لە سێ مانگی ئەمساڵدا تورکیا 241 جار خاکی کوردستانی بۆردومانکردووە و چوار هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە

Bordoman

فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی تورکیا بەرەبەیانی ئەمڕۆ 8ی مانگی 3ی 2024، بۆردومانی چیای حەوت تەبەقی لە سنوری ناحیەی دینارتە کرد و بەو هۆیەوە دوو هاووڵاتی گیانیان لە دەستداو و یەکێکی دیکەش برینداربوو، یەکێک لە کوژراوەکان پیشەی پێشمەرگەیە و بە مەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بە هاری ڕوویان لە چیاکە کردبوو.

ڕێکخراوی CPT ئەمەریکایی کە ڕێکخراوێکی بواری مافەکانی مرۆڤە و کار لەسەر بە دۆکێۆمێنتکردن و بە داتاکردنی بۆردومانەکان وهێرشەکانی تورکیا و ئێران لە هەرێمی کوردستان دەکات ڕایگەیاند لە سەرەتایی ئەمساڵەوە تا 8ی مانگی 3ی 2024، وڵاتی تورکیا چ بە فڕۆکەی جەنگی بێت یاخود فڕۆکەی بێفڕۆکەوان یان بۆردومانی دیکە، 241 جار ناوچە جیا جیا سنورییەکانی خاکی هەرێمی کوردستانی بۆردومانکردووە و لە ئەنجامدا 4 هاووڵاتی مەدەنی گیانیان لە دەستداوە و یەکێکی دیکەش برینداربووە.

ڕێکخراوەکە ئەوەشی خستووەتە ڕوو پشکی شێر لە بۆردمانەکان بەر پارێزگای هەولێر کەوتووە، چونکە لە کۆی 1649 بۆردومانی خاکی کوردستان، 575 بۆردومانی تورکیا بۆ سەر ناوچەکانی سنوری هەولێر بووە، لە دوای ئەوەش پارێزگای دهۆک بە پلەی دووەم کە 517 جار بۆردومانکراوە و سلێمانیش 420 جار هێرشیکراوەتە سەر و دواتر پارێزگای نەینەوا بە دیاریکراوی شەنگال و گوندی خازلیەش 36 جار بۆردومانکراوە.

دەنگی ئەمەریکا لەسەر بۆردومانەکەی بەیانی ئەمڕۆ8ی مانگی 3ی 2024 پەیوەندی بە سەربەست سەبری بەڕێوەبەری ناحیەکەوە کرد، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو.

کامەران عوسمان بەر پرسی دیکسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی CPT ئەمەریکایی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" بۆردومانەکەی بەیانی ئەمڕۆ8ی مانگی 3، بۆ سەر چیای حەوت تەبەق بووە بە دیوی گووندی بەریسکێدا لە سنوری ناحیەی دینارتەی قەزای ئاکرێ، لە ئەنجامی بۆردومانەکە دوو هاووڵاتی گیانیان لە دەستدا و یەکێکی دیکەش برینداربوون و سەر جەمیان خەڵکی گوندی دیوێکێن لە دینارتە."

بۆردومانی ئەمڕۆی فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا لە کاتێکدایە، ئەمە دووەمجارە تەنها لە ماوەی 16 ڕۆژی ڕابردوودا گوندە سنورییەکانی ناحیەی دینارتە بۆردومان دەکرێت و هاووڵاتی مەدەنی دەکرێتە ئامانج، چونکە ئێوارەی 20ی مانگی 2ی 2024، بە هەمان شێوە چوار هاووڵاتی کە دانیشتووی گوندەکانی "گربیشێ و دودیێنی" سەر بە دینارتە بوون، بە مەبەستی کاروباری باخداری و جووتیاری چووبوونە سەر گوندی کافیا، کە گوندێکی چۆڵە لەو کاتە دا فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بۆردومانیکردن و بەو هۆیەوە دووانیان گیانیان لە دەستدا و دوای 8 کاتژمێر توانرا تەرمەکانیان بگەڕێنەوە نێو گوندەکانیان.

کامەران عوسمان بەر پرسی دیکسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی CPT ئەمەریکی ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" قوربانییەکان بە مەبەستی کۆکردنەوەی گژوگیای بەهاری ڕوویانکردبووە سەر چیاکە، سەعید موبارەک یەکێکە لەکوژراوەکان و تەمەنی 41 ساڵە و خێزاندارە و پێشمەرگەیە و ئاراس فەرەجی تەمەن 29 ساڵ بە هەمانشێوە کوژراوە و خێزاندارە و وەک سکرتێری پزیشک لە نۆرینگەیەک کاری کردووە و ساڵح موبارەک زێباریش بریندارە."

سەربەست سەبری بەڕێوەبەری ناحیەی دینارتە لە ماوەی ڕابردوو لە لێدوانێکیدا بە دەنگی ئەمەرکیا وت،" 20 گوند لە سنوری دینارتە ساڵانێکی زۆرە چۆڵکراوە بە هۆی مەترسی بۆردومانە بەردەوامەکان و داوا دەکەین حکومەتی عێراق و تورکیا بگەنە ڕێکەوتن تا کۆتایی بە بۆردومان بهێنرێت، چونکە ناکرێت ژیانی هاووڵاتیان بە چوونیان بە مەبەستی کاری باخداری بکەوێتە مەترسیەوە."

ناوچە سنوریەکان بەهۆی جموجۆڵی بەردەوامی چەکدارانی پەکەکە و فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکانی تورکیا بەردەوام لە مەترسیدایە و ساڵانە چەند جارێک هاووڵاتی مەدەنی لەو نێوەندەدا گیان لەدەست دەدەن.

بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوی CPT ئەمەریکایی کە چاودێری بۆردونەکان دەکات، بڵاویکردەوە جگە لە ئەمساڵ کە وڵاتی تورکیا 241 جار خاکی کوردستانی بۆردومانکردووە لە ساڵی 2023 تورکیا 1548 جار بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی کردووە، بە جۆرێک زۆرینەی بۆردومانەکان لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگیەوە بووە کە ژمارەیان 1159 هێرش بووە، هەروەها 228 جاریش بۆردومانەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە، ئەوانی دیکەی بە هەلیکۆپتەر و تۆپباران و تەقەکردنەوە بووە.