ژنێکی کورد و ئەندامانی بنەماڵەکەی لە شاری کرماشان لەلایەن هاوسەری پێشوویەوە دەکوژرێن

ژنێکی گەنجی کورد لە یەکێک لە گەڕەکەکانی شاری کرماشان ئێوارەی ڕۆژی پێنج شەممە لەگەڵ دایک و براکەی لەلایەن هاوسەری پێشوویەوە دەکوژرێن. ڕێکخراوەکانی مافەکانی مرۆڤ، لەوانە تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و کوردپا لە هەواڵێکدا لەمبارەیەوە نووسیویانە ژنێکی کورد بە ناوی مریەم ڕەزمجوو کە دکتۆر بووە، لەلایەن هاوسەری پێشوویەوە تەقەی لێکراوە و گیانی لەدەست داوە. ئەو ڕێکخراوانە ئاماژەیان بەوە کردووە کە تۆمەتبارەکە جگە لە کوشتنی هاوسەری پێشووی، برا و دایکی قوربانییەکەشی کوشتووە.

لە هەواڵەکەی کوردپادا هاتووە ئەو ژنە گەنجە کە ماوەیەک لەمەوبەر لە هاوسەرەکەی جیابووەتەوە، لەگەڵ دایکی و براکەی ژیاوە و بکوژەکە چووەتە ماڵەکەیان و ئەندامانی ئەو بنەماڵەیەی کوشتووە و هەڵهاتووە.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان نووسیوێتی بکوژەکە دوای چەند کاتژمێرێک لەلایەن پۆلیسی ئێرانەوە دەستگیرکراوە.

پێشتریش ڕۆژی یەکشەممە 10ی مانگی سێ ژنێکی تەمەن 27 ساڵ بە ناوی زیبا سەیاد خەڵکی گوندێکی ورمێ، بە دەستی هاوسەری پێشووی تەقەی لێکرا و کوژرا.

حاڵەتەکانی کوشتنی ژنان لە ئێران بە زۆری لە ژێر ناوی شەرەف و بە بیانووی وەک پاراستنی شەرەفی خێزان ڕوودەدەن و بەرپرسانی کۆماری ئیسلامی ئێران بە شێوەیەکی سەرەکی ئەم کوشتنانە بۆ فاکتەرەکانی وەک " توڕەیی " یان " ناکۆکیی خێزانی " دەگێڕنەوە و بەم شێوەیەش سزای ئەنجامدەرانی تاوانەکانی لەو شێوەیە دادەبەزێنن بۆ سزای سووک.

چالاکوانانی ژنان دەڵێن پەسەندکردنی سزای سووک بۆ کوشتنی ژن لەلایەن پیاوانەوە لە ژێر ناوی شەرەف، ڕۆڵێکی گرنگی لە بەرزکردنەوەی ڕوودانی تاوانی لەو شێوەیە لە لە ئێراندا دەگێڕێت.

لە ماوەی چوار دەیەی ڕابردوودا لە ئێران ڕێژەی ژنکوژییەکان لە زیادبووندا بووە. بەپێی توێژینەوەیەکی ڕۆژنامەی شەرقی ئێران، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا، هەر 4 ڕۆژ جارێک، ژنێک لەلایەن پیاوانی خێزانەکەیەوە لە وڵاتەدا کوژراوە.

لە نەبوونی دامودەزگا و میدیای سەربەخۆ لە ئێران و گوشاری ئەمنی بۆ سەر چالاکانی مافی ژنان لە لایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە، ئامارێکی جێگای متمانە سەبارەت بە ژمارەی ژنانی کوژراو لە ژێر ناوی شەرەفدا لەبەردەستدا نییە و هەر بۆیە چالاکوانانی مافی ژنان پێیان وایە ژمارەی " ژنکوژییەکان " زۆر لەوە زیاترە کە لەلایەن دەزگاکانی ئێرانەوە دەخرێتە ڕوو.