەڵام دوای هەژدە مانگ لە ناڕەزایەتییەکان، هێشتا ناکۆکییەکان لەسەر حیجابی زۆرەملێ یەکێکە لەو پرسە سەرەکییانەی کە لە ژینگەی سیاسی ئێراندا باس دەکرێت و زیندووە.
لە چەند مانگی یەکەمی دوای گیان لەدەستدانی ژینا ئەمینی دەسەڵاتدارانی ئێران بەبێ ئەوەی بە فەرمی ڕاێبگەیەنن، لە هەوڵدا بوون بۆ کۆتاییهێنان بە یەکەی پۆلیسی ئاکار، بەڵام ئێستا کە توانیویانە بە سەرکوتکردنێکی قورس ناڕەزایەتییەکان کۆنتڕۆڵ بکەن، بەدوای ڕێگایەکدا دەگەڕێن بۆ مامەڵەکردن و ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ژنانەی لە شوێنە گشتییەکاندا حیجابی زۆرەملێ ڕچاو ناکەن. وەک دانانی کامێرای چاودێری لە بازاڕەکان بۆ دەستنیشانکردنی ئەو ژنانەی حیجابەکانیان گونجاو نییە یان هەڕەشەی داخستنی ئەو پیشانەی ڕێگە بە ژنان دەدەن بە بێ حیجابی گونجاو سەردانیان بکەن و یان غەرامەکردنی ژنان و ...هتد.
بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا زۆرێک لە ژنان پێیان وایە چیدیکە دۆخەکە ناگەڕێتەوە بۆ پێش ناڕەزایەتییەکان. سارا کە ناوێکی خوازراوە و ناوە ڕاستەقینەکەی لای دەنگی ئەمەریکا پارێزراوە و نەیویستووە ئاشکرا بکرێت، دەڵێت "راستە پێدەچێت کە بزووتنەوەی 'ژن، ژیان، ئازادی' هێوربوبێتەوە، بەڵام ناڕەزایەتی و نافەرمانی مەدەنی بەتایبەتی لەلایەن ژنانەوە هێشتا بەردەوامە، چ لە ئاستی شەقام و شوێنە گشتییەکاندا و چ لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا."
دەشڵێت "لە شەقام و بازاڕەکاندا ڕۆژانە ڕووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر ژن و کچ دەبینەوە کە بە لابردنی حیجابەکانیان و دیاریکردنی شێوەی جلوبەرگ پوشینیان درێژە بە خەبات دەدەن و ئەمەش یەکێکە لە دەستکەوتە بەرجەستەکانی ناڕەزایەتییەکانی بزووتنەوەی ژن،ژیان،ئازادی، چونکە توانیویەتی تا ڕادەیەک هەڵوێست و هەڵسوکەوتی خەڵک و مامەڵەی حکومەتیش بە ناچاری بگۆڕێت."
بە بڕوای زۆرێک لە چاودێران و شارەزایانی سیاسی، یەکەمجار بوو لە مێژووی سیاسی هاوچەرخی ئێراندا پیاوان لە ناڕەزایەتییەکانی دوای گیان لەدەستدانی ژینا بۆ پشتیوانی لە ژنان بڕۆنە ناو شەقامەکان و بەشێکی زۆریان پێیان وابوو دەستبەبەر کردنی مافەکانی ژنان و ئازادبوونیان، ڕێگایەکیشە بۆ ئازادی خوودی خۆیان و هەموو کۆمەڵگەش."
سارا دەڵێت "کۆمەڵگەی ئێران بە هەموو نەتەوەکانەوە لە میانەی ناڕەزایەتییەکاندا گەیشتبوونە هاوسۆزی و هاودەنگییەک و هەڵوێستی زۆر کەس بەرامبەر بە بیروباوەڕی ئایینی گۆڕا و زۆرێک لە پیاوان کە پێشتر لە ژێر کاریگەری بیری پیاوسالاریدا بوون، پشتیوانی خۆیان بۆ ژنان دەربڕی."
دەشلێت "ڕەنگە زۆر کەس پێیانوابێ بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی دەستکەوتێکی بەرچاوی نەبووە، چونکە نەبووەتە هۆی گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی وڵاتدا، بەڵام بە بۆچوونی من کە ئەمڕۆ لە ئێران دەژیم و ڕۆژانە لەگەڵ بەشە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا کار دەکەم، ئەوەی ڕوویدا زۆر قووڵتر و گرنگتر بوو لە گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسیدا."
زۆرێک لە توێژەرانی کۆمەڵایەتی ئێران سەبارەت بە کاریگەرییەکانی بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی لە ئێران دەڵێن هەندێک لە شۆڕشە سیاسییەکان تەنیا بۆ گۆڕینی دەسەڵاتی حوکمڕانی نین، بەڵکو دەتوانن گوتارێکی کۆمەڵایەتی بەرهەم بهێنن و لەو ڕێگەیەوە کاریگەرییان هەبێت و تەنانەت زەمینەی شۆڕشێکی ڕۆشنبیری دروست بکەن و بۆ ئەم مەبەستەش بزووتنەوەی ژن، ژیان، ئازادی وەک نموونە دەهێننەوە کە جگە لە هەوڵدان بۆ گۆڕینی سیستەمی سیاسی، هەوڵی گۆڕینی بیرکردنەوە و هەڵسوکەوتی کۆمەڵگەشی داوە.
دکتۆر فاتمە کەریمی، پسپۆڕ لە بواری کۆمەڵناسی جێندر و ئەندامی بەڕێوبەری تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان لە گفتوگۆیەکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دەڵێت "سەرهەڵدانی بزووتنەوەی ژن، ژیان،ئازادی نەک هەر خاڵێکی وەرچەرخان بوو لە خەباتی ژنان بۆ مافە سەرەتاییەکانیان، بەڵکو پیشاندەری بەرخۆدانی ژنانی نەتەوە پەراوێزخراوەکانیش بوو. بەرخۆدانێک کە وایکرد تەنانەت خوودی فێمینیزمی ناوەند، واتە فێمینیزمی فارسییش بەخۆیدا بچێتەوە و ڕووبەڕووی ئەو ڕاستییە ببنەوە کە ژنێکی کورد، بەلووچ یان عەرەب کە لە ئێران دەژیت، تەنها ڕووبەڕووی چەوسانەوەی جێندەری نابێتەوە، بەڵکو هاوکاتی پرسی جێندەری، ڕووبەڕووی فۆرمەکانی دیکەی چەوساندنەوەی نەتەوەیی-ئایینی و زمانەوانیش دەبێتەوە."
دەشڵێت "بزووتنەوەکە وایکرد بۆ یەکەمجار دەنگی ژنانی کورد و نەتەوەکانی دیکەی نێو ئێران ببیسرێت و چیدیکە وەک قوربانییەک سەیر نەکرێن کە تەنها لەلایەن خێزان و بنەماڵەکانیانەوە دەچەوسێندرێنەوە."
دکتۆر کەریمی لە کۆتایی قسەکانیدا دەشڵێت "دیارترین جیاوازی بزووتنەوەی ژینا کە دەکرێت وەک دەستکەوتێکیش بێت بۆ ژنان لە ئێران، ئەوە بوو کە بۆ یەکەمجار لە مێژووی ئێراندا پرسی ژن بوو بە بابەتی سەرەکی بزووتنەوەیەک کە هەموو جومگەکانی نێو کۆمەڵگە، لە خەڵکی ئاساییەوە بگرە تا دەگاتە چالاکوانانی گرتەوە و هەمووی هێنایە دەنگ."
لای چالاکوانان بە گشتی هەشت مارس بۆ ژنان لە ئێران ئەمساڵ جیاوازە لە ساڵانی تر و پێیان وایە بەشێکی زۆری کۆمەڵگەی پیاوسالاری، لەژێر کاریگەری ئەوەی کە بە بزووتنەوەی ژن،ژیان، ئازادی ناسراوە، ڕوانگەیان سەبارەت بە دەسەڵات گۆڕاوە و سروشتی کۆماری ئیسلامییان بە باشی بۆ دەرکەوتووە و هەربۆیە کۆمەڵێکی زیاتر لە خەڵک، تەنانەت خەڵکی ئایینی و کۆنەپارێزیش لە ئێستادا پشتگیری ژنان دەکەن لە دەستبەرکردنی مافەکانیاندا.