هەتا ئێستا وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە نێوان دوو ئەگەردا ماوەتەوە، ئەویش ئەگەری ئەنجامدانی لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا لە 10ی مانگی شەشی 2024، یاخود دوادەخرێت وەک هەندێک لە بەرپرسانی پارتی دیموکراتی کوردستان داوای دەکەن. لە ئێستادا دەنگۆیەک بڵاوبووەتەوە کە دەڵێت نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان پاش گەڕانەوەی لە ئێران بە مەرسومێک هەڵبژاردنەکە دوادەخات.
دەپرسین:
ئایا لە ڕووی یاساییەوە سەرۆکی هەرێم دەتوانێت وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم دوابخات؟ یان کێ ئەو مافەی هەیە؟
بۆچی پارتی دیموکراتی کوردستان دواخستنی هەڵبژاردن بە ڕێگە چارەیەک بۆ چارەسەرکردنی نیگەرانییەکانی دەبنێت؟
لێکەوتە یاساییەکانی دواخستنی هەڵبژاردن لەسەر هەرێم چی دەبن؟
ئەی لێکەوتە سیاسییەکانی دواخستنی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێم چۆن دەبن؟
چی دەتوانرێت لەڕووی یاسایی و سیاسییەوە بکرێت کە دواخستنی هەڵبژاردن هیچ زیان و لێکەوتەیەکی بۆ هەرێم نەبێ؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە دەکەین بە میوانداری:
دکتۆر سۆران بەرزنجی، ڕاوێژکار و پسپۆڕی یاسایی.
چۆمان محەمەد، پارێزەر.
عەزیز ڕەئوف، مامۆستای زانکۆ و شیکەرەوەی سیاسی.
Your browser doesn’t support HTML5
دکتۆر سۆران بەرزنجی
ئەوەی پرسیار دەکرێت سەرۆکی هەرێم دەتوانێت وادەی هەڵبژاردن بگۆڕێت؟ دەبێت بوترێت وادەکەی بگۆرێت هەروەک سێ جاری پێشتر گۆڕانکاری لەوادەی هەڵبژاردنی پەرلەمان کردووە، ئەمەش هیچ لەو بڕگە یاساییەی ماددە دووی یاسای ژمارە یەکی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم (ساڵی ٢٠٠٥) ناگۆڕێت کە ئەم دەسەڵاتە بە ڕەهایی لە دەستی سەرۆکی هەرێمە، ئەوە تەنها گۆڕینی ڕۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنە، هەمان ئەو فاکتەر و دۆخە مەترسییەی پێشوو هەبوو بۆ ئەنجام نەدانی هەڵبژاردن و گۆڕینی وادەی هەڵبژاردن لە سێ جاری ڕابردوو ئەمجارەش هەر بەردەوامە ئەو مەترسیە لە لێکەوتەکانی ئەنجامدانی هەڵبژاردن، من دەڵێم کە لە پێشتردا چوار مەرسوم بۆ گۆڕینی ڕۆژی هەڵبژاردن دەرکراوە و هیچ ڕێگری یاسایی نەبووە، ئێستاش هیچ دەقێکی یاسایی نیە ڕێگری بکات لە دەرچواندنی مەرسومی پێنجەم بۆ گۆڕینی ڕۆژی هەڵبژارنی پەرلەمانی هەرێم لەلایەن سەرۆکی هەرێمەوە.
هەڵبژاردنەک ئەگەر لە بەرژەوەندی بەرەوپێشچوونی هەرێم و حوکمڕانی و پڕۆسەی دیموکراسیبەت بێت ئەوا ئێمەش لەگەڵیداین، بەڵام لە واقعێکدا کە حزبی حوکمڕانی یەکەم بەهۆی ئەو دۆخەی بۆ هەڵبژاردن و چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ پرسی هەڵبژاردن کراوە، بەهۆی ئەو گرێیانەی کە لەدەستی خۆماندا بوون ئێستا نەک خستومانەتە دەمی خۆمان بەڵکو دەمی خەڵکی تر لێکەوتەکانی ئێجگار مەترسیدارترن لەوەی کە ئێمە هەڵبژاردن بکەین، دۆزینەوەی زەمینەیەکی لەبارتر بۆ هەڵبژاردن من پێم وایە خزمەت بە ئامانجە باڵاکانی کوردستان دەکات.
هەرێمی کوردستان ئێستا لە دۆخێکدایە کە بە درێژایی ٣٢ساڵی ڕابردوو نەکەوتووەتە ئەو دۆخە کە بە یاسایی و کرداری پەرلەمان لەکارخرابێت، لە گەرمەی شەڕی ناوخۆش نەبووە، ماوە ماوە خولی پەرلەمان درێژ دەکرایەوە بۆ ئەوەی ئەگەر لەڕووی شکلیشەوە بێت پەرلەمان هەرهەبێت، بەڵام ئێستا لە دۆخێکی ناهەموارداین، بۆیە گۆڕینی ڕۆژی هەڵبژاردن لێکەوتەکانی هەرچیەک بێت لە دوای ٦\١١وە هەمان لێکەوتەی یاسایی کە ئێستا تێیداین بۆ دوای ١٠\٦یش هەر دروستە، ئەم لێکەوتە یاساییەی ئێستا هەمانە شتە و ناگۆڕێت و شتی زیادە ڕوونادات لە ڕووی یاساییەوە، لەبەرئەوەی حکومەت ڕاستە وەسفە یاساییەکەی کاربەڕێکەرە بەڵام تا هەڵبژاردن نەکرێ و حکومەتی نوێ دەستبەکارنەبێت ئەم حکومەتە بەردەوام دەبێت.
هەر گۆڕانکارییەکەش لە ڕۆژی ئەنجامدانی هەلبژاردن بکرێت ئەوکات لایەنی کۆمسیۆن لایەنی شوێنکەوتەیە دەبێت بوەستێت لە ئامادەکارییەکان چونکە خۆی لایەنێکی تەکنیکییە هیچ دەسەڵاتێکی نیە لە ڕووی یاساییەوە، واتە کۆمسیۆن ئامێرێک نیە ب ەمەرسومێک کە کەوتە کارکردن ئیتر لەدەست دەرچێت و نەوەستێت، بەپێچوانەشەوە ڕاستە.
چۆمان محەمەد
ڕاستە بەپێی یاسای سەرۆکایەتی هەرێم دیاریکردنی ڕۆژی هەلبژاردن لە دەسەڵاتی سەرۆکی هەرێمە، بەڵام ئەوەی کە جێگەی عەیبەیە بۆ دیموکراتی و هەڵبژاردن ئەوەیە کە چوار جار مەرسوم دەرکراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان هەموو جار دەگۆڕدرێتەوە ئەمجارەش ئەگەر مەرسوم بکرێت دەبێتە پێنجەم جار، لە ڕووە واقیعیەکەیەوە دەزانم، بەڵام بۆ سێ مەرسومی ڕابردووتر هۆکاری تەکنیکی یاسایی هەبوو کە هەرێمی کوردستان ماوەی کۆمسیۆنی بەسەرچوبوو نەدەکرا، بۆیە دواخرا، خۆی بەڕاستی دۆخەکە وایە هەڵبژاردن لەدەستی دوو حزبە کەی ویستییان دەیکەن کەی نەشیانویست نایکەن، لە ٣٠ساڵی ڕابردوو چوار جار خولی پەرلەمان درێژکراوەتەوە، لەڕووی یاساییە سنور دانەنراوە کە چەند جار سەرۆکی هەرێم دەتوانێت گۆڕانکاری بکات لە وادەکە، لە عێراقیش ئەوە ڕویداوە، بەڵام ئەمە دەبێت پاساوی یاسایی هەبێت، ئایا ئێستا چ پاساوێکی یاسایی هەیە! لەواقعدا جۆرێک لە خەیاڵ پڵاوی تێدایە بەم فۆرمە و بێ پارتی هەڵبژاردن بکرێت هەر فەوزا بە دوای خۆیدا دەهێنێت، بەڵام ئەنجامنەدانی هەڵبژاردنیش پێمان وابێ ئیتر هەر ئەوەندە دواخرا هیچ ڕوونادات نەخێر گرفت و دەرگای مەترسی بەسەر هەرێمدا دەکرێتەوە، ئایا حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ چەند دەتوانێت حکومەتی کاربەڕێکەر بێت؟! ئایا دەسەڵاتەکانی چەند دەمێنێتەوە؟ پێشبینی کراوە بڕیاری کۆتوبەندی دەسەڵاتەکانی هەرێم بکرێ، خۆی پەرلەمانمان نیە و ناکۆکی حزبەکان و کۆت و بەندکردنی دەسەڵاتەکانیش کە هەر لەئێستاوە هەندێک حزب خۆیان ئامادەکردووە بۆ سکاڵا تۆمارکردن، ئەی پشتیوانی نێودەوڵەتی چی لێدێت؟ ئایا ئەوان هەربەردەوام دەبن لە پشتیوانیمان؟ لە هەمووی گرنگتر ئەم هەموو دواخستنەی هەڵبژاردن بەڕاستی ئیتر خەڵک زیاتر بێ ئومێد دەکات لەهەڵبژاردن.
با مەرسومەکە دەربچێت ئەگەر کاتی هەڵبژاردن گۆڕا، بەدڵنیایی گۆڕانیش قسەی خۆی دەبێت ئایا ڕێگای یاسایی دەگرێتەبەر، یا ڕێگای مەدەنی یا بەهەر شێواز و فۆرمێک مامەڵە دەکات؟ ئایا لە حکومەتێک دەمێنێتەوە کە ماوەکەی لە چوار ساڵ زیاتر بووە؟ یاخود لەگەڵ حزبەکانی تر هاوهەڵوێست دەبێ با پێش ڕووداوەکان نەکەوم چونکە هێشتا ئێمە لە گفتوگۆداین و وە مەرسومیش دەرنەچووە.
عەزیز ڕەئوف
سەردەمانێک پارتی دەیوت با هەڵبژاردن بکرێت، یەکێتی دەیوت با نەکرێت، ئەوەش پەیوەندی بە دۆخە هەرێمیەکەوە هەیە، ئێستاش پارتی کە دەڵێت باهەڵبژاردن نەکرێت ئێستا دەزانێت فلاش و تەوقیتەکە لە کوێوەیە، پارتی دیموکراتی کوردستانیش لە هەموومان باشتر دەزانێ چ ساختەکارییەک کراوە لەم وڵاتەدا، لە هەڵبژاردنی ساڵی ١٩٩٢ لە دهۆک لە ١٢٤% دەنگدرابوو.
خۆزگە سەرۆکی هەرێم دەسەڵاتی هەبووایە دوو بەرپرسی حزبی دادۆشێت بزانە ئەوکات حکومەتەکە چۆن دەوڵەمەند دەبوو، مەکتەب سیاسی هەیە ١٠٠ملیۆن دۆلاری لایە، لای بەرپرسێکی حزبی ئەوەندە هەیە دەبێت لای ئەوانی تر چەند هەبێ!
ئۆکەی ئەردۆغان و ئایەتوڵاکانی لەسەر نەبێت هیچ شتێک لەم وڵاتەی ئێمە ڕوونادات،هەڵبژاردن دوابخرێت یا نا لەهەرێم چی ڕوودەدات،ئەوەتا چەندەیە پەرلەمان نەماوە جی لەژیانی کەس گۆڕاوە؟!
ئەگەر هەڵبژاردن نەکرێت لە ١٠\٦ ئەوا هەموو دەرگایەک بەڕووی عێراق و هێزە هەرێمیەکان دژی هەرێم واڵا دەکرێت،ئەی چی بەئەمەریکا و وڵاتانی تر دەوترێت کە هێز و میللەتێک ئەنفالکراوە کیمیاباران کراوە، لەنێوان دوو کەوانەدا بۆ پڕۆسەیەکی وەک هەڵبژاردن وا مامەڵە دەکات! عێراق بەو هەموو دۆخەی خۆی، ململانێی شیعە و سوننە و نەتەوەکان یەکجاریش هەڵبژاردن دوانەکەوتووە، تەنانەت هەڵبژاردنی پێشوەختەش ئەنجامدراوە.
بەڵێ دواخستنی هەڵبژاردن مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێم هەیە، قەوارەی هەرێم لە بەغداوە هەڵدەوەشێتەوە ئەوان توانیان پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە، ئەی بۆ ناتوانن سەرۆکایەتی هەرێمیش هەر بە یاسا دروست دەبێت و هەرێمی کوردستان بکەنە سیستمی پارێزگا، ئادەی بزانم چی دەکەن قابیلە ئەو ٤٠٠ هەزار پێشمەرگەی لە لیستی موچەدایە پێشمەرگەکان بەرگری بکەن؟!.