پرسی ئاگرکەوتنەوە لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان

کەمتر لە دوو مانگە و بە دیاریکراوی لە ماوەی 42 ڕۆژدا دوو جار ئاگر لە بازاڕی لەنگەی شاری هەولێر کەوێتەوە کە بە دەیان دوکانی ئەو بازاڕە سووتان. ئەم ئاگرکەوتنەوەیە لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممە 8ی مانگی چواری 2024 ڕوویدا، ئەمە لە کاتێکدایە کە هێشتا هۆکارەکانی ئاگر کەوتنەوەکەی 27ی مانگی دووی ئەمساڵی هەمان بازاڕ ڕانەگەیەنراوە، هەر ئەو کاتیش سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان هاتە سەرخەت و داوای لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی کرد.

دەپرسین:

هۆکاری ئەو ئاگر کەوتنەوانە لەو ماوە کەمەدا لە هەمان شوێن بۆچی دەگەڕێتەوە؟

بۆچی هەتا ئێستا ڕاپۆرتی لێکۆڵینەوەکانی ئاگری پێشوو سەبارەت بە هۆکارەکان ڕانەگەیەنراوە؟

هەتا چەند مەرجی سەلامەتی لە بازاڕ و شوێنە گشتییەکان پەیڕەودەکرێن و چۆن مۆڵەت دەدرێت بەو شوێنانە؟

هەتا چەند سوود لە کەموکوڕی و هۆکاری ئاگرکەوتنەوەکان دەبینرێت بۆ پێداچونەوە بە مۆڵەت و مەرجەکانی سەلامەتی؟

بۆچی هەندێک لە دوکاندارەکان لە بەردەم مایکی کەناڵەکان گومانیان لەو ئاگرکەوتنەوانە هەیە و دەیانوت پێشتر داوای چۆڵکردنیان لێکراوە کە ئامادەنەبوون ئەمە ڕوویداوە؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە دەکەین بە میوانداری:

موقەدەم کاروان میراودەلی، وتەبێژی فەرمی بەرگری شارستانی هەولێر.

شاخەوان کاکەمەم، ئەندامی ئەنجومەنی پێشووی بازاڕی لەنگە.

ئەندازیار عومەر عینایەت، سەرۆکی لیژنه‌ى ئاسه‌وار و خزمه‌تگوزارییه‌كانى شاره‌وانى و گواستنه‌وه‌ و گه‌یاندن و گه‌شت و گوزار لە خولی چوارەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

Your browser doesn’t support HTML5

پرسی کەوتنەوەی ئاگر لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان

موقەدەم کاروان میراودەلی

لە ساڵی ڕابردوو لە سنوری جوگرافیای بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر 2102 ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەمان هەبووە، لەو ژمارەیە بە نزیکەی 800 ڕووداوییان هۆکارەکەی شۆرتی کارەبایی بووە، ناڵێیین هۆکاری ئاگرەکەی دوێنێش هەر شۆرتی کارەبا بووە چونکە هێشتا یەکلایی نەبوینەتەوە، بەڵام ئاگرەکەی پێشوو لە ئەنجامی کارکردنی چوار کرێکار بوو کە کارییان بەکۆستەرە کردبوو، بووە هۆی دروستبوونی لۆد لەسەر سویچ پلاک و دروستبوونی شۆرتی کارەبا، ئەوەی کە دەوترێت دەستە یا گروپە قسە دەکات ئەوە قسەیە و بابەتی سۆشیاڵ میدیایە، ڕەنگە خەڵک قسە لەسەر ئێمەش بکات زۆرجار، بازاڕی لەنگە ژمارەی دوکانەکانی 2400 دوکانە، کاڵای جۆراوجۆری تێدا دەفرۆشرێت، ئەو جێگایەی دوێنێ سوتاوە جیاوازە لەوەی پێشتر، بەڵام بەداخەوە هەمان بازاڕە، گوێ لەخەڵکیش دەگرین قسەی خەڵکیش بۆ ئێمە جێی ئیعتبارە

بەڕاستی کەموکورتییەکی زۆر هەیە لە بازاڕی لەنگە وە بێ ئاگایی و ناهۆشیارییەکی زۆر لەلایەن خودی دوکانداران و فرۆشیارانەوە لەنگەشەوە هەیە، وە ڕیسکێکی زۆری تێدا بەدی دەکرێت، بابەتی سەلامەتی و دڵنیایی لە ٥%یش لەبەرچاو ناگیرێت ئەمەش وایکردووە لە ئاگرکەوتنەوەکاندا ئەو زیانە زۆرانە بکەوێتەوە، ئێمە ساڵانە دووجار کەشف دەکەین بەڕاپۆرت ئەو کەموکوڕییانەمان نوسیووە بەرزمان کردۆتەوە و وتومانە پێویستە سیستمی سەلامەتی بۆ بازاڕی لەنگە بە تەواوی نوێ بکرێتەوە، ئەگەر دەڵێن ئەی چۆن ڕێگەدەدەن بەکارکردن لەو بازاڕە بەو کەموکورتییانەوە؟ هەر بەوە وەڵام دەدەم کە پەنجا ڕۆژ نابێت ئەو ئاگرە گەورە کەوتەوە کەچی ئەوەتا ئەمڕۆ بازاڕە بێ چاککردنی ئەو کەموکورتییانە دەستییان کردەوە بە کارکردن ئێمە ناتوانین ڕێگە لە کاسبی خەڵک بگرین، من لە ئاگرەکەی پێشتر بە کاک شاخەوانم وت، ئاوا بڕوات جارێکی تریش ئاگر دەکەوێتەوە، ئەمجارەش دەیڵێمەوە بەمجۆرە تەجاوز و هاتنەدەر و پەردەکێشی و کەڵەکردنی ئەم هەموو شتانە، ڕەنگە ئەمشەو یا دەیان شەو و جاری تریش ئاگر لەو بازاڕە بکەوێتەوە یانی هەمیشە مەترسی لەو شوێنانە هەیە، گەرەنتی نیە دووبارە نەبێتەوە، بەڵام بۆ ئێمە وەک بەرگری شارستانی وەک تێبینی ئەو کەموکورتییانە وەردەگرین و بەگریمانە کاردەکەین.

دەربارەی گومانەکانی خەڵک، ئێمە هەموو ئەو گومانانە وەردەگرین و خۆدزینەوە ناکەین کاتمان لەبەردەمە بە وردی لێکۆڵینەوە دەکەین و کاری خۆمان دەکەین،بەڵام خەڵک هاتووە شتیش لەسەر ئێمە دەڵێت، بەڵام ئێمە بە دڵی فراوان وەردەگرین و کاری خۆمان دەکەین تا دڵنیادەبینەوە، خۆ جاری تریش خەڵک سوێندی دەخوارد دەیوت بە چاوی خۆمان بینیومانە کە بەدەست ئاگر کراوەتەوە، بەڵام هۆکارەکەی دەرچوو چی بوو!

شاخەوان کاکەمەم

ناڕێکی و فەوزای بەشێک لە دوکاندارەکان وەهایکردووە کە بەشێک لە دوکانەکانی ئێمە جارێکی تر بسوتێتەوە، چەند جار داوامانکردووە کەلایەنی پەیوەندیدار نایەن لیژنەیەک بهێنن لە بازاڕەکەدا کەسی ئاژاوەگێڕ و کاسبکار جیابکەنەوە، ئەو کەسە ئاژاوەگێڕانە بەنهیچ جۆرێک پابەندی ڕێنماییەکانی بەرگری شارستانی و شارەوانی نابن و لیژنەی چاودێریش مانگێک دێت و دواتر نایەتەوە، دوای ئەوە کەموکوڕی بە تەنها هی حکومەت نیە هی خۆشمان وەک دوکاندارەکانی تێدایە کە وەک حکومەت نامانپارێزێت نایەین ئاگرکوژێنەوە لە دوکانەکانی خۆمان دابنێیین.

حکومەت سیستمێکی ئاگر کوژێنەوەی لەناو بازاڕی لەنگە بۆ داناوین کە دەتوانم بڵێم تاکە سیستمە لە هەموو بازاڕەکانی کوردستان کەچی بەداخەوە ئێستا نەکەوتۆتەکار، هەرچەندە ماوەی 42 ڕۆژ تێپەڕیووە بەسەر ئاگرکەوتنەوەکەی یەکەمجاردا.

ئاگرەکەی دوێنێ گومان هەیە کە بەدەستی ئەنقەست کرابێتەوە، چونکە لە سێ شوێندا کراوەتەوە، یەکەمجار تیمەکانی بەرگری شارستانی هاتون کۆنترۆڵییان کردووە، دووەمجار دوکاندارەکان خۆیان کۆنترۆڵییان کردووە، سێهەم کە لەدوای دووەم کەوتۆتەوە ئیتر کۆنترۆڵ نەکراوە.

بازاڕێکە چاوێکی تەماحی لەسەرە بەهۆی شوێنی جوگرافیاکەی کە کەوتۆتە ناوەندی شاری هەولێرەوە، لەناو خودی بازاڕەکەشدا دەستی تەماح هەیە، کۆمپانیای سکیورێتی هاتووە کڕین و فرۆشتن بە بازاڕەکە دەکرێت بێ ئەوەی پرس بە دوکاندارەکان بکرێت، دەستی بەسەر بازاڕەکەدا گرتووە، پاسەوان دێ و پاسەوان دەڕوات، ئەوانیش هۆکارن بۆ سوتانی بازاڕەکە، بۆیە بازاڕێکە هەموو کاتێک شیاوی سوتانە، ئەو کۆمپانیایە لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەرچووە هەندێک کەسیان وەک پاسەوان هێناوە کە شیاو نین، بۆیە هەرچی لە ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ دەرچێت ئەو کارەساتە ڕوودەدات، کۆمپانیا سکیورێتیەکە پێشتر چوون بۆ لای دوکاندارەکانی ئەو بەشەی دوێنێ سوتا داوای پارەیان لێکردوون، دوکاندارەکان پێییان وتوون ئێمە باوەڕمان بە ئێوە نیە و پارە نادەین، کۆمپانیا سکیورێتیەکەش بەو دوکاندارانەی وتووە، ئەگەر پارە نەدەن بازاڕەکەتان دەسوتێتەوە، لە ٨٠-٩٠%ی گومانەکان بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە بەدەستی ئەنقەست ئاگر کرابێتەوە، لەوکاتەشدا تیمی کارەبا لەوێبووە وتویانە کاتی ئاگرەکە کارەبا هەر نەبووە تا شۆرت بێ.

خۆی ئەوانەی لە بازاڕی لەنگە قسەدەکەن سێ جۆرن، بەشێکییان خەمخۆری بازاڕەکەن و دەیانەوێ کێشەکان چارەسەر ببێ، بەشێکیشییان ئاژاوەگێڕن، بەشێکیشیان حکومەت هەرچی بڵێ ئەوان ڕەفزی دەکەن و ڕەخنەی لێدەگرن، بەڵام خەڵکەکەش گومانی لەوەیە دەڵێن ئەو ئەنجومەنەی ئێستا لە بازاڕەکەدا هەیە، وە ئەو کێشانەی هەن وە ئەو هۆکارانەی باس دەکرێن بۆ ئاگرەکە هی ئەوە نیە ئەو کارەساتە بکەوێتەوە ئەگەر دەستێکی گەورەی لەپشت نەبێ، ئەگەر سکیورێتیەکی بەهێز هەبووایە لە بازاڕەکەدا ئەو ئاگرە ڕوینەدەدا، ئێمە ناتوانین بڵێیین هەر بەرگری شارستانیە، دەستێکی دەرەکی و تەماح هەیە دەیەوێت دەست بەسەر ئابوری بازاڕەکەدا بگرێت و دەست بەسەر بازاڕێکەدا بگرێث، بۆیە دەبێت حکومەت لێکۆڵینەوە بکات بزانێت ئەو دەستە کێیە؟!

باشە خۆ بازاڕی لەنگە لە سلێمانی و دهۆک و هەموو شارەکانی تر هەیە بۆچی هەر بازاڕی لەنگەی هەولێر ئەوەندە دەسوتێت؟! پێویستە لایەنی پەیوەندیدار بێنە سەر خەت و لێکۆڵینەوە لەو هۆکارانە بکەن بۆچی هەر بازاڕی لەنگەی هەولێرە ئەوەندە ئاگر دەگرێت؟ بەداخەوە کەسانی حکومی و حزبی کەمتەرخەمن پێویستە چاوپۆشی نەکەن لە هەندێک کەس و لە پێناو بەرژەوەندی خۆیان ببێتە هۆی سوتانی بازاڕەکەمان هەمووی چاوپۆشی و دەستی تەماحە وای بەسەر ئەو بازاڕەدا هێناوە، کەسی حزبی هەیە لەبەرئەوەی خۆی دوو کەس یا کەسێکی لە کۆمپانیای سکیورێتیەکەیە ڕێگەنادات ئیجرائەت لەگەڵ کۆمپانیاکە بکرێت، یا ئەنجومەنی بازاڕەکە خەمی بەرژەوەندی کەسی خۆیانە وەک لە بەرژەوەندی بازاڕەکە کەمن خۆم پێشتر لەو ئەنجومەنە بووم و دەستم لەکارکێشایەوە، من گەرەنتی دەدەم ئەو دەستە تەماحەی لە بازاڕی لەنگە هەیە دەربهێنرێت ناڵێم ناسوتێتەوە قەت، بەڵام قەت ڕووداوی وا دووبارە نابێتەوە؟!

هەموو لایەنی حزبی و حوکمی هەولێر دەزانێت کێشەی بازاڕی لەنگە چیە و بۆ ئاگر دەگرێت؟ من بەڵێننامە لە دادنوس پڕدەکەمەوە بەڵێن بێت کێشەی لەنگە بە حەوت ڕۆژ چارەسەر بکەم، نازانم بۆ ڕێگا نادەن خزمەتگوزاری بازاڕی لەنگە بەرەوپێش بچێت؟! من بۆخۆم چەندین نوسراوم ئاڕاستەی شارەوانی، کارەبا، کردووە بۆ ڕێکخستنەوەی بازاڕێکە و ڕێگریکردن لە ئاگرکەوتنەوە بەڵام وەڵام نادەنەوە.

لایەنی پەیوەندیدار و پارێزگار دەڵێن لەنگە خەڵکی ئاژاوەگێڕی زۆرە، بەڕاستیش وایە، خەڵکی (زماندرێژی زۆرە) یانی بەس قسە دەکەن و تۆمەت بۆ لایەنی پەیوەندیدار دروست دەکەن، کێشەکە لێرەیە کە ئەوانەی خۆیان بە والی و براگەورەی ئەم شارە دەزانن نابێت گوێ ب ەقسەی ئەو ئاژاوەگێرانە بدەن و کێشەکانی لەنگە چارەسەر نەکرێت و ئێمەش بەهۆی زماندرێژی ئەوان ئاگر بگرین و کێشەکانمان چارەسەر نەکرێ، ئێستاش داوادەکەم لیژنەیەک دروست بکرێت کە لێکۆڵینەوە لە هەموومان بکرێت چونکە ئەنجومەن و سکیوێرێتی و کەسانی حزبی و حوکمی دەستیان هەیە کە بازاڕی لەنگە چارەنوسی بەوجۆرە بێ، ئێستاش داوای ئەو لیژنە لێکۆڵینەوە دەکەم چونکە ئەو بازاڕە خەڵکی کاسبی لە خەڵکی ئاژاوەگێڕ و ڕەخنەگر لە حکومەت زیاترە.

دەنگی ئەمەریکا پەیوەندی کرد بە بەرپرسێکی کۆمپانیای سکیوریتی بازاڕەکە بەڵام وتی: هیچ لێدوانێک بۆ ڕاگەیاندن نادەم، بەڵام هەر قسەیەک ئەو دوکاندارانە دەیکەن لەسەر سکیوریتی، گوایە ڕۆڵی خراپیان بینیوە، ئەو قسانە ڕاست نین، بە پێچەوانەوە لە ئاگرەکەی دوێنێ دووشەممە ئەگەر کارمەندانی سکیوریتی نەبوونایە ئەوا زیانە مادییەکەی لە جاری پێشوو زیاتر دەبوو و ئاگرەکە دەپەڕییەوە بەشەکانی تر، جگە لەوە کارمەندانی سکیوریتی چەند کەسێکیشیان لە ناو ئاگرەکە ڕزگار کرد.

ئەندازیار عومەر عینایەت

من ئەو بازاڕەم نەبینیووە، بەڵام ئەوەی لە قسەی ئەو دوو میوانە بەڕێزە(کاک موقەدەم کاروان و کاک شاخەوان) تێگەیشتم وا دەردەکەوێ کە ئەو بازاڕە شوێنی دەربازبوونی ئۆتۆمبێلی ئاگرکوژێنەوە و فریاکەوتنی نیە، کە پێویستە لە چوار ئاڕاستەوە بەئاسانی ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن و ئاگر کوژێنەوە بگاتە هەموو جێگاکان لە زووترین کاتدا، بەبۆچونی من لەم ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەدا نە بۆ دەستی ئەنقەست نە بۆ شۆرتی کارەبا بگەڕێن، بەڵکو ئەمە بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە شارەوانی ڕێگای داوە ٢٤٠٠ دوکان لەو شوێنەدا لەسەر یەک بلۆک دروستبکرێت، بێ ئەوەی هیچ ڕێگایەکی ئۆتۆمبێلی خزمەتگوزاری و ئاگرکوژێنەوەی پێبگات.

ئێستا لە هەندێک شوێن بە زۆر کۆمپانیاکانی سیکیورێتی دەسەپێنن بەسەر بازاڕ و شوێنەکاندا بۆ ئەوەی پارەیان دەست بکەوێ دێن دەڵێن دەبێت ئەم بازاڕە سکوێرێتی هەبێت کە ل ەئاستی پێویستدا نین من خەڵکی وایانم لێبینیووە کە تەمەنی ١٤-١٥ ساڵ بووە ڕیش و سمێڵییان لێنەهاتووە هێشتا، وە ئەو باڵەخانە و بینایانەی لە کوردستاندا هەن و چوون بەئاسماندا تەنها وەبەرهێنەرەکە خۆی چاودێرە بەسەر کارەکانیەوە و مەکتەبی ڕاوێژکاری و شت تەنها ناوە، وەبەرهێنەرەکە چۆن و هەرچی بوێ ئەوە دەکات بۆیە مەرجی سەلامەتی ئاگر کەوتنەوە و بومەلەرزە و کارەساتییان تێدانیە.

سیستمی نۆژەنکردنەوەی بازاڕەکە دانانی سیستمی پایپ کە درابوو بە کۆمپانیایەک هەرچەند من ئەوکات تەنانەت دەوامم لە هەولێریش نەبوو بەڵام بە گەڕانەوە بۆ نوسراوەکان دەردەکەوت کە هاوکارەکانی ئێمە لە بەرگری شارستانی ئەوکات ئیستسلامییان نەکردووە واتە ڕەزامەند نەبوون لەسەر مەرجی سەلامەتی.

ئێمە یاسای زیادەڕەویمان دەرکرد لە خولی ڕابردووتری پەرلەمان کە ئەو یاسای زیادەڕەوییە پێویستە چاودێری شەقام و شۆستە و ناو بازاڕەکان بکات و بەهیچ جۆرێک ڕێگە بەهیچ زیادەڕەوییەک نەدرێت تا لە حاڵەتی کتورپڕ و لە ناکاوی وەک ئاگر کەوتنەوە شەقام و ڕێگاکان چۆڵبن بۆ ئۆتۆمبێلی فریاکەوتن، جا هەر بازاڕی لەنگە نیە، بەڵکو سەنتەری شاری سلێمانی و هەولێر و دهۆک و هەڵەبجەش هەرهەمووی لە دوای سەعات ٢ی پاشنیوەڕۆوە حکومەتی تێدا نامێنێت ئیتر دەگیرێت بە دەستگێڕ و عەرەبانە و زیادەڕەوی ئۆتۆمبێل بە ١٠ خولەک نیوکیلۆمەتری بۆ نابڕدرێت، لەبەرئەوەی ئێرە وڵاتی هەڵبژاردنە، هەڵبژاردن ئەبێتە نیعمەت لای ئێمە دەبێتە نیقمەت، ڕێگا دەدەن عەرەبانە بێنە سەرشەقامەکان شەقامەکان بگرن، بۆئەوەی لە هەڵبژاردن دەنگ بدەنە حزبەکەی ئەمە بەرتیلێکی مەعنەوییە کە دەدرێتە ئەو خەڵکانە، ئۆپۆزسیۆن و حکومەت هەمان شت دەکەن بۆ ئەوەی خەڵک بێن بەوجۆرە شەقام و جادەکان بگرن.

دەبێت ئاسایش و لایەنی پەیوەندیدار ڕاستەوخۆ لەسەر قسەکانی ئەم کاک شاخەوانە بێت مەلەفێک بکات و لێکۆڵینەوە بکات بزانێ کێییە هەڕەشەی کردووە بڵێ ئەگەر پارەکە نەدەن بازاڕەکەتان دەوستێ! دەبێت بەجدی لێکۆڵینەوە بکەن لەدوای ئەم قسەیەوە.

ئەوەی من لە قسەکانی کاک موقەدەم کاروان و کاک شاخەوان تێگەیشتم هیچ مەرجێکی سەلامەتی لە بازاڕی لەنگەدا نیە، وە خەڵکەکەش خۆی خزمەتی خۆی ناکات، مانگی ٢٠ هەزار دینار بدەن بۆ خزمەتی خۆیان، بەڵام ئەگەر ئەو دەستە نەبێت کەباسی دەکەن زۆر بڕوام بە قسەکەی کاک شاخەوان هەیە، چونکە لە کوردستان ئەو شتانە هەیە ئەو هەڕەشانە بکرێت لەبەرئەوەی کۆمپانیاکانی سکیورێتی زۆربەی هی بەرپرسەکان یا هی کوڕی بەرپرسەکانە بۆیە دەبێت ئاسایش و ناوخۆ لێکۆڵینەوە بکەن بزانرێ ئەو هەڕەشەیە لە دوکاندارەکانی لەنگە کراوە یا نا؟

ئەوکاتەی لە پەرلەمان بووم سەرۆکی لیژنەی شارەوانی بووم، خەڵک هاتووە سکاڵای کردووە کە کۆمپانیایەک یا وەبەرهێنێک دەیەوێت زەوییەک داگیر بکات ئێمە چوین قسەمان لەگەڵ کردووە، هەر بۆ نمونە جارێک سکاڵایەک هاتە لامان کە کۆمپانیایەک دەیوست فڕۆکەخانەی سلێمانی هەمووی ببات بۆخۆی بۆ ماوەی پەنجا ساڵ ڕۆژی بە ٦٧ دۆلار، بەومەرجەی هەموو خزمەتگوزارییەکان ئەو کۆمپانیایە بۆ پەنجا ساڵ تەنها ئەو لە فڕۆکەخانەی سلێمانی پێشکەشی بکات، ئەوەبوو ئێمە بەدواداچونمان کرد و ڕێگریمان کرد، جا لە کوردستان سیستم نیە ئەو شتانە زۆرن.