ئەدهەم بارزانی: کار لەسەر ئەوە دەکرێت دۆخەکە بەلاڕێدا ببرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن نەکرێت

ئەدهەم بارزانی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، گومانی هەیە لەوەی هەڵبژاردن لە هەرێم ئەنجامبدرێت، چونکە زۆر ئاماژە هەیە کە هەڵبژاردنی داهاتووی هەرێم لە بەرژەوەندی هەندێک لایەنی سیاسیدا نەبێت بۆیە و کار لەسەر ئەوە دەکرێت باروودۆخەکە بەلاڕێدا ببرێت بۆ ئەوەی هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت.

ئەدهەم بارزانی، ئەندامی پێشووی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا تیشکی خستە سەر چەند بابەتێکی دیاریکراو تایبەت بە بارودۆخی هەرێمی کوردستان و هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمان.

سەبارەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" هەڵبژاردنی ئەمجارە جیاوازیەکی پێوە دیارە دوای بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی، کە یاساکەی گۆڕی بۆیە جیاوازی هەیە، بەڵام تا ئێستاش مەترسی لەسەر هەڵبژاردن هەر هەیە."

وتیشی،" هێشتا گومانم هەیە هەڵبژاردن بکرێت، یان ئیشی لەسەر دەکرێت باروودۆخەکە بە لاڕێدا ببرێت بۆ ئەوەی دوابخرێت، زۆر ئاماژە هەیە کە لەوانەیە ئەم هەڵبژاردنەی داهاتوو لە بەرژەوەندی هەندێک لەلایەنە سیاسیەکانی ئێستای هەرێم نەبێت."

هەرچەندە لە ڕابردوودا لە ڕێگەی دەنگی ئەمەریکاوە بڵاوکرایەوە، کە ئەدهەم بارزانی کار لەسەر دروستکردنی بەرەیەکی فراوانی سیاسی دەکات کە ڕۆڵی لە ساحەی سیاسی هەرێمدا هەبێت، بەڵام ئەدهەم بارزانی دەڵێت تا ئێستا بڕیاری لە بەشداری هەڵبژاردنەکانی داهاتووی هەرێم نەداوە.

ئەدهەم بارزانی وتی،" تاکوو ئێستا بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆمم نەداوە، خەریک بووم کە بە لیستێکی گەورە بەشداری هەڵبژاردن بکەین، بەڵام لە کۆتاییدا تاکوو ئێستا کۆمەڵێک نیگەرانی ماون بۆ ئیمە وە ڕوون نەکرانەوە کە بگەینە نەتیجەیەکی باش کە ئایە بەشدار بین یاخود نا."

سەبارەت بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی تایبەت بە گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان، کە ژمارەی کورسیەکانی لە 111 کورسیەوە کەم کردەوە بۆ 100 کورسی و 11 کورسی کۆتاکانی هەڵوەشاندەوە، ئەدهەم بارزانی دەڵێت، "خەڵک سەرەرای دڵخۆشیان لە بڕیارەکە هەست بە ئەمانی زیاتر بەرامبەر بە دەنگەکانیان دەکەن."

ئەدهەم بارزانی ڕایگەیاند،" بە بڕیارەکانی دادگای فیدڕاڵی و سەرپەرشتنی کردنی هەڵبژاردن لەلایەن عێراقەوە، دڵنیام بەم شێوەیە بە ئامانەتێکی زۆرەوە هاوڵاتیان دڵنیا دەبن کە دەنگیان لە دەستێکی ئەمینتردا دەبێت لە چاو ساڵانی ڕابردوو، بەهۆکاری ئەوەی هەموە حزبەکان یەکتریان تۆماتبارکردوە کە تەزویریان کردووە."

وتیشی،" خەلکی ڕازی لە بڕیارەکانی دادگای فیدڕالی زۆر زیاترە لە خەڵکی ناڕازی، من پێم وایە ئەگەر کردە سیاسیەکانی دەسەڵات لە 32 ساڵی ڕابردوو بە جۆرێک بوایە خەڵکیان ڕازی کردبایە لەگەڵ هاووڵاتیانی خۆیان بوونایە و گەندەڵی نەبوایە ئاوا زروف بەم شێوەیەی ئێستا نەدەبوو."

ئەدهەم بارزانی ڕەخنەی توند لە دەسەڵاتدارانی هەرێم دەگرێت و تۆمەتباریان دەکات بە وەی هێشتا لە ئاست دەستاودەستکردنی دەسەڵاتدا لاوازن و عەقڵی سیاسی لە هەرێمی کوردستاندا هێشتا قبوڵی هەڵبژاردنێکی پاک و براوەی تر لە دەرەوەی خۆیان ناکەن.

لەو بارەیەوە ڕایگەیاند،" لە یەکەم ئەزموونی هەڵبژاردنی هەرێمەوە لە ساڵی 1992ەوە ، هەڵبژاردن بوو بە جێگەی ڕەخنەی هەموو لایەنە سیاسیەکانی بەشدار لە هەڵبژاردندا، پێش ئاشکراکردنی ئەنجامەکان لایەنە بەشدارەکان یەکتریان بە تەزویر تاوانبارکرد، لە هەموو هەڵبژاردنەکانی دواتری هەرێمیش هیچ هەڵبژاردنێک تێپەرنەبوو کە یەکتر بە تەزویر تۆمەتبار نەکەن، حزبە بەشداربوەکان لە هەڵبژاردن خۆیان باش دەزانن چیان کردووە بە چ شێوەیەک هەڵبژاردنیان کردوە، بۆ قسەکردن لەسەر ئەم بابەتە پێویستی بە قسەی من نییە هەر ئەوەی کە خۆیان خۆیان تاوونبارکردووە بەسە."

وتیشی،" ئەگەر لایەنێکی سیاسی لە هەرێم زۆرترین کورسیش بەدەستبهێنێت قبوڵ دەکرێت؟ بە پێی ئەزموونی 32 ساڵی ڕابردوو ئەمە قبوڵ ناکرێت، تا ئێستاش باوەڕم وایە کە ئەم عەقڵیەتە گۆڕانکاری بەسەردا نەهاتووە، ئایە دەسەڵات دەستاو دەست دەکریت من بە گومانم و خەڵکیش پێیان وایە ناکرێت."