سەرکردەیەکی پارتی دیموکراتی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حزبەکەی زانیاری وردی دەستکەوتووە کە تێیدا "دەستی دەرەکی" دەیەوێت دەستێوەردان بکات لە چۆنیەتی دابەشکردنی کورسییەکان بەسەر لایەنەکاندا و دەڵێت "لە ئێستاوە ژمارەی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان بۆ لایەنەکان دیاریکراوە"
بەڵام کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەو زانیارییە ڕەتدەکاتەوە و بە "لێدوانی سیاسی" ناویدەبات.
فازڵ بەشارەتی، سەرکردەی پارتی دیموکراتی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دانانی ژمارەی کورسییەکان بۆ لایەنەکان لە ئێستاوە گومان نییە، بەڵکو زانیاری 100% هەیە، پارتی ئاگاداری دەستی دەرەکییە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی کوردستان."
دەشڵێت، "ئەوەندە کورسی بۆ هەندێک لایەن دانراوە شاگەشکە بوون لە خۆشیدا. کورسییەکانی داهاتووی پەرلەمان لە ئێستاوە زۆر بە خراپی دابەشکراون، پارتی لە نێوان 27 بۆ 35 کورسی بەدەستی دەرەکی بۆ دانراوە."
ڕۆژی 10ی مانگی شەشی 2024، وەکو وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دیاریکراوە و هەڵبژاردنەکە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراقەوە بەڕێوەدەبرێت.
هەرچەندە زۆربەی لایەنە سیاسییەکان لیستی ناوی کاندیدەکانیان ڕادەستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنی عێراق کردووە، بەڵام پارتی لیستی ناوی کاندیدەکانی پێشکەشی کۆمیسیۆن نەکردووە و لە ڕۆژی 18ی مانگی سێ بە فەرمی ڕایگەیاند بەشداری لەو هەڵبژاردنە ناکات چونکە "ئەجێندای دەرەکی" بەڕێوەی دەبات.
ئەمڕۆ سێشەممە، 2ی مانگی چواری 2024، دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ جنین پلاسخارت نوێنەری سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێم ڕایگەیاند، "پێویستە هەڵبژاردن لە بارودۆخێکی ئاسایی و یاسایی و دوور لە پێشێلکاری دەستووری و دەستوەردان و دیزاینی پێشوەختە ئەنجام بدرێت و ڕێز لە قەوارەی دەستووری هەرێمی کوردستان و مافەکانی پێکهاتە نەتەوەیی و ئاینییەکانی کوردستانیش بگیرێت."
بەرپرسانی پارتی بڕیارەکانی ئەم دواییەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ مەبەستی سیاسی دژ بە پارتی و حکومەتی هەرێم پێناسەدەکەن.
فازڵ بەشارەتی دەڵێت، "پارتی ئەو ئەو پیلانگێڕییەی بۆ هەڵبژاردن داڕێژراوە قبوڵ ناکات. دەبووایە حزبەکانی تریش قەبوڵی نەکەن، بەڵام دیارە ئەوان بەڵێنیان پێدراوە بێبەشنەکرێن لە پشکپشێنەی کورسییەکان بەدەستی دەرەکی."
جەختیشیکردەوە، "لە دونیادا نەبووە بە دەستی دەرەکی و پێش هەڵبژاردن کورسی بۆ لایەنەکان دیاری بکرێت."
بەڵام یەکێتی بە پێچەوانەی پارتی پشتگریری لە بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق دەکات کە لەسەر داوای فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان درابوو.
بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی نیشمانی کوردستان، ڕۆژی 22ی مانگی سێ لە ڕاگەیاندێکدا پشتیوانی بۆ دادگای باڵا دەربڕی و گوتی "سەربەخۆیی دەسەڵاتی دادوەری یەکێکە لە پایە بنەڕەتییەکانی سیستمی دیموکراسی و رەوتی حوکمڕانی وڵاتانی پێشکەوتوو. چەسپاندنی سەروەری یاسا و دادپەروەری لە پایەکانی سەقامگیری سیاسی و کۆمەڵایەتین کە زامنی مافی هاووڵاتیان و کۆمەڵگەیە لە عیراق و هەرێمی کوردستان."
لە کاتێکدا یەکێتی ئەمڕۆ لە ڕاگەیێندراوێکیدا جەختی لەوە کردەوە کە دەبێت هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا ئەنجامبدرێت، فازڵ بەشارەتی پێیوانییە لە مانگی شەشی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدرێت و دەڵێت، "پارتی هێزێکی ئەوەندە بچووک نییە پەراوێز بخرێت، بە بێ پارتی پرۆسەی سیاسی نەک لە کوردستان لە عێراقیش توشی شەلەل دەبێت."
ئەو وتیشی، "پارتی حزبێکە زۆربەی جەماوەری کوردستانی لەگەڵدایە و پێگەی بەهێزە لەناو پرۆسەی سیاسی عێراق دا. پارتی حزبێک نییە پەراوێز بخرێت و بێ پارتی هەڵبژاردن بکرێت."
هەرچەندە پارتی بەشداریکردن لە هەڵبژاردن ڕەتدەکاتەوە، بەڵام کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بەردەوامە لەسەر ئەنجامدانی ڕێوشوێنە تەکنیکییەکان بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە مانگی 6ی ئەمساڵ.
وتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، ڕەتیدەکاتەوە هیچ قسەیەک لەسەر لێدوانی بەرپرسانی پارتی بکات بۆ هەبوونی دەستی دەرەکی لەسەر دابەشکردنی کورسییەکانی پەرلەمانی کوردستان.
جومانە غەلای، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەم لێدوانانە سیاسین و کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق بەشێک نییە لە ململانێ سیاسییەکان."
Your browser doesn’t support HTML5