ئەردۆغان ئیسرائیل بە تیرۆریست ناو دەبات و نەتانیاهۆش ئەو بە کوشتنی کوردەکان تۆمەتبار دەکات

بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لە وەڵامی قسەکانی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان کە بۆ پشتیوانی لە حەماس، ئیسرائیلی بە وڵاتێکی تیرۆریستی ناودێر کردبوو، سەرۆککۆماری تورکیا تۆمەتبار دەکات بە کۆمەڵکۆژی کوردەکان و پشتگیریکردنی لە حەماس.

سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل لەکاردانەوە بە گوتەکانی سەرۆککۆماری تورکیا لە تۆڕی ئیکس بڵاویکردەوە "ئیسرائیل کە پابەندە بە یاساکانی شەڕەوە، بانگەشەی ئەخلاقی لە ئەردۆغان وەرناگرێت کە پاڵپشتی لە بکوژان و دەستدرێژکارانی ڕێکخراوی تیرۆریستی حەماس دەکات و هۆلۆکۆستی ئەرمەنەکان ڕەتدەکاتەوە و کورد لە وڵاتەکەی خۆیدا کۆمەڵکوژ دەکات."

سەرۆککۆماری تورکیا لە وتارێکیدا ڕۆژی شەممە 9ی مانگی سێ لە ئەستەنبوڵ جارێکی دیکە جەختی لە پشتیوانیی یەکلاکەرەوەی ئەنکەرە بۆ گرووپی توندڕەوی حەماس کە لەلایەن ئەمەریکا و یەکێتی ئەورووپاوە وەک گرووپێکی تیرۆریستی ناسێنراوە، کردەوە و گوتی "هیچ کەس ناتوانێت ناچارمان بکات حەماس وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی دەستنیشان بکەین."

ئەردۆغان گوتیشی "ئیسرائیل کە دەوڵەتێکی تیرۆریستییە، بە پشتیوانی سەربازی و دیپلۆماسی بێسنووری زلهێزەکانی ڕۆژئاوا، سیاسەتی جینۆسایدی تەواوی لە دژی برا فەلەستینییەکانمان جێبەجێ دەکات."

گوتیشی "ناتانیاهۆ و بەڕێوبەرایەتییە پڕ لە ڕق و کینەکەی ناوی خۆیان خستە پاڵ ناوی هیتلەر، مۆسۆلینی، ستالین، پۆل پۆت، فرانکۆ و بکوژانی دیکە و وەک نازییەکانی ئەمڕۆ تاوانەکانی دژی مرۆڤایەتیان ئەنجامداوە."

سەرۆککۆماری تورکیا جەختی لەوە کردەوە کە وڵاتەکەی بە ئاشکرا لەگەڵ سەرکردەکانی حەماس قسە دەکات و بە توندی پشتگیریان دەکات و گوتیشی "ئێمە هەرچی پێویست بێت دەیکەین بۆ دڵنیابوون لەوەی ئیسرائیلییە بکوژەکان لەبەردەم یاسا نێودەوڵەتییەکاندا لێپرسینەوەیان لەگەڵدا دەکرێت."

لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و تورکیا دوای زیاتر لە دە ساڵ لە قەیران وئاڵۆزی بە دەستپێشخەریی ئەردۆغان لە سەروبەندی هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی تورکیا لە ساڵی ڕابردوودا باشتر بووبوو، شەڕەقسەی نێوان سەرکردەکانی دوو وڵات لەم ماوەیەی دواییدا، هەردوو وڵاتی بەرەو قۆناغێکی نوێی ڕووبەڕووبوونەوەی دیپلۆماسی بردووە.

لەگەڵ دانیشتنی دادگای نێودەوڵەتی لە لاهای لە مانگی یەکی ئەمساڵدا سەبارەت بە پێشێلکاریی مرۆیی لە غەززە لە لایەن ئیسرائیلەوە، ئەردۆغان ڕایگەیاند کە تورکیا بۆ پشتیوانی لە باشووری ئەفریقا، بەڵگەنامەی پێشکەش بە دادگاکە کردووە و لە داهاتووشدا درێژە بەم کارە دەدات.

هەرچەندە هەردوو وڵات باڵیۆزەکانیان گەڕاندۆتەوە، بەڵام پەیوەندییە فەرمییەکانیان هێشتا نەپچراوە.