بەرزبوونەوەی نرخی هێلکە بەهۆی ئەنفلۆنزای باڵندە، کەشوهەوا و هەڵاوسانی ئابورییەوە

نرخی هێلکە لە زۆرێک لە ناوچەکانی جیهان بەرزترین ئاست تۆمار دەکات؛ بە درێژایی مێژووی نرخی هێلکە بەو ئەندازەیە بەرزنەبووەتەوە، ئەمەش ڕەنگدانەوەی بازاڕێکە کە پڕە لە نەخۆشی و خواستی زۆر و بەرزبوونەوەی تێچوون بۆ جوتیاران.

ئەمە دووەم ساڵە لەسەریەک بەکارهێنەران پێش جەژنی ئیستەر و جەژنی Passover ی جووەکان توشی سەرسوڕمان دەبن، کە لە هەردوو بۆنەکەدا هێلکە ڕۆڵی بەرچاو دەگێڕێت.

لە ئەمەریکا بەپێی داتاکانی حکومەت تێکڕای نرخی یەک دەرزەن هێلکە لە مانگی 2 دا بە 2.99 دۆلار بووە، لە کاتێکدا ساڵی ڕابردوو 4.21 دۆلار بووە،. هێشتا ئەوە بە شێوەیەکی بەرچاو زیاترە لەو 1.59 دۆلارەی کە لە مانگی 2 ی ساڵی 2021دا لە بازاڕەکاندا دەستدەکەوت.

مولدەر وتی لە ئەوروپا نرخی هێلکە بە ڕێژەی 10% بۆ 15% لە ساڵی ڕابردوو کەمترە بەڵام هێشتا نزیکەی دوو هێندە زیاترە لەوەی کە لە ساڵی 2021دا هەبووە.

یەکێک لە هۆکارە هەرە سەرەکییەکان ئەنفلۆنزای باڵندەیە. بڵاوبوونەوەی نەخۆشییە کوشندەکەی کۆئەندامی هەناسەدان لە ساڵی 2020 لە ئەوروپا و ئافریکا و ئاسیا تۆمارکراوە و لە ساڵی 2021دا لە ئەمریکای باکوور بڵاوبووەتەوە، بەپێی ئامارەکانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی، تەنها لە ساڵی 2022 دا زیاتر لە 131 ملیۆن پەلەوەر لە سەرانسەری جیهاندا مرداربوونەتەوە یان لە کێڵگە تووشبووەکاندا لە کوشتارگەکاندا لەناوبراون.

بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە بەردەوامە؛ بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا، لە مانگی 12 ی ساڵی پاردا، لە ئەمریکا لە 45 ناوەندی بازرگانی و لە 33 کێڵگەی پەلەوەردا حاڵەتی ئەنفلۆنزای باڵندە پشتڕاستکردەوە، کە کاریگەری لەسەر 11.4 ملیۆن پەلەوەر هەبووە.

مولدەر وتیشی لە باشووری ئافریکا دوا بەدوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی ڕابردوودا 40%ی مریشکی هێلکەکەر بەهۆی نەخۆشی ئەنفلۆنزای باڵندەوە لە کوشتارگەکان لەناوبران؛ نرخی هێلکە بەرزبووە. نرخی پاکەتێکی شەش هێلکەیی لە مانگی ڕابردوودا 25.48 ڕاند بووە بە دراوی ئەفریکای باشوور کە دەکاتە 1.34 دۆلار، بەراورد بە مانگی 2 ی ساڵی 2023 بە ڕێژەی 21% بەرزبووەتەوە.

تەنانەت کاتێک ئەنفلۆنزای باڵندە قەڵاچۆ دەکرێت؛ هێشتا کاتێکی زۆر دەخایەنێت تا بازاڕی هێلکە جێگیر بێت. ئیمیلی مێتز، سەرۆکی دەستەی هێلکەی ئەمەریکایی کە ڕێکخراوێکی بازرگانییە، دەڵێت کێڵگەیەک سێ بۆ شەش مانگی دەوێت بۆ پڕکردنەوەی پەلەوەرگەکەی، بۆیە لەو ماوەیەدا دابینکردنی هێلکە کەمتر دەبێتەوە و نرخەکان بەرز دەبنەوە.

ئەگەر کێڵگەکان هەوڵبدەن ژمارەیەکی زۆری مریشک کۆبکنەوە، ئەوە دەتوانێت نرخەکان دابەزێنێت. هاوینی ڕابردووش ئەم دۆخە لە ئەمەریکا ڕوویدا کاتێک نرخی هێلکە بۆ هەر دەرزەنێک بۆ 2 دۆلار دابەزی.

دەیڤید ئەندەرسۆن، پرۆفیسۆر و ئابووریناس لە بواری ئاژەڵداری و بە بازاڕکردنی خۆراک لە زانکۆی A&M لە تەکساس دەڵێت "ئەوە بابەتە پەیوەندی بە پێشکەشکردن و خواستەوە هەیە. دەبێت نرخێکی قازانجبەخشت هەبێت".

جووتیاران لەم کاتی هەڵئاوسانی ئابوریەدا سەختە قازانج بکەن. مولدەر دەشڵێت خۆراکی مریشک تا 70%ی تێچووی جووتیارێک پێکدەهێنێت و نرخی خۆراک لە نێوان ساڵانی 2020 بۆ 2022 دا دوو هێندە زیادیکردووە. کەش و هەوا، پەککەوتنەکانی پەیوەست بە کۆڤید و شەڕی ئۆکرانیا کە تێکڕا نرخی گەنم و بەرهەمەکانی دیکەی دانەوێڵەی بەرزکردەوە؛ هەموو ئەمانە هۆکارن.

لە نەیجیریا لە سەرەتای ئەمساڵەوە تێچووی سندوقێکی هێلکە دوو هێندە زیادی کردووە بەهۆی لاوازبوونی دراو و لابردنی یارمەتییەکانی سووتەمەنی و تێچووی زۆر بۆ جووتیاران.

تێسلیمات ئەبیمبۆلا، کە کێڵگەیەکی پەلەوەری لە باشووری شاری ئیبادان بەڕێوەدەبات، ڕایگەیاندووە، 25 کیلۆگرام خۆراک کە لە ساڵی 2020 دا بە 2500 نایرای نەیجیری بووە واتە (1.78 دۆلار)ی تێچووە، ئێستا نرخەکەی 13 هەزار نایرایە کە دەکاتە 9.23 دۆلار. کۆمپانیاکەی ئەبیمبۆلا لە ئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخەکان هەندێک کڕیاری لەدەستداوە.

ئەبیمبۆلا دەڵێت "زۆرێک لە کێڵگەکان بەهۆی زۆری تێچووی بەخێوکردنی مریشکەوە ناچاربوون دابخرێن".

فەرمانڕەوایانی ویلایەتی لاگۆس کە گەورەترین ناوەندی ئابووری نەیجیریایە، بەرنامەیەکی پاڵپشتی جێبەجێکردووە بۆ یارمەتیدانی بەکارهێنەران بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ زیادبوونی تێچووی هێلکەدا.

لە شوێنەکانی دیکەشدا ڕێساکانی حکومەت ڕۆڵیان هەیە لە بەرزکردنەوەی نرخی هێلکە. لە ئەمریکا چەندین ویلایەت، لەوانەش کالیفۆرنیا و ماساشوستس، لە ساڵی 2018ەوە قەدەغەکردنی قەفەسیان بۆ مریشکی هێلکەکەر پەسەند کردووە؛ ئەمساڵ بڕیارە قەدەغەکردنەکان لە واشنتۆن و ئۆریگۆن و میشیگان کاری پێبکرێت.

مێتز وتیشی گۆڕینی بۆ دامەزراوە بێ قەفەسەکان وەبەرهێنانێکی گەورەیە بۆ جووتیاران و ڕەنگە بەکارهێنەران هەمیشە درک بەوە نەکەن کە ئەوە هۆکارێکە بۆ بەرزبوونەوەی نرخەکان کە لە دوکان و بازاڕەکان دەیبینن. ئەو پێشبینی ئەوە دەکات کە تێچووی گۆڕینی ئەم جۆرە لە کۆتاییدا دابەزێت ئەگەر زۆرێک لە کێڵگەکانی پەلەوەر ئەم گۆڕانکارییە ئەنجام بدەن.

ترۆپکی بەرزبوونەوەی نرخەکان بە ناچاری دابەزینی نرخ بەدوای خۆیدا دێنێت و لە کۆتاییدا نرخی هێلکە بە شێوازێکی ئاساییتر جێگیر دەبێت. ئەندەرسۆن دەشڵێت لەماوەیەکی کورتخایەندا، بەتایبەتی لە جەژنی ئیستەردا نرخی هێلکە بڕێک بەرز دەبێتەوە، بەرەو هاوین دادەبەزێت. لەلایەکی دیکەوە، باشترکردنی ڕێوشوێنەکانی ئاسایشی بایۆلۆجی دەبێت یارمەتیدەر بێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی ئەنفلۆنزای باڵندە.

لینکۆیا ئیلیۆن کە وانەکانی چێشتلێنان دەڵێتەوە و بزنسێکی خواردن و خواردنەوە بەڕێوەدەبات بە ناوی Catering by Coya لە شاری براون دیر لە ویلایەتی ویسکانسن، دەڵێت تێبینی کردووە نرخی هێلکە لە ماوەی دوو بۆ سێ مانگی ڕابردوودا بەرزبووەتەوە بەڵام هیوادارە ناچار نەبێت تێچوونەکانی بخاتە ئەستۆی کڕیارەکانی .

ئیلیۆن دەشڵێت "هێشتا ناچار نەبووم نرخەکان بەرز بکەمەوە، چونکە پێشبینی دەکەم بەم زووانە نرخی هێلکە دووبارە دابەزێتەوە".

ئەمە گرەوێکی باشە. لە ئەمریکا پێشبینی دەکرێت نرخی هێلکە لەمساڵدا نزیکەی 2.8% دابەزێت، ئەمەش بەپێی وەزارەتی کشتوکاڵی ئەمریکا. بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە کە نرخەکان دەگەڕێتەوە بۆ دۆخی پێش کۆڤید، بەڵام هەندێک ئارام دەبێتەوە.

مێتز دەشڵێت "خەڵک بەڕاستی حەزیان لە هێلکەیە و تێبینی دەکەن کاتێک ئەو نرخە دەگۆڕێت". "جووتیارەکانمان خۆزگە دەخوازن ئەو نرخانە ئا بەو خێراییە هێندە هەڵبەز و دابەزی نەکردبایە، ئەمەش ئاڵنگارییە."

سەرچاوە: ئەسۆشیەتید پرێس