مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی چوارشەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند چارەسەرێکی "گونجاو" بۆ مووچەی فەرمانبەران دانراوە و دەڵێت بەر لە جەژن مووچەی مانگی سێش دابەش دەکرێت.
بارزانی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک بڵاوی کردەوە " دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆک وەزیرانی حکومەتی فیدراڵ و تیمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەسەرێکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت."
بەبێ ئەوەی ئاماژە بە جۆری چارەسەرەکە بکات بارزانی دەشڵێت "سوپاسی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەرێز محەمەد شیاع سوودانی و هەموو ئەو هێز و لایەنانه دەکەم کە هاوکار بوون تاکوو پێکەوە بتوانین بە سەر ئەو کۆسپ و تەگەرانەدا زاڵ ببین."
بارزانی سوپاسی مووچە خۆرانی هەرێم دەکات و دەڵێت لە ڕابردوودا هەوڵی نائومێدکردنی هاووڵاتیانی هەرێم دراوە بەڵام ڕایدەگەیەنێت " لەم دوو ڕۆژەدا دابەشکردنی مووچەی مانگی شوبات کۆتایی دێت و هەوڵ دەدەین بەر لە جەژن، دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی سێش بکرێت."
هەتا ئامادەکردنی ئەم هەواڵە لایەنی عێراقی هیچ شتێکی لەسەر ئەو ڕێککەوتەنی کە بارزانی باسی دەکات بڵاو نەکردووەتەوە.
ڕۆژی سێشەممە شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی سەردانی بەغدای کردووە بە مەبەستی گفتوگۆکرن لەسەر پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان.