سەرکردەیەکی یەکێتی: سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ ڕووسیا بۆ هێنانە کایەی سەقامگیری سیاسی و ئەمنییە لەناوچەکەدا

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان ڕایگەیاند سەرۆکی یەکێتی و وەزیری دەرەوەی ڕووسیا هاوڕابوون لەسەر پاراستنی سەروەری عێراق و هەرێمی کوردستان و بە دەنگی ئەمەریکای وت مەبەستی سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی بۆ مۆسکۆ دەستەبەرکردنی "سەقامگیری سیاسی و ئەمنی" بووە لە ناوچەکەدا.

لەتیف نێروەیی، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی بۆردی ڕاگەیاندنی ئەو حزبە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ناچمە ناو ئەو وردەکارییەوە، بەڵام ڕووسیا وڵاتێکی گەورەیە لەسەر ئاستی جیهان و پەیوەندی باشی ئابووری لەگەڵ عێراق هەیە، بەتایبەت لەمەسەلەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی... ڕووسیا لەڕووی سیاسی و ئابووری و ئەمنییەوە کاریگەری بەسەر عێراق و وڵاتانی دەوروبەرەوە هەیە، بۆیە سەردانەکەی سەرۆکی یەکێتی بۆ هێنانە کایەی سەقامگیری سیاسی و ئەمنییە لەناوچەکە."

ڕۆژی پێنجشەممە، 28ی مانگی 3ی 2024، بافڵ تاڵەبانی سەرۆکی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لەگەڵ سێرگی لاڤرۆڤ وەزیری دەرەوەی ڕووسیا کۆبوویەوە. بەپێی دوو ڕاگەیەنراوی یەکێتی و وەزارەتی دەرەوەی ڕووسیا، دوایین گۆڕانکارییە سیاسی، ئابووری و ئەمنییەکانی ناوچەکەیان تاوتوێ کردووە و جەختیان لەپەرەپێدانی پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان، لە چوارچێوەی عێراق، و ڕووسیا کردووەتەوە.

ئەمڕۆ چەند دەزگایەکی میدیایی لە هەرێمی کوردستان ئەوەیان بڵاکردەوە کە گوایە سەردانەکەی بافڵ تاڵەبانی پەیوەندی بە ئامادەکارییەکانی تورکیاوە هەیە بۆ ئەگەری هێرشکردنە سەر پەکەکە لە ناو قوڵایی هەرێمی کوردستان لە مانگی چواری ئەمساڵدا.

ئەمەش لە کاتێکدایە ڕۆژی دووشەممە، وەزیری دەرەوەی عێراق لە وتوێژەکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا دانی بەوەدا نەنا کە حکومەتی عێراق هیچ ڕەزامەندییەکی لەسەر هێرشی تورکیا لە ناو خاکی عێراقدا دەربڕیبێت.

سەرچاوەکان دەڵین دیوێکی تری سەردانەکە بۆ مەسەلەی ئابووری و دۆسییەی گازە؛ یەکێتی لەگەڵ ئەوەدایە گازی کۆرمۆر بۆ ناوخۆی عێراق بەکاربهێنرێت، ڕووسیاش ئەمەی پێخۆشە و نایەوێت لە بازاڕەکانی جیهاندا جێگرەوە بۆ گازەکەی دروست ببێت.

دەنگی ئەمەریکا نەیتوانی سەربەخۆ ڕاستی و دروستی ئەم زانیارییانە یەکلایی بکاتەوە. بەڵام سەرچاوەیەکی باڵا و ئاگادار لە ناو یەکێتی، بە مەرجی پاراستنی ناوەکەی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە بافڵ تاڵەبانی "بۆ تاوتوێکردنی مەلەفە گەرمەکان" پێشتر لە بەریتانیا بووە و ئەگەری هەیە سەردانی ئەمەریکاش بکات.

لەتیف نێروەیی لای خۆیەوە جەختی لەسەر پێویستی هەوڵەکان کردەوە بۆ ڕێگری لە دروستبوونی گرێکی تری ململانێی سەربازی کە کاریگەری بکاتە سەر هەرێمی کوردستان.

سەرۆکی بۆردی ڕاگەیاندنی یەکێتی ڕاگەیاند، "سەقامگیری لەبەرژەوەندی ئابووری هەرێمی کوردستانە و دەبێتە هۆی ئاوەدانکردنەوەی ئەو گوندانەی لە ناوچە سنورییەکان چۆڵکراون، ئەمەش لە لایەنی کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە سودی بۆ هەرێم دەبێت."

دەشڵێت، "لە مۆسکۆ بێت یان تاران یاخود کۆشکی سپی و ئەنکەرە، پەیامی یەکێتی چارەسەرکردنی کێشەی ناوخۆی هەرێم، کێشەی نێوان هەرێم و عێراق و کێشەی نێوان عێراق و وڵاتانی ئیقلیمییە بە گفتووگۆ، بەجۆرێک سەروەری عێراق پارێزراوبێت و هاوڵاتییان بتوانن بە ئارامی بژین."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دڵشاد ئەنوەر