ئیسرائیل هێرشی ئاسمانی دەکاتە سەر باشووری لوبنان

حزبوڵای لوبنان ڕۆژی چوارشەممە موشەکیان ئاڕاستەی باکووری ئیسرائیل کرد وەک تۆڵەی هێرشە ئاسمانییەکانی ئیسرائیل کە بووە هۆی کوژرانی حەوت کەس لە باشووری لوبنان.

دەزگای فریاکەوتنی ئیسرائیل ڕایگەیاند، بەهۆی بۆردومانی موشەکێکەوە کەسێک لە شارۆچکەی سنووری کیریات شمۆنا گیانی لەدەستداوە.

سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند کە هێرشەکانیان لە لوبنان باڵەخانەیەکی سەربازی کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە ئەندامێکی گروپی چەکداری ئەلجەماع ئەلئیسلامیە کە پەرەی بە پیلانە تیرۆرییەکانی دژ بە ئیسرائیل دابوو کوژرا.

ئاژانسی فرانس پرێس لە زاری بەرپرسێکی ئەلجەماع ئەلئیسلامیە ڕایگەیاندووە کە حەوت کەس لە گوندی هێبوریە کوژراون. سەرچاوە ئاسایشییەکانی لوبنانیش هەمان ئاماریان بە ئاژانسی رۆیتەرز داوە.

ئەم هێرشانەش دواین توندوتیژییە لە کاتێکدا ئیسرائیل هەڵمەتەکەی بە ئامانجی نەهێشتنی گروپی تیرۆریستی حەماس کە هاوپەیمانی حزبوڵای لوبنانە لە کەرتی غەززە، ئەنجام دەدات.

هەروەها لەشکری ئیسرائیلی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند ئۆپەراسیۆنی زەمینی لە ناوچەی نەخۆشخانەی شیفا لە باکووری غەززە ئەنجامداوە، هاوکات هێرشی ئاسمانی و زەمینیشی لە ناوچەی خان یونس لە بەشی باشووری کەرتی غەززە ئەنجامداوە.

هەوڵەکان بۆ وەستاندنی شەڕەکە بە شێوەیەکی کاتیی، بە پێشنیارەکان کە بریتی بوون لە ئازادکردنی بارمتەکان کە لە غەززە ڕاگیراون و زیادبوونی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ هاووڵاتیانی مەدەنی فەلەستینی، تەنانەت دوای بڕیارنامەیەکی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکانیش کە داوای ئاگربەستی دەستبەجێی دەکرد، سەرکەوتوو نەبوون.

دانوستانە ناڕاستەوخۆکان کە دانوستانکارانی ئەمەریکا و میسر و قەتەریان تێدابوو بۆ ماوەی چەند هەفتەیەک بەردەوام بوو و لە کاتێکدا بەرپرسان ئاماژەیان بە هەندێک پێشکەوتن لە کاتی پرۆسەکەدا کرد، بەڵام لایەنی ئیسرائیل و حەماس لەم هەفتەیەدا هیچ جوڵەیەکیان بەرەو ڕێککەوتن نیشان نەداوە.

بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیل ڕۆژی سێشەممە بە ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕاگەیاند کە ئیسرائیل دانوستانکارانی خۆی لە قەتەر بانگهێشت کردووەتەوە دوای ئەوەی لە دانوستانەکانیدا بۆ ئازادکردنی زیاتر لە 100 بارمتە کە هێشتا لەلایەن حەماسەوە دەستبەسەرن، گەیشتووەتە "بنبەستێک".

شەڕەکە لە هێرشە تیرۆریستییەکەی حەماس لە حەوتی ئۆکتۆبەر بۆ سەر ئیسرائیل دەستیپێکرد کە بەپێی ئامارەکانی ئیسرائیل هەزار و 200 کەسی کوشت و250 کەسیش بە بارمتە گیران. لە مانگی یازدە لە کاتی ئاگربەستێکی کاتیدا زیاتر لە 100 کەس ئازادکران.

وەزارەتی تەندروستی لە کەرتی غەززە کە لەلایەن حەماسەوە بەڕێوەدەبرێت، ڕایگەیاندووە، لە میانی هێرشی بەرپەرچدانەوەی ئیسرائیل زیاتر لە 32 هەزار و 400 کەس کوژراون. کۆی گشتی چەکدارانی بزووتنەوەی حەماس و خەڵکی سڤیل لەخۆدەگرێت و وەزارەتەکەش دەڵێت دوو لەسەر سێی کوژراوەکان ژن و منداڵن.