وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا هۆشداریی دەدات سەبارەت بە چالاکییە داراییەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانەی ئێران پاڵپشتیان دەکات

بەشی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لە ڕاسپاردەیەکدا هۆشداری دەدات سەبارەت بە زیادبوونی هەوڵەکانی ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانیان لێدەکات بۆ خراپ بەکارهێنانی سیستەمی دارایی نێودەوڵەتی.

لە ڕاسپاردەکەی بەشی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکانی وەزارەتی خەزێنە کە ڕۆژی هەینی، 10ی مانگی پێنج بڵاو کرایەوە، وێڕای ڕوونکردنەوەی شێوازە جۆراوجۆرەکانی ئەو ڕێکخراوانە و حکومەتی ئێران بۆ دەربازبوون لە سزاکان و دابینکردنی دارایی چالاکییەکانیان،هەندێ ڕێنمایش بۆ یارمەتیدانی دامەزراوە داراییەکان لە دەستنیشانکردن و ڕاپۆرتکردنی چالاکییە گوماناوییەکاندا خراوەتەڕوو.

لە ڕاسپاردەکەدا هەروەها هاتووە کە مامەڵەکردن لەگەڵ کەسان و دامەزراوەکانی ژێر سزاکانی ئەمەریکا، مامەڵە لەگەڵ دامەزراوە داراییەکان لە ناوچە مەترسیدارەکان، بەکارهێنانی زاراوەی پەیوەندیدار بە تیرۆر لە مامەڵەکردندا، پەیوەندی لەگەڵ کۆمپانیا ساختە و ناڕوونەکان، چالاکییە گوماناوییەکانی ڕێکخراوە خێرخوازیەکان و ڕێکخراوە ناحکومییەکان، مامەڵە گوماناوییەکانی دراوی دیجیتاڵ، گواستنەوەی پارە بۆ ناوچە مەترسیدارەکان بە ئامانجی ناڕوون و وەرگرتنی بڕە پارەیەکی زۆر لە پلاتفۆرمەکانی کۆکردنەوەی پارە هەموو ئەمانەی وەک نیشانەکانی ئەگەری چالاکیی ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان ناوبردووە و داوای کردووە دامەزراوە داراییەکان لە هەر جۆرە چالاکییەکی گوماناوی پەیوەندیداردا وریا بن و خۆیان بپارێزن.

ئەندریا گاکی، بەڕێوبەری بەشی بەرەنگاربوونەوەی تاوانە داراییەکانی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا لەم چوارچێوەیەدا گوتی "ئەو ڕێکخراوە تیرۆریستیانەی کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانیان لێدەکات، نابێ دەستیان بە سیستەمی دارایی ئەمەریکا و جیهان بگات. ئەم ڕاسپاردەیە بڵاوکراوەتەوە بۆ دامەزراوە داراییەکان بۆ پاراستنی سیستەمەکانیان و هەروەها زیادکردنی هۆشیاریان بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانکردنی چالاکییەکانی پەیوەست بە تیرۆر."

هەروەها برایان نێڵسن، جێگری وەزیری خەزێنە بۆ تیرۆر و هەواڵگری دارایی ئاماژەی بە هەوڵە بەردەوامەکانی حکوومەتی ئێران بۆ دابینکردنی دارایی چالاکییە ناسەقامگیرییەکانی کرد و جەختی لە پابەندبوونی ئەمەریکا بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو کردەوانە کردەوە.

دامەزراوەکەی وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا پێی وایە کە ڕووداوەکانی ئەم دواییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەوانە کردەوەی گرووپە ئیسلامییەکانی حەماس و حوسییەکان، جارێکی دیکە جەخت لەسەر ڕۆڵی حکوومەتی ئێران دەکەنەوە لە پاڵپشتی کردنی تیرۆریزم لە ڕووی داراییەوە.

بەشێک لەو ڕێکخراو و گرووپانەی کە کۆماری ئیسلامی ئێران پشتیوانیان دەکات و لە لوبنان، فەلەستین، یەمەن، عێراق و سوریا چالاکی دەکەن، لە لیستی سزاکانی ئەمەریکادان.