حکومەتی سوید پرۆسەی گەڕاندنەوەی هاووڵاتیانی لە کەمپەکانی سوریاوە بۆ وڵاتەکەی ڕادەگرێت

وەزیری دەرەوەی سوید تۆبیاس بیلسترۆم، ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هاوکاری بۆ گەڕانەوەی ئەو سویدییانە ناکات کە پەیوەندییان بە داعشەوە کردووە و لە ئێستادا لە کەمپەکانی باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادان.

بیلسترۆم لە بەیاننامەیەکدا بە ئاژانسی فرانس پرێسی ڕاگەیاند حکومەت کار بۆ گواستنەوەی هاووڵاتیانی سویدی لە باکووری سوریان بۆ وڵاتەکەی ناکات.

نوێنەری بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر لە ئەوروپا دکتۆر عەبدولکەریم عومەر لە بەیاننامەیەکدا بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، بڕیارەکەی سوید بۆ ڕاگرتنی گەڕانەوەی هاووڵاتیانی بۆ زێدی خۆیان بە بڕیارێکی دروست نازانێت و دەڵێت پێویستە سوید و ئەوروپا بەرپرسیاریەتی گەڕانەوەی هاووڵاتییانی خۆیان بۆ وڵاتەکانیان هەڵبگرن.

پێنج منداڵ و ژنێک کە هاووڵاتی سویدین لە کەمپی ڕۆژ لەگەڵ خێزانەکانی دیکەی داعش لە کامپەکە مانەونەتەوە.

هەروەها 10 چەکداری داعشی سویدی لە زیندانەکانی هەسەدە دەستبەسەرن.

پێشتر سوید چەند جارێک هاووڵاتیانی خۆی کە پێکهاتبوون لە ژن و منداڵ لە کەمپی ڕۆژ لە باکووری سوریا گەڕاندوەتەوە.

زیاتر لە 60 هەزار چەکدار و ژن و منداڵی داعش لە کەمپ و ناوەند و زیندانەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا ماون، نزیکەی نیوەیان بیانین و خەڵکی 58 وڵاتی جیاوازن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان، زیاتر لە 10 هەزار چەکداری داعش لە زیندانەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا زیندانیکراون، لەو ژمارەیەش دوو هەزار کەسیان بیانین و وڵاتەکانیان ڕەتیدەکەنەوە بیانگەڕێننەوە.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی شەڕی داعش و ئیدارەی خۆسەر چەند جارێک داوایان لە وڵاتانی جیهان کردووە هاووڵاتییانی خۆیان بگەڕێننەوە کە بۆ پەیوەندیکردن بە داعشەوە هاتوونەتە سوریا و لە ئێستادا لە زیندان و کەمپەکانی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا دەمێننەوە.

بە وتەی چاودێران، ئەو بڕیارەی حکومەتی سوید، بارگرانی ئیدارەی خۆسەر لە دۆسیەی داعشدا قورستر دەکات.