جارێکی دیکە بازاڕێکی تری هەرێمی کوردستان سووتا و هەتا ساتی ئەم بەرنامەیە ئەنجامی لێکۆڵینەوەیەکی سەرەتایش دەرنەچووە باس لە هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکە بکات. بازاڕی قەیسەری هەولێر، جگە لەوەی بازاڕێکە، شوێنێکی مێژوویی شارەکەشە کە زیاتر لە 200 ساڵە هەیە. هەرچەندە بەردەوام باس لەوە دەکرێت ڕێوشوێنی پێویست گیراونەتەبەر، بەڵام هەتا ئێستا نەگەیشتوونەتە ئەو ئاستەی هەر هیچ نەبێت کەوتنەوەی ئەم جۆرە ئاگرکەوتنانە کەمبکرێنەوە.
دەپرسین:
هەتا چەند ئەو قسانە ڕاستن کە دەڵێن سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی بازاڕەکە کاری نەکردووە؟
ئایا ساڵانە سیستەمی ئاگرکوژێنەوەی شوێنە گشتییەکان پشکنینیان بۆ دەکرێت و تاقی دەکرێنەوە؟
لە زۆرێک لە وڵاتان یاسایە کە دەبێت لە شوێنە گشتییەکان سیستەمی ئۆتۆماتیکی ئاو ڕشێنەر (Water Sprinkler) دابنرێت، ئایە لە هەرێمی کوردستان یاسا یان بڕیارێکی لەو جۆرە هەیە؟
بۆچی زۆر جار دەوترێت هۆکاری کەوتنەوەی ئاگرەکان شۆرتی کارەبایە؟ ئەگەر وایە، کاتی ئەوە نییە ڕێنماییەک دەربچێت کە ساڵانە سیستەمی کارەبای شوێنە گشتییەکان پشکنینیان بۆ بکرێت؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری ئەم بەڕێزانە:
١-نەبەز عەبدولحەمید، قائیمقامی هەولێر
٢-ئەندازیار کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان
٣-موقەدەم کاروان میراودەلی، ڕاوێژکار و شارەزای دادی بەرگری شارستانی هەولێر
٤-عەقیدی پۆلیس، خەڵوەت ئەحمەد، شارەزا لە بواری ئاگر کوژێنەوە
٥-مامۆستا یوسف کەمال، توێژەری کۆمەڵایەتی
٦-فەرمان ڕەشاد، چالاکوانی مەدەنی
Your browser doesn’t support HTML5
نەبەز عەبدولحەمید
لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکهێنراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە هۆکارەکانی کەوتنەوەی ئاگرەکەی بازاڕی قەیسەری هەولێر دوو ڕۆژی ڕابردووش کە (ڕێزدار سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران) جەختیلێکردەوە بەردەوام بونی کارەکانی لیژنەی لێکۆڵینەوە بوو بەشێوەیەکی ورد کە هۆکارەکای ئاشکرا بکرێت، تائێستاش کارەکانی ئەو لیژنەیە بەردەوامە، ڕووداوەکانی ئاگرکەوتنەوە یا شۆرتی کارەبایە یا کەمتەرخەمی چەند کەسێک بووە کە لەوێدا کاریان کردووە، بۆیە ئەگەر ئەمجارە گومانێکیشمان هەبێ تا تەواوبوونی لێکۆڵینەوەکان هیچ قسەیەک لەسەر هۆکارەکان ناکەین هەم بۆ سەلامەتی ڕێڕەوی لێکۆڵینەوەکان هەم بۆ ئەوەی خەڵک زانیاری نادروستی پێنەگات، بەڵام ئەوەی گرنگە لە بەرزترین ئاستی حکومەت چاودێری لێکۆڵینەوەکان دەکرێن.
لە هەردوو ڕووداوی ئاگرەکەی لەنگە ئەوەی گومانی لەسەر بوبێ یا کەمتەرخەم بوبێ دەستگیرکراون، بەڵام خۆ مەرج نیە ئەوەی گومانی لەسەر بێت یا کەمتەرخەم بوبێ بە ویست و بەرنامە بوبێ، بەڵێ خەڵک لەسەر ئاگری دووەمجاری لەنگە دەستگیرکراون و تائێستاش لەژێر لێکۆڵینەوەدان (٦-٧)کەسن، بەڵام جارێ هی بازاڕی قەیسەری لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن و ناکرێ باسی وردەکاری ناو لێکۆڵنەوەکان بکرێ
کە باسی شۆرتی کارەبا دەکرێ وەک هۆکاری ئاگر کەوتنەوە، مەرج نیە وەزارەتی کارەبا خەتابار بێ، بەڵکو زۆرجار خودی بەکارهێنەرەکەیە کە کارەبا بە هەڵە بەکاردەهێنێت و دەبێتە هۆی ئاگر کەوتنەوە.
لەمەودوا ئەمنیەتی بازاڕە میللییەکانی هەولێر لە کۆمپانیاکانی ئەمنی وەردەگیرێتەوە و دەدرێتەوە دەست پۆلیسی هەولێر، بازاڕ ڕێکدەخرێتەوە، ڕەنگە کە باسی کەمتەرخەمی دەکەین بەشێکیش بەر هەندێک لەو کۆمپانیایانە بکەون.
ئەندازیار کامیل قەزاز
بابەتی شۆرتی کارەبا هەمووجار هۆکار نیە بۆ کەوتنەوەی ئاگر، بەڵام هەندێکجار هۆکارە ئەویش ڕەنگە پەیوەندی بەچەند هۆکارێکەوە هەبێت، وەزارەتی کارەبا هەتا گەیاندنی کارەبا بەماڵ و شوێنەکان واتە دانانی ەوەرەکە بەرپرسە، لەناو ماڵەکاندا ئامێرەکان کەبەکاردەهێنرێن، یا ئەو وایەر و گەیەنەرانەی بەکاردەهێنرێن کواڵتیە یان نا پەیوەندی نیە بەوەزارەتی کارەباوە، ئێمە بەگشتی شوێنە گشتیەکان کارەبایان پێدەگەیەنین، بەڵام وەک پشکنینی ساڵانە نیمانە و تیممان هەیە دەچنە سەر شوێنەکان،پەش پشکنینی ساڵانەی کارەبا بەڕاستی ئەوەیڤ گرنگە بکرێت پشکنینی کواڵێتی ئامێر و پێداویستییەکانی وەک وایەری کارەبایە، کەئێستا بەداخەوە هەندێک شت لەسەریان دەنوسرێت کەڕاست نین،ئێمە وەکو وەزارەتی کارەبا چەندین جار نوسراوی فەرمیمان کردووە بۆ لایەنە پەیوەندیدارەکان لە نێویاندا وەزارەتی بازرگانی لەسەر بابەتی کوالێتی ئەو مەوادانەی کەدێنە ناو هەرێمەوە بۆ بابەتی کارەبا بەکاردێت، ئێمە دڵنیانین کواڵێتی ناو وایەرەکان چین، تەنانەت متمانەی پێناکەین ئەو مەوادە کارەباییانەی لە چینەوە دەهێنرێن.
موقەدەم کاروان میراودەلی
ئەگەر بەشێوەیەکی زانستی باسی بکەین کە ١٨هۆکاری سەرەکییە دوانزە هۆکاریان بەردەوام دەبنەوە، شۆرتی کارەبا یەکێکە لە هۆکارەکان، بەڵام کە دەڵێیین شۆرتی کارەبا مەبەست ئەوەنیە هۆکارەکە وەزارەتی کارەبا بێ، بەڵکو هەروەک بەڕێز بریکاری وەزارەتی کارەبا ئاماژەی پێکرد ڕەنگە هۆکارەکە کوالێتی مەوادەکان بێت.
خەڵکیش کە گومانی هەیە و قسە لەسەر بابەتی ئاگرەکەوتنەوەکان دەکات لایان وایە کەئێمە ناگەینە ئەنجام، هەم سەرچاوەی دروستبوونی ئاگرەکە وە هەم هۆکارەکە، نەخێر ئێمە بەهەموو هۆکار و سەرچاوەکان دەگەین، بەڵام هەندێکجار ئێمە لەناو ڕاپۆرت تیانوسی دەکەین، زۆر بەدەگمەن هۆکاری نادیار دەمێننەوە لە ئاگر کەوتنەوەکان، بەڵام پەلە ناکەین لە ڕاگەیاندنی ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان، چونکە ئەوە پەیوەندی بە خەڵکەوە هەیە، هەر هەڵەیەکی بچوک بەهۆی پەلەییەوە تێیدا بکرێ بۆخۆی تاوانە بەرامبەر خەڵک.
بۆ نمونە شەوی ئاگر کەوتنەوەکەی لەنگە جاری یەکەم خەڵکانێک زۆر قسەیان کرد هەم لە شوێنی ڕووداوەکە هەم لە سۆشیاڵ میدیا، لەسەر هۆکارەکانی ئاگر کەوتنەوە، ئێمە هیچ قسەیەکمان نەکرد و پەلەمان نەکرد، دواتر دەرکەوت هەم بە بەڵگەی ڤیدۆیی کە هۆکارەکە کارکردنی چەند کرێکارێک بووە لەوێ بەبێ مەبەست ئاگرەکە کەتۆتەوە شتێکی تاوانی نەبوو، بەڵام لەوەی دووەم دەرکەوت تاوانی بوو خەڵکیش دەستگیرکراوە، لەوەی یەکەم ئاگر کەوتنەوەی لەنگە خەڵکیش بانگکرا بۆ پرسیار بەڵام لەبەرئەوەی تاوانکاری نەبوو تەنها بۆ پرسیار کردن بوون.
سیستمی ئۆتۆماتیکی ئاوڕشێن لە مۆڵ و بازاڕە نوێییەکاندا هەیە تەنانەت کراوەتە مەرج بۆیان دانانیان، بەڵام لە بازارە میللییەکانی وەک قەیسەری سیستمی ئۆتۆماتیکی بوونی نەبووە، تەنانەت پێش مانگ و نیوێک ئێمە لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر لەگەڵ چەند ئەفسەرێکی بەرگری شارستانی باسمان لەوەکردووە ئەگەر هەرچی زووە کارێک نەکرێ ئەو سیستمە ئۆتۆماتیکیە دابنرێت کە زۆر ئاسانە لە قەڵاوە بکرێ بە تێچووەیەکی کەمیش، ئەگەر ئەوە نەکرێ ئەوا ڕەنگە دووبارە ئاگر بگرێتەوە، هەر بۆ نمونە دوێنێ بەیانی دووبارە پارچە ئاگر و ئاگری بچوک دروستبوو کە هاوکارانی ئێمە زوو توانیان کۆنترۆڵی بکەن هەرچەندە ئەو ئاگرە گەورانە لە ئاگری بچوکەوە دروست دەبن .
عەقیدی پۆلیس، خەڵوەت ئەحمەد
سەبارەت بەوەی دەوترێت بۆچی ئەم ئاگرانە لە هەولێر زیاتر دەکرێتەوە، بەڕاستی ئەم ئاگرانە زیاتر لە بینا کۆنەکان دەکەوێتەوە و ئەو شوێنە مێژووی و کۆنانەش زیاتر لە هەولێر هەن، ئەمەش واتای ئەو بینا و جێگایانە ماندوون، بۆیە دەبێت لەسەر دەستی ئەندازیاری شارەزا ئەو بینایانە نۆژەنبکرێنەوە.
ئێمە بە حوکمی کارەکەمان هەر ڕوداوێک دەکەینە سێ قۆناغ، قۆناغی پێش ڕووداوەکە، کە لێدەکۆڵینەوە زۆربەی حاڵەتەکانی ئاگر کەوتنەوە بەهۆی کارەباشەوەیە، بۆ نمونە خاوەن دوکاندارە بەڕێزەکە دەڵێ من کارەباکەم کوژاندۆتەوە لە جۆزەکەوە و هیچم جێنەهێشتووە کەچی هەر کارەباکە شۆرتی کردوە و بۆتە هۆی ئەو ئاگرە، دیارە قسەی ئەو خاوەن دوکانە هەمووی ڕاستە، بەڵام پرسیار ئەوەیە کاتێک کارەبا لەجۆزەوە کوژاوەتەوە ئەی بۆ شۆرتی کارەبا دروست دەبێ، چونکە یەکێک لە هۆکارە سەرەکییەکانی ئاگرکەوتنەوەی ناو شوێن و بازاڕە کۆنەکان جرج و مشکن، واتە جرج و مشکی ناو ئەو بازاڕە کۆنانە، چونکە مشک و جرج یەکێک لەو شتانەی تامەزرۆیانە تامی وایەری کارەبایە، وایەری کارەبایی توێکڵەکەی دەرەوەی حەزی لێدەکات بیخوات یا بیکرمێنێ، یاخود بۆ کولانەی خۆی بەکاریدەهێنێ، جا ئەو بینا کۆنانە ئەگەر سەقف و چپسن بۆردەکەیان لادەی ئەگەر مشک و جرجییان تێدا بوبێ دەبینی وایەرەکانی توێکڵی دەرەوەی نەماون ئەوانەش بەریەک دەکەون و دەبنە هۆی ئاگر کەوتنەوە،بۆیە پێویستە پشکنینی بەردەوامی دەوری بکرێت، خەڵک و دوکاندارە بەڕێزەکان تێبگەن کاری لیژنەکان و پشکێنەران بۆ بەرژەوەندی ئەوانە.
ئەو هەندە خەڵکەی گومانی هەیە دەڵێن بازاڕەکانی هەولێر بە ئەنقەست دەسوتێنرێن بۆ ئەوەی حکومەت بینای نوێ بکاتەوە، ئەوە خەیاڵ پڵاوییە، یا چاوی بەجوانیەکانی هەولێر هەڵنایەت، یانی حکومەت ئەوەندە بێ دەسەڵاتە بیەوێت شوێنێک بکات بە بینا نەتوانێ بێ سوتان بیکات! بەڕاستی ئەوانە نەخۆشن حەق نیە باس بکرێن! بۆیە لێکۆڵینەوە وردەکان گرنگن چونکە ئەو خەڵکە نەخۆشە ئاوا بە درۆ دەخرێنەوە، دووەم باکردنی هۆکارەکان گرنگن کە ئەمەی هۆکاری (مشک و جرجەکە) پێموایە کەس باسی نەکردووە. یەکێکە لە هۆکارە سەرەکییەکان حەقە کاری لەسەر بکرێت.
مامۆستا یوسف کەمال
بازاڕەکە بەشێوەی دیواری بچوک بچوک دروستکراوە، لە قاتی سەرەوەی کۆگایەکی بچوک بووە ئێستاش شوێنەواری ئەو کۆگایە ماوە، ئەوکات حسابی تەنها گەرمی ساردی دەکرا لە دروستکردنی شوێنەکان نەک ئاگر کەوتنەوە چونکە هۆکارەکانی ئاگر کەوتنەوە نەبوو، ژیان سادەبوو، لە کۆنیشدا یەکەم بەرگری شارستانی کە دامەزرا لەناو بازاڕی هەولێر بوو، تائێستاش هەرماوە، سەبارەت بەو خەڵکەی ئێستا دزی دەکەن لەکاتی ئاگر کەوتنەوە، لەکۆندا وانەبوو، من نمونەیەک دەهێنمەوە لە ساڵی ١٩٧٤ ئەوکات تەمەنم نۆ ساڵ بوو، لای کارگەی مافور کە ئێستاش ماوە خەڵک بەپێ دەهات دەڕۆیشت بۆ پەیوەندی دەکرد بەشۆڕشەوە بەڵام یەک کەس دەستی نەبرد بۆ ئۆتۆمبێلەکانی کارگەی مافور یا هیچ شتێک بیبات، بەڵام ئێستا هەولێر فراوان بوو خەڵکی دەرەوەی شار و لابەلای تێکەوتوە کە کورد نیە، ئەوانەن وادەکەن، جگە لەوە لەو ڕووداوانەدا ڕاگەیاندن مامەڵەی پڕۆفیشنالانە ناکەن، بۆ نمونە لەکاتی ئاگرەکەی قەیسەری هەولێر ڕۆژنامەنوسێک کامێرای خستبووە سەر کەسێک دەیوت ئەم کەسە ئەوە زێڕی دوکانەکەی ڕزگار کرد و دەیباتەوە ماڵەوە، کامێراشی لانەدەبرد، بەداخەوە ئەمەش کاریگەری خراپی هەیە.
فەرمان ڕەشاد
من لەگەڵ ئەو قسەیە نیم کە کاک عەقید غەڵوەت دەڵێت، ئەوەی گومان لە کەوتنەوەی ئەو ئاگرانە بکات نەخۆشە، چونکە حکومەتی هەرێم خۆی گومانی دروستکردووە بۆ خەڵک، ئەوە لەماوەی ئەمساڵدا پێنجەم جارە ئاگر بکەوێتەوە یەک ئەنجامی لێکۆڵینەوە بڵاونەکراوەتەوە هەرچەندە دەڵێن، لیژنەی بۆ پێکدەهێنین، باشە بۆ ئەنجامەکان بڵاوناکەنەوە؟!خۆ ئەگەر خەڵک خۆی هۆکارە با ڕێنمایی خەڵکیش بکەن کە دووبارەی نەکەنەوە، دوانزە کەس لە سۆران لە ڕووداوی ئاگرکەوتنەوەکەدا گیانیان لەدەستدا کە لەبینایەک بە نایاسایی کرابووە نیشتەجێبوون، با عەقید خەڵوەت پێم بڵێ ئەنجامی ئەو لێکۆڵینەوەکانە، بەداخەوە لیژنە لێکۆڵینەوەکان زیاتر بۆ پەردەپۆشکردنە نەک دەرخستنی ڕاستیەکان، نەک خەڵک دەستگیرکردن و ڕوونکردنەوە.
خاڵێکی تر، زیاتر لە ٧٠ کۆمپانیای ئەمنی پێکهاتووە کە هی بەرپرسان و کوڕەکانیانە، مانگانە پارە لە خەڵکی ناوبازاڕ وەردەگرن، بەبێ ئەوەی بیپارێزن، خەڵکێکیان داناوە وەک پاسەوان گەنجێکە کە هیچ شارەزایی نیە، بێگومان ئەو حاڵەتانە ڕوودەدات، خاڵێکی تر کوالێتی کەلوپەلەکان، بەتایبەت کەلوپەلی بازاڕ.