فەرماندەی گشتی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ئەوەی ڕەتکردەوە گرووپەکانی ناو حەشد سەستیان لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر هەبێت و دەڵێت بۆ دەستنیشانکردنی ئەو گروپەی هێرشی کردووە نابێت پشت بە "تۆمەتبارکردن" ببەسترێت، بەڵکو دەبێت پشت بە "زانیاری وردی دامەزراوە فەرمییەکان" ببەسترێت.
سەبارەت بە تۆمەتبارکردنی حەشدی شەعبی بە ئەنجامدانی هێرش بۆ سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر، محەمەد مەهدی بەیاتی، فەرماندەی گشتی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی، لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ دەنگی ئەمەریکا ڕایگەیاند، "تۆمەتبارکردنی حەشدی شەعبی لەڕووی یاساییەوە بە گرنگ سەیر ناکرێت، هەر لایەنێک حەشدی تورکمانی تۆمەتباردەکات بە ئەنجامدانی هێرشەکەی سەر کۆرمۆر با یەک بەڵگە بخاتەڕوو، تا لێپێچینەوە ئەنجام بدرێت."
ئیوارەی ڕۆژی 26ی مانگی چواری 2024، کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنوری قەزای چەمچەماڵی ڕۆژهەڵاتی کەرکوک، لە ڕێگەی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی بۆمبڕێژکراوەوە کرایە ئامانج، و لە ئەنجامدا 4 کارمەندی کۆمپانیای دانەگاز گیانیان لەدەستداو 8 کارمەندی تریش برینداربوون، ئەمە جگە لەو زیانانەی بەرکێڵگە غازییەکە و کارەبای گشتی کەوتوون.
بەرپرسانی هەرێمی کوردستان گومانیان لە گروپەکانی سەربە حەشدی شەعبی هەیە کە هێرشەکەیان ئەنجامدابێت، بەو پێیەی کێڵگەکە نزیکە لە سنورەکانی ژێر دەسەڵاتی حەشدی شەعبی و ئەو ناوچانەی بە بۆشایی ئەمنی لە نێوان پێشمەرگە و سوپای عێراق دەناسرێن.
محەمەد مەهدی بەیاتی دەڵێت، "پێموانییە حەشدی شەعبی پەیوەندی بە هێرشەکەوە هەبێت، حەشدی شەعبی ئەرکێکی دیاریکراوی هەیە و بەرگری لە کەرکوک دەکات لە هێرشی ڕێکخراوە تیرۆرستییەکان، جگە لەم ئەرکە حەشد بۆ هیچ ئەرکێکی تر ڕانەسپێردراوە."
ئەمڕۆ دووشەممە، 29ی چواری 2024، کۆمپانیای دانەگاز ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی غازی لە کێڵگەی کۆرمۆر بە شێوازی کاتی و گۆڕینی ڕێوشوێنەکانی کارکردنی ڕاگەیاند.
لە ڕاگەیەنراوێکدا، دانەگاز دەڵێت، "لەگەڵ حکومەتی هەرێم و حکومەت عێراق لەبەرزترین ئاست لە پەیوەندیداین بۆ یارمەتیدانیان لە جێبەجێکردنی بەرپرسیارێتییەکەیان بۆ ئەوەی بکەرانی ئەو کردەوە تیرۆرستییە بەسزای خۆیان بگەیەنن."
بە ئامانج گرتنی کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە ڕێگەی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە لە کاتێکدایە، پێشتریش نزیکەی حەوت جاری تر کێڵگەکە بۆردومانکراوە، کاتێک کۆمپانیای دانەگاز هەوڵی فراوانکردنی کێڵگەکە و بەرهەمهێنانی غازی زیاتری داوە.
چاودێران پێیانوایە ئێران نیگەرانە لە فراوانکردنی کێڵگەکە و نایەوێت پەرەی زیاتری پێبدرێت، تا غازەکەی نەبێتە جێگرەوەی غازی ئێران لە بازارەکانی عێراق دا، بۆیە لە ڕێگەی گروپە چەکدارەکانەوە هەوڵی ڕێگرتن لە فراوانکردنی کێڵگەکە دەدات.
محەمەد مەهدی بەیاتی، فەرماندەی میحوەری باکوری عێراقی حەشدی شەعبی وتی،"هەر بۆمبارانێک لە دەرەوەی بازنەی دەوڵەت و هێزە چەکدارەکان ئەنجام بدرێت کردەی تیرۆرستییە و پەیوەندی بە حەشد و دەوڵەتەوە نییە، دەزگا ئەمنییەکان بەرپرسیارن لە ئاشکراکردنی تێوەگلاوان."
دوێنێ دوای کۆبوونەوەی هاوپەیمانێتی ئیدارەی دەوڵەت بە بەشداری نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێم، لایەنەکانی بەشداربووی کۆبوونەوەکە ڕاگەیەنراوێکیان بڵاوکردەوە و ئیدانەی هێرشەکەی سەر کۆرمۆریان کرد و جەختیان لەوەشکردەوە، سەرۆکوەزیرانی عێراق گەیشتنە سەرەداوی لەبارەی ئەنجامدەرانی هێرشەکەوە پێڕاگەیاندوون.
محەمەد مەهدی بەیاتی وتی، "سەرۆکوەزیرانی عێراق فەرماندەی هێزە چەکدارەکانە، جۆرەها گروپی چەکدار هەن، گروپ هەیە لە دەرەوەی یاسا و هەشە نزیکە لە تیرۆرستانی داعشەوە، ناوی گروپەکان زۆرن، پێویستە دەزگا ئەمنی و سەربازییەکان تێوەگلاوان ئاشکرابکەن تا مەسەلەکە ڕونببێتەوە بۆ خەڵک و گەلی عێراق."
کێڵگەی غازی کۆرمۆر سەرچاوەی 67%ی کارەبای هەرێمی کوردستانە و ڕاگرتنی کارکردن لە کێڵگەکە لەلایەن کۆمپانیای دانەگازەوە، مەترسی کەمبوونەوەی زیاتری کارەبای نیشتمانی بە بەشێک لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان لێدەکرێت.
بەپێی وتەی بەرپرسانی کارەبا، لە ئێستادا ڕۆژانە 7 کاتژمێر و نیو کارەبای نیشتمانی بە ناوچانەکانی سلێمانی دەدرێت، گەر دانەگاز بەردەوام بێت لە ڕاگرتنی بەرهەمهێنانی غاز و پلەکانی گەرما بەرز ببێتەوە ئەوا بڕی پێدانی کارەبا کەمتر دەبێتەوە.
محەمەد حسێن، چاودێر لە بواری نەوت و وزە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "کۆمپانیای دانەگاز ئیشوکارەکانی لەو بەشەی کێڵگەی غازی کۆرمۆر ڕاگرتووە کە بۆردومانکراو پلانی فراوانکردنی هەبوو، ترس لای کارمەندەکان دروستبووە و بەشێکیان دەگەڕێنەوە بۆ وڵاتەکانیان."
Your browser doesn’t support HTML5