ئایا دەتوانرێت لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان ساختەکاری بکرێت؟

بەرپرسی هۆبەی کاروباری پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لقی هەولێر ڕایگەیاند تا ڕۆژی یەکشەممە 10ی مانگی 3ی 2024 هیچ هاوپەیمانیەتێک لە کۆمسیۆن تۆمارنەکراوە، ئەوەی کراوە تەنها 29 کاندیدی سەربەخۆ و 7 لایەنی سیاسی فۆرمیان وەگرتووە.

بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەرێمی کوردستان بە سەر چوار بازنەدا دابەشدەکرێت، بازنەکانیش بە پێی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکان دیاریدەکرێن، ئەو 100 کورسیەی کە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری لەسەردا بەم شێوەیە کورسیەکان دابەشکراوە، هەولێر 34 کورسی و سلێمانی 38 کورسی و دهۆک 25 کورسی و هەڵەبجە 3 کورسی.

فەرهاد ئەسعەد شێتنە بەرپرسی هۆبەی کاروباری پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لقی هەولێرلە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند،" هەر کەسێک بیەوێت خۆیی بۆ پەرلەمانی کوردستان کاندید بکات، دەبێت تەمەنی لە 25 ساڵ کەمتر نەبێت و دانیشتووی شارەکانی هەرێمی کوردستان بێت، هەروەها نابێت کاندید کارتی نیشتمانی ناوچە جێناکۆکەکان بێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشینەی تاوان و پێشووتر هیچ پەیوەندیەکی بە حزبی بەعسەوە نەبووبێت."

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق بڵاویکردەوە دەبێت کاندیدی سەربەخۆ بڕی یەک ملیۆن دینار باج بدات بە کۆمسیۆن و کاندیدی لایەنە سیاسیەکان 5 ملیۆن دینار و کاندیدی هاوپەیمانێتیەکان 10 ملیۆن دینار، جگە لەوەش فۆرمی دەستەی دەستپاکی دوای پڕکردنەوەی ئاراستەی کۆمسیۆن بکات، ئەوکات مافی بەشداریکردنی پێدەدرێت و وەک کاندید لە هەڵبژاردنی 10ی 6 ی 2024 بەشداردەبێت.

بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن ڕادەگەیەنێت هەڵبژاردنی ئەمجارەی پەرلەمانی کوردستان جیاوازترە لە هەڵبژاردنەکانی دیکە، چونکە تەواوی دەرگاکان بە ڕووی ساختەکاری داخراوە.

ئارام جەمال توێژەر و شارەزایی هەڵبژاردن و بەڕێوەبەری پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژادن بە دەنگی ئەمەریکای وت،" ئەو جیاوازیانەی کە لەم هەڵبژاردنەدا بە دیدەکرێت و جیادەکرێتەوە لە هەڵبژاردنەکانی دیکە ئەوەیە، یەکەمجارە بە کارتی بایۆمەتری دەنگ دەدرێت و لە هەمانکاتدا ئامێری تەکنەلۆژیا بێتە ناو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانەوە و دواخاڵیش چاودێریەکی چڕی کۆمەڵگەی نێو دەوڵەتی لەسەر بێت، بە دڵنیایەوە ساختەکاریکردن لە هەڵبژاردنەکە مەحاڵ دەبێت."

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی 3ی 3ی 2024، فەرمانی هەرێمی بۆ دیاریکردنی ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان واژۆ کرد و ڕۆژی 10ی مانگی 6ی 2024 دیاریکرد، بە پشتبەستن بە بڕگەی دووەم لە ماددەی دەیەم لە یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ژمارە 1ی ساڵی 2005 ی هەموارکراو، هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانی پابەند کرد بە ئەنجامدانی کاری پێویست بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق.

ئارام جەمال، توێژەر و شارەزایی هەڵبژاردن ئەوەشی وت،" هەڵبژاردنەکە ململانێی زۆری تێدایە، بەڵام لەو بڕوایەدانین کە کەس بتوانێت هەوڵی ساختەکاری بدات، چونکە جگە لە هۆکارەکانی دیکە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق هەڵبژاردنەکە بەڕێوە دەبات و دەرگای ساختەکاری داخستووە، چونکە زیندووترین نموونە بۆ ئەوەی بڵێن هەڵبژاردنێکی بێ خەوش دەبێت ئەوەیە ساڵی 2021 هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و لە ماوەی ڕابردووش هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانیان بە باشی بەڕێوەبردووە، بەڵام ئەوەی تێبنی دەکرێت هەڵمەتێکی ناشرین هەیە بۆ ساردکردنەوەی خەڵکی لەوەی دەڵێن ساختەکاری دەکرێت بۆ ئەوەی خەڵکی بەشداری پرۆسەکە نەکەن."

جگە لە کۆتاکان کە نیگەرانن لە نەمانی کورسی کۆتا، تەواوی لایەنە سیاسەکان لەگەڵ ئەوەدان کە لەکات و ساتی خۆیدا هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە بچێت.

فەرهاد ئەسعەد شێتنە بەرپرسی هۆبەی کاروباری پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لقی هەولێروتیشی،" لە سبەی ڕۆژی دووشەممە 11ی مانگی 3ی 2024 لەگەڵ نوێنەرانی 39 حزبە سیاسیەکەی کوردستان دانیشتن دەکەین بەبەشداری نوێنەرانی کۆمسیۆن لە هەرسێ پارێزگاکەی کوردستان بە مەبەستی ڕاهێنان و چۆنێتی شیکردنەوەی شێوازی هەڵبژاردنەکە، تۆماکردنی کاندیدەکان و لیستەکان لە 13ی مانگی 3ی 2024 وە دەستپێدەکات تا 22ی مانگی 3."