عەلی ئەلحەییانی: لەوبڕوایەدام ئێران ناوبژیکەری نێوان مالیکی و موقتەدا ئەلسەدرە

لەگەڵ ئەوەشدا کە دژایەتییەکی گەورەی یەکتریان دەکرد، بەڵام ئەو دژایەتیکردنانە نەبوونە ڕێگر لەبەردەم هەوڵە نهێنییەکانی سەرۆکی دەوڵەتی یاسا بۆ نزیک بوونەوە لەگەڵ ڕابەری سەدرییەکاندا.

نوری ئەلمالیکی، وەک سەرچاوەکان لە عێراقەوە ئاماژەی پێدەکەن تا ئێستا چەند جارێک نامەی تایبەتی ناردووە بۆ موقتەدا ئەلسەدر و داوای نزیکبوونەوەی لێدەکات.

نوری ئەلمالیکی و سەدر

هەتا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە هێشتا لایەنی سەدرییەکان وەڵامێکی ئەرێنی یان نەرێنییان نەبووە بۆ ئەو داوایانەی مالیکی.

عەلی ئەلحەیانی، چاودێری سیاسی کاروباری عێراق دەڵێت "نەک هەر مالیکی و دەوڵەتی یاسا، بەڵکو ڕێبەرانی تری لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، تێگەیشتوون لەوەی موقتەدا ئەلسەدر بایەخ و گرنگییەکی زۆری هەیە و خاوەنی هێزێکی گەورەی جەماوەریشە کە ناکرێت فەرامۆش بکرێت و گەیشتوشنەتە ئەو بڕوایەی نابێت موقتەدا ئەلسەدر بەردەوام بێت لە بایکۆتکردنی هەڵبژاردنەکاندا."

کۆماری ئیسلامی ئێران و ناو ماڵی شیعەکانی عێراق

موقتەدا ئەلسەدر، پێشتر بڕیاریدا لە تەواوی پرۆسەی سیاسی عێراق بکشێتەوە و دەیگوت ناخوازێت لە ناو گەندەڵکاراندا کاری سیاسی بکات.

بەڕێز ئەلحەییانی وەک بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، ئەو بڕیارە بووە مایەی زیاتربوونی پشتیوانی شەقامی عێراقی بۆ موقتەدا ئەلسەدر و لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش دەزانن کە چۆن پشتیوانی ڕای گشتی عێراقییەکان بۆ ئەوان کەمی کردووە بەهۆی ڕەفتارە نادروستەکانەوە لە قۆناغەکانی ڕابردوودا.

عەلی ئەلحەییانی دەڵێت "هەربۆیە لە ئێستادا مالیکی کەوتووەتە خۆ هەتا ناو ماڵی شیعە چاک بکاتەوە و لەوبڕوایەشدام ئەم بابەتە بە ناوبژیی ئێرانییەکانە، چونکە ئێران دەیەوێت ئەو درز و کەلێنانەی کەوتوونەتە ناو ماڵی شیعەوە نەمێنن کە بەهۆی ئەو کێشانەوە خەریک بوو شیعەکان لە عێراقدا دەسەڵات لەدەست بدەن."

هەڵبژاردن و نزیکبوونەوەی مالیکی و سەدر

سەدرییەکان، بەشدارییان نەکرد لە هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانی عێراقیشدا و ئەمەش وەهای کرد ڕێژەیەکی کەم لە دەنگدەرانی ناوەڕاست و باشوری عێراقیش بەشداری لە هەڵبژاردنەکاندا بکەن، هەر بۆیەشە پرسیارگەلێکی زۆر هەبوون لەسەر ئەگەر و نەگەرەکانی ڕەوایی ئەو هەڵبژاردنانەی ئەنجومەنی پارێزگاکان.

لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، پاش بگرە و بەردەیەکی زۆر، پێکڕا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی موحەمەد شییاع ئەلسودانی، حکومەتی عێراق پێکبهێنێت و دواتریش لە پەرلەماندا دەنگیان پێدا و کابینەی حکومەتەکەی سودانی پەسەند کرا.

ئێستا هەر هەمان ئەو لایەنانەی چوارچێوەی هەماهەنگی و بەتایبەتیش دەوڵەتی یاسای نوری ئەلمالیکی نیگەرانییان هەن و وەک دەگوترێت ترسیان هەیە لەوەی موحەمەد شییاع ئەلسودانی، لیستی خۆیی هەبێت بۆ هەڵبژاردنی داهاتووی وڵاتەکە کە بڕیارە لە ساڵی داهاتوودا بکرێت.

دەگوترێت لەم ماوەیەی حکومەتەکەیدا، سودانی توانیویەتی بەشێکی بەرچاوی کارنامەی حکومەتەکەی بەجێبگەیەنێت و ئەمەش وەهای کردووە ئاستی جەماوەریی زیاتر بێت بە بەراورد لەگەڵ سەرەتای دەستپێکردنیدا وەک سەرەک وەزیری عێراق.

بەڕێز ئەلحەییانی دەڵێت "ئەمەش نەک هەر نیگەرانی بەڵکو ترسیشی لای مالیکی و هاوەڵاکانیشی دروستکردووە، چونکە بەشداریی سودانی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا مەترسی دروستدەکات بۆ سەر هەندێک لە ڕێبەرانی چوارچێوەی هەماهەنگی و بە تایبەتیش کاتێک دەبیسترێت و دەبینرێت سەرەک وەزیر بۆتە خاونی ئاستێکی بەرزی جەماوەریی لە عێراقدا بەهۆی پڕۆژەکانی و بەهۆی پەیوەندییەکانی لەم یەک دوو ساڵەی ڕابردوودا دروستیکردوون و ئەستێرەیشی لە درەوشاندنەوەدایە و ئەمەش وەها دەکات پێشبینی بکرێت لە هەڵبژاردنی داهاتوودا ژمارەیەکی باشی کورسییەکانی پەرلەمان بەدەست بێنێت، بێگومان ئەمەش دەبێتە گورزێک بە ڕووی لایەنەکانی چوارچێوەی هەمەماهەنگیدا."