تیمی کوردستانی - عێراقی ڕێکخراوی ئەمەریکایی CPT هۆشداریدەدات لە ئاوارەبوون و دروستبوونی مەترسی بۆ سەر گیانی گوندنشینانی 39 گوندی دەوربەری چیای گارا لە قۆناغی جێبەجێکردنی ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیادا و ڕایدەگەیەنێت، تەنها لە ماوەی 70 ڕۆژی سەرەتایی ساڵی 2024دا، تورکیا 141 جار بۆردومانی لە سنوری پارێزگای دهۆک ئەنجامداوە و لەو ژمارەیە 75 بۆردومانییان بۆ سەر گوندەکانی دەوربەری چیای گارا بووە و بەوهۆیەوە 4 هاووڵاتیش کوژراون.
چیای گارا لەلای تورکیا، ناوچەیەکی ستراتیژی بە بەهایەیە، بە شوێنی جموجۆڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان لە ناوچەکەدا دادەنرێت و هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بەیەکەوە دەبەستێتەوە.
کامەران عوسمان بەر پرسی دیکسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی CPT ئەمەریکایی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە مانگی 12ی ساڵی 2017 ەوە تا مانگی 4ی ساڵی 2022، سوپای تورکیا توانیوێتی 86.2% سنوری نێوان عێراق- تورکیا کۆنترۆڵ بکات و 64 بارەگای سەربازی بە درێژایی سنورەکە جێگیربکات، هەروەها ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەی سوپای تورکیا بە پێی زانیاریەکانمان بۆ سەر زنجیرە چیای گارا دەبێت کە بە درێژای 38.9 کیلۆمەتر هەردوو پارێزگای هەولێر و دهۆک بەیەکەوە دەبەستێتەوە و ناوەندی بەیەکەوە بەستنەوەی هەر چوار قەزای مێرگەسۆر و ئاکرێ و ئامێدی و زاخۆیە."
ڕێکخراوی CPT ئەمەریکایی ساڵانێکە چاودێری بۆردومان و لەشکرکێشیەکانی وڵاتانی تورکیا و ئێران دەکات بۆ سەر خاکی هەرێمی کوردستان، لە ڕاگەیەندراوێکدا مەترسیەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەخاتە ڕوو کە تورکیا نیازی هەیە لە بەهاری ئەمساڵ ئەنجامی بدات لە قووڵای خاکی کوردستان و بەنەخشە ئامانجی ئۆپەراسیۆنەکەی دیاریکردووە و ڕێکخراوەکە دەڵێت،"لە ئەنجامی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا 190 خێزانی گوندەکانی دەوروبەری چیای گارا ژیانیان دەکەوێتە مەترسیەوە و لە قۆناغی ئامادەکاریش بۆ ئەو ئۆپەراسیۆنە، سوپای تورکیا گوندەکان بۆردومان دەکات تا ئەو سنورە بەجێبهێڵن و تا ئێستا چوار هاووڵاتی گیانیان لە دەستداوە و یەکێکیش برینداربووە."
کامەران عوسمان بەر پرسی دیکسی مافی مرۆڤ لە ڕێکخراوی CPT ئەمەریکایی ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" لە ئۆپەراسیۆنی ئەمجارەدا، سوپای تورکیا کە چاوی لە چیای گارایە ئامانجی قوفڵکردنی تەواوی سنوری نێوان هەرێمی کوردستانی عێراق- تورکیایە و کۆتایهێنانە بە جموجۆڵی گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستان و قەڵاچۆکردنیانە بە درێژایی زنجیرە چیای گارا، ئێستا تورکیا لە قۆناغی ئامادەکاری ئۆپەراسیۆنەکەدایە."
سی پی تی ئەمەریکایی لە ڕاگەیەندراوێکدا جەخت لەسەر دەستپێشخەری ئاشتییانە بۆ چارەسەرکردنی ئەو ئاڵۆزی و پێکدادانە چەکدارییانەی کە ماوەی 40 ساڵە لە نێوان دەوڵەتی تورکیا و پارتی کرێکارانی کوردستاندا هەیە و بانگەواز بۆ حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات بۆ پاراستتنی گیانی گوندنشینان و هاووڵاتییانی مەدەنی نێشتەجێبووی دەورووبەری چیای گارا و تەواوی گوندەکانی سەر سنور.
بە پێی ئامارێکی ڕێکخراوەکە لە ساڵی 2023، تورکیا 1548 جار بۆردومانی ناوچە سنورییەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە، بە جۆرێک زۆرینەی بۆردومانەکان لە ڕێگای فڕۆکەی جەنگیەوە بووە کە ژمارەیان 1159 هێرشبووە، هەروەها 228 جاریش بۆردومانەکان بە فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بووە، ئەوانی دیکەی بە هەلیکۆپتەر و تۆپباران و تەقەکردنەوە بووە، وڵاتی ئێرانیش 101 جار بۆردومانی خاکی هەرێمی کوردستانی کردووە.