ترسی دەنگ نەهێنان و بەفیڕۆچوونی دەنگەکانیان حزبە "بچووکەکان" ی ناچار کرد پێکەوە هاوپەیمانێتی ببەستن، ئەو حزبانە دەیانەوێت سوود لە دەنگەکانی یەکتری بۆ بەدەستهێنانی کورسی لە پەرلەمانی داهاتووی هەرێمی کوردستان وەربگرن.
هەر یەک لە حزبی شیوعی کوردستان، حزبی زەحمەتکێشان و پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان هاوپەیمانێتییان لە ژێر ناوی هاوپەیمانی کوردستانی ڕاگەیاند و پێکەوە بەشداری هەڵبژاردن دەکەن.
پارتی پارێزگارانی کوردستان، پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان و یەکێتی نەتەوەیی دیموکراتی کوردستان لەگەڵ عەبدوڵای حاجی مەحمود جێگری دوورخراوەی سەرۆکی پارتی سۆسیال دیموکرات پێکەوە هاوپەیمانێتی سەردەمیان ڕاگەیاند.
فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئەم سێ پارتەی هاوپەیمانێتیمان ئەنجامداوە پێشتر لە پرسە سیاسییەکاندا هاوهەڵوێست بووین. ئامانج لە هاوپەیمانێتییەکەمان بەڕێوەچوونی پرۆسەی سیاسییە بەدروستی."
دەشڵێت،"بۆ ئەوەی دەنگی لایەنەکان نەفەوتێت و بەشداری کارامان هەبێت لە پرۆسەی سیاسی بڕیاری بەستنی هاوپەیمانێتیماندا."
لە مانگی 5 ی ساڵی 2023، فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد، ئەنجامی سکاڵاکەش گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردنی لەیەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی، لابردنی کورسی کۆتاکان و کەمکردنەوەی ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی لە 111 کورسییەوە بۆ 100 کورسی لێکەوتەوە.
ئەو حزبانەی لە هەرێمی کوردستان کە بە حزبە "بچووکەکان" ناسراون، دژی گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن بوون لە یەک بازنەییەوە بۆ چوار بازنەیی بەو پێیەی دەرفەتی هێنانی کورسییان کەمترە، بەڵام بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی ناچاری کردن لە ڕێگەی بەستنی هاوپەیمانێتییەوە هەوڵی بەدەستهێنانی کورسی پەرلەمانی بدەن.
باپیر کامەلا، سەرۆکی پارتی کرێکاران و ڕەنجدەرانی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێشتر لەگەڵ حزبی شیوعی و پارتی سۆسیال دیموکرات و زەحمەتکێشان هەوڵی هاوپەیمانێتیمان هەبوو، بەڵام سەرینەگرت بۆیە بەجیا هاوپەیمانێتیمان دروستکرد."
ئەو وتیشی،"دەمانەوێت وەکو لایەنەکان سود لە دەنگەکانی یەکتری لە بازنە جیاوازەکان وەربگرین تا دەنگەکانمان نەفەوتێت."
گۆڕینی شێوازی هەڵبژاردن و ترسی بەدەست نەهێنانی کورسی تەنها حزبە "بچووکەکان"ی ناچار بە هاوپەیمانێتی نەکرد، بەڵکو لابردنی کورسی پێکهاتەکان وایکرد بەشێک لە لایەنە کریستیان و تورکمانەکانیش بایکۆتی هەڵبژاردن بکەن.
سەرباری کۆبوونەوەی حزبە "بچووکەکان" لە ژێر چەتری دوو هاوپەیمانێتی جیاوازدا، بەڵام بزووتنەوەی ئیسلامی کوردستان نەچووەتە نێو هیچ هاوپەیمانێتییەکەوەو بە لیستی سەربەخۆ بەشداری هەڵبژاردن دەکات.
سەلام کەریم، ئەندامی سەرکردایەتی بزووتنەوەی ئیسلامی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێشتر پێداگیریمان کرد شێوازی هەڵبژاردن یەک بازنەیی بێت، بەڵام کرایە چوار بازنەیی و کاری خۆمان دەکەین، ئومێدمان بە جەماوەرەکەمان هەیە هەوڵی سەرخستنی لیستەکەیان بدەن."
بڕیارە لە ڕۆژی 10 ی مانگی 6 ی ساڵی 2024، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق سەرپەرشتی هەڵبژاردنەکە دەکات.