وتەبێژی وەزارەتی دارایی هەرێم: لای ئێمەش جێگەی سەرسوڕمانە بۆ عێراق مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم نانێرێت

Your browser doesn’t support HTML5

وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکومەتی هەرێم هەموو مەرجەکانی عێراقی بۆ دابینکردنی مووچەی مانگی چوار دابینکردووە و "جێگەی سەرسوڕمانە" بۆچی حکومەتی عێراق هەتا ئەمڕۆ،6ی مانگی پێنجی 2024 مووچەی مانگی چواری مووچەخۆرانی هەرێمی دابیننەکردووە.

هونەر جەمال، وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابوری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەوەی داواکاری عێراق بوو لە کوردستان، کوردستان هەمووی جێبەجێکرد هەر لە لیستی ناوی چواری تا لیستی هێزە ئەمنیەکان کە ڕێککەوتنی لەسەر کرا و بە کۆد نێردرا بۆ بەغدا، ئیدی نازانین عێراق چی دەوێت لە کوردستان و جێگای پرسیارە. گەر ئەمە بابەتێکی سیاسی نەبێت بۆ دواکەوتنی مووچە چی لێکدانەوەیەکی دیکەی بۆ دەکرێت؟"

وتیشی "بۆ مانگی چوار دوو ڕێکار هەبوو ئێمە هەردووکیمان گرتەبەر: یەکەم، ناردنی لیستی مووچە، دووەم تەرازووی پێداچوونەوە. ئێمە دوو هەفتە لە مەوبەر هەموو ئەم داواکاریانەمان ناردووە، بەڵام بە داخەوە ئەوەی لای ئێمە جێگای سەرسوڕمانە ئێستا عێراق موبەریری چیە کە مووچەی فەرمانبەرانی دواخستووە لە کاتێکدا ئەبینین کە لەوێ [سنورەکانی دەستەڵاتی حکومەتی عێراق] مووچە دراوە و کێشەی نەختینە نییە."

تا ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە، بەرپرسانی عێراق هیچ لێدوانێکی فەرمییان نەداوە لەسەر هۆکاری دواکەوتنی مووچەی مانگی چوار.

هونەر جەمال وتی، "لیستی مووچەمان ناردووە و وردبینی کراوە، ئیدی بیانووی چییان هەیە نازانین. بۆیە نابێت مووچە ببەسترێتەوە بە هیچ کێشەیەکی دیکەوە، ئێمە لەسەرووی هەموو کێشەکانەوە دەرگامان کرایەوە لە مەسەلەی داهاتی ناوخۆ و توومانە، 'فەرموون بەسەرچاو هەرچی داهاتی فیدراڵی هەیە ئامادەین ڕادەستی بکەین لە مەسەلەی تەوتینن ئەوە هەژماری مننمان هەیە هیچ گرفتێکی دروستنەکردووە و گرفتێکی تەکنیکی و یاسای لەسەر پرۆژەکە نیە.' بەو هیوایەین مەبەستەکەیان تەنها بۆ ئەوە نەبێت بیانەوێت جارێکی تر کێشە بۆ مووچە دروستبکەن."

ڕۆژی 21ی مانگی دووی 2024، دادگای فیدراڵی عێراق لەسەر سکاڵای سێ هاوڵاتی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان، سەرۆکوەزیرانی عێراق و حکومەتی هەرێمی پابەندکرد بە چەندین بڕیاری کارگێڕی و دارایی و بڕیاری ڕادەستکردنی نەوتی هەرێمیشی بە حکومەتی عێراق دەرکرد.

دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی، وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراق ئامادەیی خۆی دەربڕی بۆ ناردنی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەڵام لە ڕێگەی بانکە حکومییەکانی عێراقەوە.

سۆران عومەر ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هۆکاری نەناردنی مووچە بۆ هەبوونی کێشەی تەکنیکی ناگەڕێنێتەوە بەڵکو دەڵێت "حکومەتی هەرێم تا ئێستا هیچ هەنگاوێکی کرداری نەناوە لە بارەی تەوتینکردنی مووچە و ڕادەستکردنی داهاتی ناوخۆ."

سۆران عومەر بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دادگای فیدراڵی عێراق لە 21ی مانگی دوو بڕیاری لە بارەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانەوەدا و حکومەتی عێراقی ناچارکردووە بە پێدانی مووچە لە ڕێگەی تەوتینەوە. وەزارەتی دارایی حکومەتی عێراقیش دوو مووچەی نارد، بەڵام هەرێم هەنگاو نانێت بۆ چارەسەری دۆخەکە."

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ڕۆژی 30ی مانگی چواری 2024 نوسراوێکی ئاراستەی سەرۆکوەزیرانی عێراق کردووە، تێدا لە ناوەڕۆکی نوسراوەکەدا هاتووە، "هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و بانکی بازرگانی تی بی ئای ڕێککەوتوون وەک بانکێکی فیدڕاڵ، لە تەوتینکردنی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بەشداربێت."

بەپرسانی هەرێم دەڵێن بانکەکە لە ڕێگەی سیستەمی دیجیتاڵی "هەژماری من" بەشداردەبێت لە پرۆسەکەدا.

دواکەوتی مووچەی مانگی چوار لە کاتێکدایە کە مانگی پێشوو وەزارەتی دارایی عێراق هەردوو مووچەی مانگی دوو و سێ لەماوەی دوو هەفتەدا ڕەوانەکرد. دواتر ناڕەزایی و خۆپیشاندانی مامۆستایانی "زۆنی سەوز" وەستا.

بەڵام لەگەڵ جارێکی تر دواکەوتنی مووچە، دەنگۆکان بۆ دووبارە دەستپێکردنەوەی خۆپیشاندانی ناڕەزایی لە لایەن مامۆستایانەوە سەرهەڵدەدەنەوە.

هونەر جەمال وتەبێژی وەزارەتی دارایی و ئابووری عێراق ئەوەشی بە دەنگی ئەمەریکا وت، "مووچە تا لای ئێمە بوو دیاربوو. تا لای ئێمە بوو نەوتمان ئەفرۆشت و 21ی مانگ مووچەمان لەکاتی خۆیدا دابەشدەکرد، مەگەر یەکدوو ڕۆژ لیستی مووچە دواکەوتبایە، ڕامان دەگەیاند. بەڵام دوای [ڕاگرتنی] هەناردەنەکردنی نەوت ئێمە کەوتینە کێشەی قوڵ لەگەڵ عێراقەوە، ئێمە پار لە یاسای بودجە هەموو ڕێکەوتنێکمان لەگەڵ عێراقدا کرد، بەڵام ئەوەبوو دواجار لە پەرلەمانی عێراق دەستکاری مادەکانی تایبەت بە پشکی هەرێمی کوردستان کرا و دواجار یاساکە کاری نەکرد."

بەپێ ئامارە نافەرمیەکان، نزیکەی یەک ملیۆن و 200 هەزار مووچەخۆر لە هەرێمی کوردستاندا هەن، بەڵام زۆربەیان هەژماری بانکییان نییە.

دوێنی 5ی مانگی پێنج، شاندێکی بانکی بازرگانی تی بی ئای سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد بۆ ئەوەی بێنە ناو پرۆسەی هەژماری منەوە، بەڵام بەرپرسانی حکومەت تا ئێستا زانیارییان لەسەر ناوەڕۆکی دانیشتنەکە بڵاونەکردۆتەوە.

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی دیار جەمال