بۆ یەکەمجار زیندانییەک لە ناو زیندانەوە دەبێتە کاندید بۆ پەرلەمانی کوردستان

یەکەمجارە لە مێژووی پەرلەمانی کوردستاندا، زیندانکراوێک ببێتە کاندید بۆ پەرلەمانی کوردستان ئەویش شێروان شێروانیە کە یەکێکە لە زیندانیانی دەڤەری بادینان و بەپێی زانیارییەکان لەسەر لیستی ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی کاندید دەبێت گەر یاسای کۆمسیۆن ڕێگە بە کاندیدبوونەکەی بدات.

بە پێی ڕاگەیەندراوێکی کۆمسیۆنی باڵای سەر بەخۆیی هەڵبژاردنەکانی عێراق بێت، ڕۆژی یەک شەممە 31ی3ی 2024، تا کۆتایی دەوامی فەرمی دوا وادە دەبێت بۆ تۆمارکردنی لیستی کاندیدانی هاوپەیمانیەتیەکان و لایەنە سیاسییەکان و ئەو کەسانەی دەیانەوێت بەشداربن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا، بەڵام تا ئێستا بەشێک لە لایەنەکان و ڕەوتەکان لیستی کاندیدانیان پێشکەش بە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان نەکردووە.

ڕۆژی 19ی3 ی2024، ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی بە بەشداریی زیاتر لە هەزار کەس لە سلێمانی کۆنگرەی دامەزراندنی بەست و تێدا بڕیاردەری ڕەوتەکە و نۆ کەسی دیکەش وەکو دەستەی بەڕێوەبردن دەستنیشانکران و بڕیارە ڕەوتەکە بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستاندا بکات کە سەرۆکی هەرێم 10ی 6ی 2024 دیاریکردووە بۆ بەڕێوەچوونی.

لە بارەی ئەوەی شێروان شێروانی سزادراو یەکێک دەبێت لە کاندیدانی نێو ڕەوتەکە بۆ پەرلەمانی کوردستان، عەلی حەمە ساڵح بڕیاردەری ڕەوتی هەڵوێستی نیشتمانی تەنها ئەوەی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" هێشتا لیستەکەمان تەواو نەکردووە و چاوەڕوانین بزانین سبەی چی لێدێت."

لە 22ی مانگی 10 ساڵی 2020 ژمارەیەک لە ڕۆژنامەوان و چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنی لە دەڤەری بادینان بە تۆمەتی سیخوڕی و تێکدانی ئاسایشی گشتی دەستگیرکران و سزای زیندانیکردنیان بەسەردا سەپێنرا. سەرەڕای ئەوەی کە یاساناسان و وڵاتان چاودێری دادگاییەکەیان کرد و چەندین جار مانگرتیان لە زیندان ڕاگەیاند، بەڵام دواتر سزاکانیان لە ڕێگەی کەیسی دیکەوە بۆ درێژکرایەوە، شێروان شێروانی یەکێک بوو لە زیندانیکراون و تا ئێستاش لە زینداندایە و هێشتا سزاکەی ماوە کە کۆتایی پێ بێت و ئازادبکرێت.

بارزان شێروانی برای شێروان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ڕەوتی هەڵویستی نیشتمانی قسەیان لەگەڵ شێروان کردووە بۆ ئەوەی کاندیدبێت بۆ پەرلەمانی کوردستان و سبەی یەکشەممە یەک لادەبێتەوە، ئێمە بڵاوی ناکەینەوە، چاوەڕوانی ئەوەش دەکەین شێروان چی دەڵێت لەسەر لەو بارەیەوە."

دوای ئەوەی لە 16 ی مانگی دووی 2021 هەریەک لە گوهدار زێباری و ئەیاز کەرەم و شیروان شێروانی و هاریوان عیسا و مەلا شڤان لە دادگای هەولێر بە شەش ساڵ زیندانی سزادران و دواتر لە مەرسومێکی تایبەتی سەرۆکی هەرێمدا سزاکەیان بە ڕێژەی لە %60 کەمکرایەوە. گوهدار زێباری دوای زیندانیکردنی بۆ ماوەی 1213 ڕۆژ بەتۆمەتی تێکدانی ئاسایشی ناوخۆ، 17ی 2ی 2024 ئازادکرا، بەڵام کەسوکاری شیروان شێروانی ڕایدەگەیەنن، کە هیچ بڕوامان بەوە نیە شیروان ئازاد بکرێت و دڵنیاین دوای تەواوکردنی ماوەی یاسایی کەیسێکی تری بۆ دروست دەکرێت و سزا دەدرێتەوە.

بارزان شێروانی برای شێروان ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت،" ئاگادارین کە دەسەڵات چەندین کەیسی دیکەیان بۆ شێروان ئامادەکردووە لە ئەگەری بوون بە کاندید بیجوڵێنن تا لە زیندان بمێنێتەوە."

ڕەوتی هەڵویستی نیشتمانی و شێروان و کەسوکارەکەشی چاوەڕوانی ئەوەن کۆمسیۆن وەڵامیان بداتەوە لەوەی یاسای هەڵبژاردن ڕێگە دەدات بە کەسێک لە زیندانەوە خۆیی بۆ پەرلەمان کاندید بکات، گەر ڕێگەیدا ئەوە دەبێتە یەکەم کەس لە هەرێمی کوردستان و لە زیندانەوە کاندیدبێت بۆ پەرلەمان.

پێشتر فەرهاد ئەسعەد شێتنە بەرپرسی هۆبەی کاروباری پارت و ڕێکخراوە سیاسییەکان لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق لقی هەولێرلە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا ئەوەی وت،" هەر کەسێک بیەوێت خۆیی بۆ پەرلەمانی کوردستان کاندید بکات، دەبێت تەمەنی لە 25 ساڵ کەمتر نەبێت و دانیشتووی شارەکانی هەرێمی کوردستان بێت، هەروەها نابێت کاندید کارتی نیشتمانی ناوچە جێناکۆکەکان بێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێشینەی تاوان و پێشووتر هیچ پەیوەندیەکی بە حزبی بەعسەوە نەبووبێت."

بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەرێمی کوردستان بە سەر چوار بازنەدا دابەشدەکرێت، بازنەکانیش بە پێی ژمارەی دانیشتووانی پارێزگاکان دیاریدەکرێن، ئەو 100 کورسیەی کە دادگای باڵای فیدراڵی عێراق بڕیاری لەسەردا بەم شێوەیە کورسیەکان دابەشکراوە، هەولێر 34 کورسی و سلێمانی 38 کورسی و دهۆک 25 کورسی و هەڵەبجە 3 کورسی، ئەوەش وایکردووە کێبڕکێکان زۆربن لە پێناو بەدەستهێنانی کورسیەکی زیاتری پەرلەمانی.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دیار جەمال