دوو هاووڵاتی کورد لە ئێران بەهۆی بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز دەستگیر دەکرێن

کردارەکانی حکومەتی ئێران دژ بە ژمارەیەک لەو کەسانەی کە لە جەژنی نەورۆزی ئەم ساڵ لە شارە کوردییەکاندا بەشدارییان کردبوو بەردەوامە.

ڕێکخراوەکانی کە پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستن ڕایدەگەیەنن ڕۆژی چوارشەممە دوو هاووڵاتی تری کورد بەهۆی بەشداریکردنیان لە مەڕاسیمی جەژنی نەورۆز لەلایەن دەزگای ئیتڵاعاتی شاری میاندواو بانگکراون و پاشان دەستگیر کراون.

ڕێکخراوەکانی وەکو تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان و ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێن ئومێد قادرنژاد و موحسن قادرەڕەش هەردووکیان خەڵکی گوندی حاجی حەسەنی شاماتی سەر بە شاری میاندواون کە دەکەوێتە ئوستانی ئازەربایجانی ڕۆژئاواوە و هاوسنوورە لەگەڵ شاری مهاباد.

ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ لە زاری سەرچاوەیەکی نزیک لە خێزانەکانیانەوە دەڵێت " ئەو دوو هاووڵاتییە بەهۆی بەشداربوونیان لە ڕێوڕەسمەکانی تایبەت بە نەورۆز دەستبەسەر کراون و دوای دەستبەسەرکردنیان بۆ بەندیخانەی ناوەندی میاندواو گواستراونەتەوە."

لە مانگی ڕابردووشدا هونەرمەندێکی کورد بە ناوی محەمەد عەباسزادە، بەهۆی بەشداریکردنی لە ڕێوڕەسمی ئاهەنگی نەورۆز لەلایەن هێزە ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە لە پارێزگای ئیلام دەستبەسەر کرا.

ئەو هونەرمەندە تەمەن 35 ساڵانە کە پێشتریش، بەهۆی وتنی سروودی " ژن، ژیان، ئازادی" لە دەمی خۆپیشاندانە سەرتاسەرییەکانی ئێران دەستگیرکرابوو، لە 27ی مانگی سێی 2024، لە پاش گەڕانەوەی لە ڕێوڕەسمێکی نەورۆز لە ناوچەی مەلەکشاهی پارێزگای ئیلام دەستگیرکرا .

هەر لە مانگی سێدا هونەرمەند حەسەن کاکەییش بەهۆی گۆرانی وتنی لە ئاهەنگی نەورۆز لە شاری بۆکان دەستگیر کرا بەڵام پاش لێکۆڵینەوە کردن لەگەڵیدا ئازاد کرا.

هەر لە چوارچێوەی فشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ سەر ئەو کەسانەی کە بەشداری ئاهەنگەکانی نەورۆزیان کردووە لە شارە کوردییەکاندا، لوتفوڵا پەروێز یەکێک لە چالاکوانە سڤیلییەکانی شاری گیەڵان کە ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردنی ئاهەنگی نەورۆزی بووە لە شارەکەدا لە لایەن ناوەندە ئاسایشییەکانەوە لە مانگی ڕابردوودا دەستبەسەر کراوە و چەند هاووڵاتییەکی تریش کە بەشداری ئاهەنگەکەیان کردووە لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە.

لە شاری کرماشانیش هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێران لە کاتی ڕێوڕەسمی نەورۆز لە یەکێک لە پارکەکانی شارەکە تەقەیان لە دوو لاوی کورد کردووە و برینداریان کردوون.

بە پێی ئامارەکانی ڕێکخراوەکە لەوەتای جەژنی نەورۆزەوە هەتا ئێستا لانیکەم 13 هاووڵاتی کورد بەهۆی بەشداریکردنیان لە ڕێوڕەسمەکانی نەورۆز لەلایەن هێزەکانی ئاسایشی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە دەستگیرکراون و سەدان هاووڵاتی دیکەش لێپێچینەوەیان لەگەڵدا کراوە.