قایمقامی قەزای کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان ڕایدەگەیەنێت، ئەو کەسایەتییەی عەشیرەتی بەیاتی تورکمانی کە پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە لە ناو قەزای کفری کوژرا، گومان دەکرێت لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە کرابێتە ئامانج.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە، 31 ی مانگی 3 ی 2024، حسێن عەلی عەباس کەسایەتی تورکمانی کفری کرایە ئامانج و کوژرا، ناوبراو کەسایەتییەکی کۆمەڵایەتی نزیکبووە لە بەرەی تورکمانی.
ساهیر عەلی جاسم، قایمقامی قەزای کفری سەر بە ئیدارەی گەرمیان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "گومان دەکرێت حسێن عەلی عەباس لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کرابێتە ئامانج، بەڵام هێشتا سەرقاڵی لێکۆڵینەوەین لە ڕووداوەکە."
دەشڵێت،"حسێن عەلی کەسایەتییەکی عەشیرەتی بەیاتی تورکمانییە، کێشەی لەگەڵ کەس نەبووە و لای پۆلیس و ئاسایش پێشتر سکاڵای تۆمار نەکردووە."
لەوکاتەی حسێن عەلی عەباس کراوەتە ئامانج و کوژراوە، ئەو کەسانەی نزیکبوون لە شوێنی ڕووداوەکەوە گوێییان لە دەنگی تەقینەوەیەکی بەهێز بووە.
هەرچەندە لایەنە پەیوەندیدارەکان دڵنیان لەوەی کەسایەتییە تورکمانییەکە بەهۆی تەقینەوەوە کوژراوە و گومان دەکەن هێرشەکە لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانەوە ئەنجامدرابێت، بەڵام هێشتا هیچ لایەنێک بەرپرسیارێتی ڕووداوەکەی نەگرتووەتە ئەستۆ.
ئالان گەرمیانی، کە لە نزیک ئەو شوێنەی کەسایەتییە تورکمانییەکەی تێدا کراوەتە ئامانج دوکانی هەیە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ڕووداوەکە تەنها چەند سەد مەترێک لە دووری دوکانەکەم ڕوویدا، دەنگێکی گەورەمان بیست و کاتێک ڕۆیشتینە دەرەوە، تەرمی حسێن عەلی عەباس لەسەر جادەکە کەوتبوو."
ئەو وتیشی،"ماڵی حسێن عەلی نزیکە لە نەخۆشخانەیەکی تایبەتەوە و لە ماڵەوە بۆ نەخۆشخانە ڕۆیشتووە، بەڵام لەوکاتەدا کراوەتە ئامانج."
ڕۆژی 1 ی مانگی 3 ی 2024، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان ماڵێکی لە گەڕەکی شەهیدانی شاری کەلار کردە ئامانج و بەو هۆیەوە کادیرێکی تەڤگەری ئازادی نزیک لە پەکەکە کوژرا.
Your browser doesn’t support HTML5