ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند ئیسرائیل دەبێت پاراستنی خەڵکی سیڤل لە غەززە بکاتە ئەرکی سەرەکی لە شەڕەکەی دژی حەماسدا.
بلینکن لە ڤیدیۆ کۆنفرانسێکیدا لەگەڵ هاوتا نێودەوڵەتییەکانی بە ڕۆژنامەوانانی ڕاگەیاند "ئێمە چاومان لە حکومەتی ئیسرائیلە بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی پاراستنی گیانی هاووڵاتیانی مەدەنی کاری لە پێشینەی دەبێت، هەروەها گەیاندنی ئەو هاوکارییانەی کە خەڵک پێویستیانە." وەک چۆن هەرچی پێویست بێت بۆ بەرگریکردن لە وڵات و بەرپەرچدانەوەی ئەو مەترسییەی حەماس دەیکەن.
بلینکن لە ڤیدیۆ کۆنفرانسەکەیدا لەگەڵ وەزیرانی قوبرس، بەریتانیا، میرنشینە یەکگرتووەکانی عەرەب، قەتەر، یەکێتی ئەوروپا و نەتەوە یەکگرتووەکان کۆبووەوە و تاوتوێی ڕێڕەوی دەریایی نوێیان کرد بۆ گەیاندنی هاوکارییەکان بۆ خەڵکی غەززە.
سوپای ئەمەریکا کەشتییەکی ڕەوانەی دەریای ناوەڕاست کردووە بۆ دروستکردنی بەندەرێکی کاتی لە کەناراوەکانی غەززە بۆ دابینکردنی ڕێڕەو و گەیاندنی یارمەتی زیاتر بۆ غەززە، بەڵام دەڵێت ئەگەری هەیە دوو مانگ بخایەنێت تاکو بەندەرەکە تەواو دەبێت.
دەزگای پەنابەرانی فەلەستینی نەتەوە یەکگرتووەکان، UNRWA، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، لانیکەم یەکێک لە ئەندامانی ستافەکەی کوژراوە و 22 کەسی دیکەش برینداربوون، بەهۆی هێرشێکی ئیسرائیل کە ناوەندێکی دابەشکردنی خۆراکیان لە بەشی ڕۆژهەڵاتی ڕەفەح، لە باشووری کەرتی غەززە کردووەتە ئامانج.