وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن لەم هەفتەیەدا سەردانی فەڕەنسا و بەلجیکا دەکات، ئەوەش بە مەبەستی تاوتوێکردنی چەندین بابەتی جیاواز، لەوانەش دۆخی ناو ئۆکرانیا و غەززە و هایتی و گفتوگۆ بازرگانییەکان لەگەڵ یەکێتی ئەوروپا و ئەرمینیادا.
بلینکن سەردانەکەی لە پاریس دەستپێدەکات و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆندا کۆدەبێتەوە و تاوتوێی پشتیوانییەکان دەکەن بۆ ئۆکرانیا و هەروەها ڕێگریکردن لە پەرەسەندنی جەنگەکەی نێوان ئیسڕائیل و حەماس و خستنەوەی سەقامگیری لە هایتیدا.
ئەمەریکا و فەڕەنسا دوو پشتیوانیکاری سەرەکی ئۆکرانیا بوون لە ماوەی داگیرکارییەکەی ڕووسیادا لە ئۆکرانیا.
بلینکن بڕیاریشە پشتیوانی ئەمەریکا دەرببڕێت بۆ ڕێکخراوە زانستی و کلتوری و پەروەردەییەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کاتێکدا کە لەگەڵ بەڕێوبەری گشتی یونسکۆ ئۆدری ئازولایدا کۆدەبێتەوە.
دواتر بلینکن بەرەو بڕۆکسل دەڕوات و لەوێ لەگەڵ وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی هاوپەیمانێتی ناتۆدا کۆدەبێتەوە، لە کاتێکدا کە هاوپەیمانێتییەکەی یادی 75 ساڵەی دامەزراندنی دەکاتەوە.
بلینکن لە بڕۆکسل لەگەڵ هاوتا ئۆکرانییەکەی دمیترۆ کوڵێبا و سکرتێری گشتی ناتۆ یانس ستۆڵتنبێرگدا کۆدەبێتەوە.
بڕیاریشە ڕۆژی هەینی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا و ئەرمینیا کۆببنەوە، وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەڵێت گفتوگۆکان سەنگ دەخەنە سەر " پشتیوانی ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا بۆ ئابووری ئەرمینیا لە کاتێکدا کە کاردەکات بۆ هەمەچەشنکردنی هاوبەشییە بازرگانییەکانی و مامەڵەکردن لەگەڵ پێویستییە مرۆییەکانیدا."
سەرۆکی کۆمسیۆنی ئەوروپا ئۆرسولا ڤۆن دێر لین و سەرۆک وەزیری ئەرمینیا نیکۆل پاشینیان ڕابەرایەتی شاندەکانی خۆیان دەکەن.
بلینکن بە جیا لە بەلجیکا گفتوگۆ لەسەر بارزگانی و تەکنەلۆجیای نێوان ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپادا دەکات.
سەرچاوە/ دەنگی ئەمەریکا